ڕۆژنیوز هاوڕێ کرێکار
بەوتەی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردودا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان 29 خوێندکار و مامۆستا بونەتە قوربانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان ئاشکرای دەکات، ئەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆی ئەم چەند مانگەی سەرەتایی ساڵ لە ساڵانی تر جیا دەکاتەوە، ئەوەیە بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و مامۆستایان بونەتە قوربانی.
کارزان مەجید بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بە پێی ئەو ئامارانەی لە لای ئێمە تۆمارکراون لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، بە هۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە 29 خوێندکار و مامۆستا بونەتە قوربانی.
کارزان مەجید وتیشی : لەو 29 خوێندکار و مامۆستایەی بوونەتە قوربانی ڕوداوەکانی هاتوچۆ لە سنوری گەرمیان، 7 کەسیان گیانیان لە دەستداوە، کە پێک دێن لە پێنج خوێندکار و دوو مامۆستا، هەروەها 22خوێندکار و مامۆستا برینداربوونە، کە بریتن لە 12 خوێندکار و 10 مامۆستا.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشدا، دوێنی پێنج شەمە لە ڕێگای کەلار خانەقین، سێ خوێندکار گیانیان لەدەستدا و لە مانگی ڕابردوودا مینی پاسێک لە ڕێگای کەلار گوندی سەید خەلیل وەرگەڕا 14 خوێندکار بوونە قوربانی، هەفتەیەک بەر لەم ڕوداوەش مینی پاسێکی تر تایبەت بە مامۆستایان وەرگەڕا 12 مامۆستا بوونە قوربانی.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی ئامارەکانی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە ساڵانی ڕابردوود جیا دەکاتەوە ئەوەیە، بە هۆی ڕوداوەکانی هاتوچۆوە لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ قوربانیەکانی ڕوداوەکانی هاتوچۆ زۆرینەیان مامۆستا و خوێندکارن.[1]
13-05-2017