نووسینی : غەفوور مەخمووری
دەروازە
(پرسی سەربەخۆیی کوردستان گەیشتۆتە قۆناخێک دەبێت هەنگاوی پراکتیکی و دووربینانەی بۆ هەڵبگیرێت، پرسەکە لەوە دەرچووە کە دوو بۆچوونی جیاواز لەناو خەڵکی کوردستاندا لەسەر ئەوە هەبێت، ئایا ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆبین یان هەر بە پاشکۆیەتی عێراقی بەزۆر دروستکراو بمێنینەوە؟ نەخێر نەک هەر خۆمان بەڵکو دەتوانین بڵێن تارادەیەک ڕای گشتی جیهانیش لەوە دڵنیابۆتەوە کە جارێکی دیکە کوردستان ناتوانێت وەک بەشێک لە عێراق بمێنێتەوە).
دروستکردنی بۆردێک یان ئەنجوومەنێکی سیاسی
بۆ کارکردن لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی
پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و دەبێت بەو ئاراستەیە کاری بۆ بکرێت کە ببێتە پرۆسەیەکی دەستەجەمعی هەموو حزبە سیاسيیەکان و پێکەوە ئەم بڕیارە سیاسيیە دروست بکەین، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا ئەم پرسە لە کوردستاندا نەیتوانیووە چوارچێوەی چەند حزبێکی بەشدار لەناو حکومەت تێپەرێنێت و هەموو حزبە سیاسیيەکانی کوردستان بگرێتەوە و بەشداری تێدا بکەن، بۆیە پێشنیاری ئێمە لەسەر ئەم پرسە بەو جۆرەیە کە پێویستە کار بکرێت بۆ ئەوەی بۆردێک یان ئەنجوومەنێکی سیاسی دروستبکرێت و ئەم بۆردە یان ئەم ئەنجوومەنە سیاسیە هەموو لایەنە سیاسيیەکانی کوردستان کۆبکاتەوە نەک چەند حزبێک و پەراوێزخستنی ئەوانی دیکە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسیيەکان لەو بڕیارە سیاسییەدا بەشداربن و بە بڕیاری خۆیانی بزانن، ئەوەی تا ئێستا تێبینی دەکرێ پرۆسەکە بەشێوازێکی حزبی کاری بۆ دەکرێ و داواکردنی نوێنەریش بۆ لیژنە یا کۆیوونەوەکان بەپێی میزاجی حزبی بووە، پێویستە ئەم هەڵەیە ڕاستبکرێتەوە.
پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا ئەوکاتە دووچاری ئیفلیجبوون هات کە پرۆسەکە لە نێوان 5 حزبدا بەرتەسک و بچووکرایەوە و حزبەکانی دیکە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان خرانە پەراوێزەوە، لە ئێستادا ئەو ڕاستیە بە تەواوەتی لای سەرۆکی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و تارادەیەکیش یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرابووە کە ئەزموونی بچووکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە نێوان 5 حزبدا شکستی هێناوەو، لەبری ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ماوەی 4 ساڵ بۆ کوردستان فەراهەم بکات کەچی وەک دەبینین جۆرێک لە ناسەقامگیری سیاسی و پەکخستنی پەرلەمان و حکومەتی لێکەوتۆتەوە، بۆیە ئەگەر لە پرۆسەی سیاسی کوردستاندا پارتی و سەرۆک بارزانی لە ژێر گوشاری چوار لایەنەکە (گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو) بە سنوردارکردنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان ڕازی بووبن، ئەوا لەسەر پرسی ڕیفراندۆم دەبێت ئەو هەڵەیە ڕاستبکەنەوەو ئەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییە لەو چوارچێوە حزبیە تەسکە ڕزگار بکەن.
پرسی سەربەخۆیی کوردستان گەیشتۆتە قۆناخێک دەبێت هەنگاوی پراکتیکی و دووربینانەی بۆ هەڵبگیرێت، پرسەکە لەوە دەرچووە کە دوو بۆچوونی جیاواز لەناو خەڵکی کوردستاندا لەسەر ئەوە هەبێت، ئایا ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆبین یان هەر بە پاشکۆیەتی عێراقی بەزۆر دروستکراو بمێنینەوە؟ نەخێر نەک هەر خۆمان بەڵکو دەتوانین بڵێن تارادەیەک ڕای گشتی جیهانیش لەوە دڵنیابۆتەوە کە جارێکی دیکە کوردستان ناتوانێت وەک بەشێک لە عێراق بمێنێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، کورد ماوەی 80 ساڵ حکومڕانی عەرەبی سونەی تاقیکردەوە، سەرەنجامەکەی ئەنفال و کیمیاباران و کاولکردنی کوردستان بوو، هەروەها ئەوە ماوەی نزیکەی 15 ساڵیشە حکومرانی عەرەبی شیعەمان تاقیکردۆتەوە، سەرەنجامی ئەمەشیان بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان بوو و هەروەها پێشیلکردنی ئەو دەستورە بووە کە لەساڵی 2005 بۆ بونیادنانەوەی عێراقێکی نوێ پەسەندکراوە.
کەواتە ئەم باکگراوەندە مێژوییە ئەوەمان پێدەڵێت، چۆن لە بنەرەتدا کوردستان بەشێک نەبووە لە عێراق و بەزۆر بە عێراقەوە لکێنراوە، ئەوا سەرچاوەی هەموو ئەو نەهامەتی و دەردەسەریەی بەسەر کوردستاندا هاتووە ئاکامی ئەو غەدرە بووە کە بەزۆر کوردستان بەعێراقەوە لکێنراوە، ئەم پێکەوە لکاندنە زۆرە ملێ یەش هەموو کات سەرچاوەی هەموو کێشەکانی کوردستان بووە و هەتا ئەم غەدرەش ڕاست نەکرێتەوە ئەوا نە عێراق ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت و نە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.
لەناو ئەو هەموو غەدرو زوڵمەی لە کوردستان کراوە، بەڵام کوردستان توانیوویەتی لە چوارچێوەی حکومەتی کوردستاندا، نموونەیەکی تازە و جوان پیشانی جیهان بدات و هەروەها توانیوویەتی چەندین خاڵی بەهێز دروست بکات کە سەرنجی جیهان ڕابکێشێت و لە بەرامبەریشدا جیهان بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ حکومەتی کوردستاندا دەکات، بۆیە ئێستا کوردستان خاوەنی پەیوەندیيەکی دبلۆماتی زۆر فراوانە لەگەڵ زۆربەی زۆری دەوڵەتانی جیهان و هەمووشیان بەچاوی ڕێز و سۆزداری مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکەن، هەروەها ئێستا کوردستان خاوەنی هێزێکی قارەمانی وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە توانیوویەتی لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات و هەر ئەم هێزەش ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئيدارەی کوردستانی پاراستووە و، لەسەر ئاستی ڕێکخستنەوەی ژێرخانی ئابووریش؛ لەگەڵ ئەوەی گەندەڵیەکی زۆر لە کوردستاندا هەیە و سەرباری ئەوەش ئەوە چەندین ساڵە حکومەتی بەغدا بودجە و مووچەی لە کوردستان بڕیووە، بەڵام هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن کە دەستکراوە بە ڕیفۆرمێکی سەرتاسەری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ ئەوەی بتوانرێت سیاسەتێکی ئابووری ئەوتۆ دابرێژرێتەوە کە ژێرخانی ئابوری کوردستان ڕیکبخاتەوە، ئەمانە هەموویان خاڵی گرنگن بۆ سەربەخۆیی کوردستان و کوردستانی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی کە پێی بگوترێت دەوڵەتی ئەمری واقیع یان دەوڵەتێکی ڕانەگەیەنراو.
کەمتەرخەمی یان هەوڵنەدان بۆ ئەوەی ئەم فرسەتەی کە هاتۆتە پێشەوە وەک خۆی سوودی لێوەرنەگیرێت، غەدرێکە دەرهەق بە میژووی خەبات و قوربانی ڕابردوو و ئێستا و هەروەها غەدرێکە دەرهەق بە نەوەکانی ئایندەشمان، بۆیە هەر کەس و هێز و لایەنێک ئەوجا لە ژێر کاریگەری ئەجیندای دەرەکی بێت یاخود بۆ هەر مەبەستێکی دیکە دژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ڕابوەستێتەوە، ئەوا میژوو خاڵێکی ڕەشی لەسەر تۆمار دەکات و نەوەکانی ئایندەش لێی خۆش نابن، لەسەر ئەم پرسە دەخوازم ئاماژە بە قسەیەکی سەرۆک مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین بکەم کە لەیەکێک لە سەردانەکانمدا بۆ فەلەستین پێی گووتم: (پێشنیاری من بۆ جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی و گەلی کوردستان ئەوەیە هەنگاوی پراکتیکی بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەڵبگرن و دەمەوێت ئەم پەیامەی من بەسەرۆکی کوردستان بگەیەنێت، هەتا ئەگەر لەسەر تەنیا گوندێکی کوردستانیش دەتوان دەوڵەت ڕابگەیەنن، بێ دوو دڵی بریار بدەن و ڕای بگەیەنن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر بوونە دەوڵەت، ئەوا دواتر بە یاسای نێودەوڵەتی دەتوانن هەموو خاکی کوردستان بگەرێننەوە بۆ ناو دەوڵەتەکەی خۆتان)، ئەم قسەیەی بەرێز مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین بەرهەمی ئەزموونێکی دوور و درێژە و ڕاستکردنەوەی چەندین هەڵەیە لە پرۆسەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستیندا، هەر بۆیە کاتێک مەحمود عەباس بە ئێمە دەڵێت : (با سەرۆکی کوردستان ئەگەر لەسەر ڕووبەری تەنیا یەک گوندیش دەوڵەت ڕادەگەیەنێت با ڕای بگەیەنیت) ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو فرسەتەی ئێستا بۆ کوردستان هاتۆتە پێشەوە بە هەموومان سوودی لێوەربگرین و لەدەستی نەدەین و، ئێستا کە بەووردی ڕەوشی باشووری کوردستان دەخوێنێنەوە، هەموو چاودێرێکی زیرەک هەست بەوە دەکات کە هاوسۆزیيەکی گەورەی نێودەوڵەتیمان لە پشتە بەڵام کێشەی سەرەکی نیوماڵی کوردستانە کە نەمانتوانیووە یەکریز و یەکدەنگ و یەک ئیرادە بین لەسەر ئەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییە.
شکستی حکومڕانی 5 حزبەکە
تێکەڵاوکردنی هەردوو چەمکی ئۆپۆزسیون و دەسەڵات
ئەو ململانێ حزبیيە ناتەندروستەی لەنێوان 5 حزبەکەی دەسەڵات لەکوردستاندا هەیە، دابەشبوون و جەمسەربەندیيەکی ڕوون و ئاشکرای لە کوردستاندا دروستکردووە، لەهەمانکاتدا تێکەڵاوکردنێکی تەواوی لە نێوان چەمکی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دروستکردووە، ئەو 5 حزبە هەر یەکەیان بەپێی قەوارەی خۆی پشکدارە لە پەرلەمان و حکومەتی کوردستاندا، لەهەمانکاتدا هەر خۆشیان بوونەتەوە ئۆپۆزسێۆن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێکی ناتەندروست بۆ ناشيرینکردنی کوردستان و هەڵوەشانەوەی بنەماکانی حکومەت و حکومرانی لە کوردستاندا، هۆکاری سەرەکیش بۆ دروستبوونی ئەم دیاردە قێزەوەنە لە کورستاندا، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ئەو لایەنە سیاسیانەی لە کابینەی شەشەم و حەوتەمی حکومەتی کوردستاندا خۆیان وەک ئۆپۆزسێۆن ناساندبوو، ڕۆڵی ئۆپۆزسێۆنێکی ناتەندروسیتان پیادە دەکرد نەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئەرێنی کە ململانێ لەسەر بەرنامەی باشتر لەگەڵ حکومەتەکەی خۆی بکات. لە کابینەی شەشەم و حەوتەمدا کە بەحساب ئەوان ڕۆڵی ئۆپۆزسێۆنیان دەگێرا، بە هاتنیان بۆ ناو پەرلەمان هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەبوو کە بازنەی ئازادی سیاسی لەکوردستاندا بچووک بکەنەوە، ئەمەش بە بڕینی بوجەی سەرجەم ئەو حزبە سیاسیانەی لەدەرەوەی ئەو 5 حزبە بوون، ئامانجی ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەبوو کە بێجگە لەو پێنج حزبە هیچ حزبێکی دیکە لە کوردستان نەمێنت و لەناو پێنج حزبەکەشدا گەلەکۆمەکەیەک لە پارتی و شەخسی سەرۆکی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی هەردووکیان ناشيرین بکەن، لەم پرسەدا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبی سەرەکی و خاوەنی زۆرینەی کورسیيەکانی پەرلەمان، نەدەبوو لە ژێر گوشاری ئەو چوار لایەنە؛ پرۆژەی پێنج حزبی سەرەکی قبوڵ بکات و تەواوی حزبە سیاسیەکان بەهێز و لایەنە سیاسیەکانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستانەوە پەراوێز بخات. ئەمەش وایکرد کە پەرلەمانی کوردستان ببێتە سەکۆیەک بۆ ململانێی حزبی و داهێنانی نەریتی ناجۆر لە ناو پەرلەماندا وەک شەڕە جوێن و بوتڵ تێگرتن و تەپڵێدان و فیکە لێدان.
لە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمیشدا کە جارێکی دیکە ئەم 5 حزبە ڕێککەوتن کە پێکەوە حکومەت پێکبهێنن، لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتن کە کوردستان پێویستی بە سەقامگیری و ئارامی هەیە، بەڵام پاشان دەرکەوت نەک هەر نەیانتوانی ئارامی و سەقامگیری کوردستان بپارێزن بەڵکو هەر خۆیان بوونە هۆکاری ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان بە بیانووی هەموارکردنەوەی (یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان) پەکبخەن.
لێرەدا بۆ میژوو، باس لەیەکێک لە کۆبوونەوەکانی جەنابی سەرۆکی کوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسيیەکان دەکەم کە خۆم لە کۆبوونەوەکە ئامادەبووم، پێش ئەوەی چوار لایەنەکەی دیکە (گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو) پرۆژەیەکی هاوبەشیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ببەنە ناو پەرلەمان، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی کوردستان ڕووی کردە سەرجەم حزبە سیاسيیەکان و پێی گووتن: (لەمن ئاسانتر نیە بۆ دەستاو دەستکردنی سەرۆکایەتی، بەڵام ئەگەر ئێوە دەزانن دەریچەیەکی یاسایی نیە بۆ چارەسەکردنی ئەم پرسە، ئەوا ئێوە وەک سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کەسێک دیاری بکەن بۆ ئەوەی دەور و تەسلیمی لەگەڵ بکەم، ئەمەش گرنگە من بزانم کێ دێتە شوێنی من، لەبەر ئەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پۆستێکی گرنگە و کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیاریەتی هەیە دەبێت تەسلیمی ئەو کەسەی بکەم کە دێتە شوێنی من، هەروەها ئامادەم پێویست بکات ماوەیەک هاوکاری بکەم هەتا تەواو لە ئەرکەکان شارەزا دەبێت)، هەر لە کۆبوونەوەیەدا بووە وادەی نوێژی عەسر، سەرۆکی کوردستان پێی گووتین من وا دەرۆم ئێوە خۆتان بڕیاری لەسەربدەن، سەرۆکی کوردستان بەمجۆرە ئامادەیی خۆی بە تەسلیمکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی بە حزبەکان ڕاگەیاند، بەڵام لایەنە سیاسیيەکان لەبەر ئەوەی بەدیلی سەرۆک مسعود بارزانی يان نەبوو، کە ڕۆشتن نە توانیان کەس دەسنیشان بکەن نە توانیشیان بریاربدەن، بەڵام دواتر ئەو لایەنانە ڕاشکاوانە کەوتنە بەرپاکردنی شەڕێکی نارەوا دژی بەێز مسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان و ویستیان وای پیشانبدەن، کەوا سەرۆک بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتی نابێت و ئەوان دەیانەوێ بەزۆر لایببەن و دواتر بڵێن بەزۆر سەرۆکی کوردستانمان دەرکردووە، بۆیە ئەو بەزمەیان لەپەرلەمان دروستکرد بۆ ئەوەی کەسایەتی سەرۆکی کوردستان ناشيرین بکەن، ئەمەش غەدرێکی گەورە بوو بەرامبەر بە کەسێک کە هەموو ژیانی هەر پێشمەرگایەتی و خەبات و قوربانیدان بووە لە پێناوی گەلەکەیدا. سەرەنجامیش وەک هەموو لایەک ئاگادارن لە 23ی حوزەیرانی 2015 پەرلەمان بەزۆرینەی دەنگ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ (هەموارکردنەوەی پرۆژەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم) کرد و لەماوەی نزیکەی 2 مانگدا تا وەکو 19ی ئابی 2015 هەموو هەوڵێک بە ئامادەبوونی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان خرایە گەڕ بۆ ئەوەی لایەنە سیاسیيەکان لەسەر ئەم پرسە بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام وەک لە 19ی ئابی 2015 بینیمان سەرۆکی پەرلەمان بەشێوەیەکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسە گرنگە کرد و کۆبوونەوەی حزبەکانی بێبایەخ کرد و سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دانیشتی پەرلەمان هەر بکات، بەڵام سەرەنجام نیسابی یاسايی دروست نەبوو، بەمەش پرسەکە گەیشتە بنبەست و بەکردەیی پەرلەمان پەکی کەوت و دوای ڕووداوەکانی مانگی ئۆکتۆبەری 2015 ش کە ڕێگە نەدرا سەرۆکی پەرلەمان بگەرێتەوە بۆ هەولێر و بەمەش پەرلەمان پەکی کەوت.
لەگەڵ ئەوەی لەدوای ئۆکتۆبەری 2015 عینادی سیاسی جۆرێک لەچەقبەستووی لەناو 5 حزبەکە بەگشتی و لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆران دروستکردووە، بەڵام کردنەوەی ئەم چەقبەستووییە پێویستی بەوەلانانی دووبارەکردنەوەی ئەزموونی شکست خواردووی ئەو 5 حزبە هەیە و، کاتێک باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکرێت، پێوستە بیر لە میکانیزمێکی تازەش بکرێتەوە.
کاراکردنەوەی پەرلەمان گرنگە
بەڵام نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەنجامدانی ڕیفراندۆم
لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کوردستان، بەڵام هێندەی من تێیگەیشتووم پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هێندەی پێویستی بە دامەزراندنی بۆردێک یان ئەنجوومەنێکی سیاسی هەیە کە نوێنەری هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی تێدا بێت هێندە پێویستی بە پەرلەمان نابێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پرۆسەی ڕیفراندۆم پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی هەیە و پێویستە هەموو لایەنەکان تێدا بەشداربن، دوای ئەم بریارە سیاسیەش ئەگەر لایەنە سیاسيیەکان لەسەر میکانیزمێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێکبکەون دەکرێت ئەو بریارە سیاسیيە ببرێتە پەرلەمان و لە پەرلەمانیش پەسەند بکرێت.
بۆ وەلانانی ململانێ حزبییەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان پێشنیاری من ئەوەیە کە پێویستە لەم قۆناخە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات و دەستەیەکی سەرۆکایەتی کاتی بۆخۆی هەڵبژێرێتەوە، ئەو دەستەی سەرۆکایەتييە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکات و پاشان هاوپەیمانێتييەکی نوێ لەبەر ڕۆشنایی بەرکەوتەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و پاشان بە دەنگدان سەرۆک و جێگر و سکرتێرێکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێرێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم پرۆسەیەدا کە بە ئەقڵیەتێکی نوێ و بە کاراکتەری نوێ سەرۆکایەتی پەرلەمان دروست بکرێتەوە، ڕاستە بۆ پەرلەمان خەڵکی کوردستان دەنگی بەحزبەکان داوە، بەڵام دەنگی پێداون بۆ ئەوەی پەرلەمان دەزگایەکی نیشتمانی بێت نەک ببێتە دەزگایەکی حزبی، بەمەش لەو پەتایە ڕزگار دەبێت کە لەدوو خولی دوایی پەرلەماندا، پەرلەمان ببوە ئامرازێک بەدەست حزبەکانەوە، لەم حاڵەتەدا ئەم شێوازە کۆتایی دێت و پەرلەمان دەبێتەوە بە نوێنەری خەڵکی کوردستان و دەتوانێت لە هەموو پرسە نیشتمانیيەکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکان ڕۆڵی کاریگەری خۆی بگێرێت، لەهەمانکاتیشدا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم کە بەبێ پەرلەمانیش دەتوانرێت ئەنجامبدرێت، بەڵام بوونی پەرلەمانێکی کارا دەبێتە هۆکاری یەکریزی و یەکدەنگی و پشتگیریيەکی باش بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK