بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی زانکۆی سۆران توانراوە چەندین زانیاری نوێ لەسەر ژیانی شاعیری گەورەی کورد نالی لە تورکیا ئاشکرابکرێت.
لە درێژەی کار و چالاکییەکانی دەستنووسخانەی زانکۆی سۆران و لە میانی کارکردن لە ئەرشیڤخانە و بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، سەنتەری ناوبراو چەند زانیارییەکی تازە سەبارەت بە ژیانی (نالی)ی شاعیر ساغدەکاتەوە، ئەویش لە میانی گەڕان و ئیشکردن لەناو بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، کە چەند مانگێکە دەستی بەم کارە کردووە.
شایانی باسە زانیارییەکان لەلایەن (د.هێمن عومەر) بەڕێوەبەری دەستنووسخانەی زانکۆ لە چوارچێوەی توێژینەوەیەکی زانستی ساغکراونەتەوە و لە یەکێک لە گۆڤارە ئەکادیمییەکانی وڵاتی تورکیا، ڕەزامەندی بڵاوبوونەوەی وەرگرتووە.
پوختەی زانیارییەکانی ناو توێژینەوەکەش بریتین لە:
-دۆزینەوەی ناوی کتێبێکی دیکەی نالی
-وەزیفەداری و مووچەخۆربوونی نالی و بڕی مووچەکەی
-هاوسەری نالی
-رۆژ و مانگ و ساڵی مردنی نالی
-شوێنی مردنی نالی
- دەستخەتی دیوانی نالی (شیعرە کوردییەکان).
هەموو ئەم زانیاریانەی سەرەوە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو نادیاربوون و بۆلەمەودوا ڕۆژ و مانگ و ساڵی مردنی نالی دیاردەبێت و بەشێکی زۆری ئەو تەم و مژەی لەبارەی ژیانی ئەم شاعیرە هەبوو، دەڕەوێتەوە.
شایانی باسە دەستنووسخانەی زانکۆی سۆران لە 05-05-2015 دامەزراوە و تا ئێستا وێڕای ساغکردنەوە و چاپکردنی کتێبی گاڵەو ڕێزمانی کوردی و سازکردنی دیداری زانستی مەلاعەلی مامەجەلکەیی وکۆکردنەوەی دەیان دەستنووس، نزیکەی 20 هەزار بەڵگەنامەی عوسمانی سەبارەت بە کورد و کوردستان کۆکردۆتەوە و لەو کارە بەردەوامە.
شایەنی باسە کە نالی یەکێکە لە شاعیرە داهێنەرەکانی کورد لە سەدەی نۆزدەیەم و بە یەکێک لە ڕابەرە هەرە گەورە و کاریگەرەکانی شیعری کلاسیکی کوردی دادەنرێت.