دینداری زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتەنێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی چاکسازییەکانی حکومەتدا، 1566 ئەفسەرو پێشمەرگە دوورخراونەتەوەو بەدەیان هەزار دووموچەیی چارەسەرکراون.
ئەو وتانەی دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتەنێودەوڵەتییەکان لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هات کەئەمڕۆ دووشەممە لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو تایبەت بوو بەوەڵامدانەوە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا.
رۆژی 04-03-2017 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهان بڵاوکردەوە، کە بەشێکی تەرخانکراوە بە عێراق و تیایدا لە بارەی چەند پرسێکەوە ڕەخنە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراوە لەوانە پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەری، پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ڕەوشی چاکسازییەکان و ئەشکەنجەدان، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ڕەوشی کەمە نەتەوایەتی و ئایینییەکان لە هەرێم و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە ڕەوشی مافی مرۆڤ.
دینداری زێباری وتی لەبواری چاکسازیدا وەزارەتی پێشمەرگە هەزار و 566 ئەفسەرو پێشمەرگەی کەمکردووەتەوەو چەندین دۆسیەی گەندەڵی وەزارەتی پێشمەرگەش لەبەردەم دادگادان و بەدەیان هەزار دوو موچەیی چارەسەرکراون.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا باسی پڕۆسەی چاکسازی لەکوردستاندا نەکراوە.
هەروەها وتیشی، نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان نەبوونی خزمەتگوزاریە لەشوێنەکانی خۆیان بەتایبەت لە مەخمورو زومارو ڕەبیعەو لەزۆرێک لەناوچەکانی دیکە.
زێباری ڕونیشکردەوە، تەنها لەساڵی 2016دا 50 ڕێکخراوی بیانی زیاتر لە 600 جار سەردانی کەمپەکانی دهۆکیان کردووە، هەروەها 161 جار سەردانی ناوچەکانی موسڵیان کردووە بەتەنسیق و هاوکاری هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش وەڵامێکە بۆ ئەو ڕەخنەیەی لەهەرێم گیراوە لەبارەی ئەوەی ڕێگری لەرێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکرێت.
دیندار زێباری دەڵێت، هۆکاری سەرەکی وەستانی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بوو لەعێراق.
باسی لەوەشکرد، ئەو پڕۆسەیە پێویستی بەپێداویستی لۆجستی و بودجە هەیە، تا ئێستاش نۆ هەزار پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە مەشقیان پێکراوە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، چەندین بنکەی سەربازیش دروستکراوە بۆ مشەق و ڕاهێنان، لەهەندێک ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکاش پێشمەرگە بەشداری تێداکردووە، ئەوەش دەیسەلمێنێت پێشمەرگە هێزێکی فەرمییە.
08-05-2017