لێپرسراوی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی 70 و بەرپرسی میحوەری داقووق ڕای گەیاند، تەنیا لە ماوەی 4 مانگی ڕابردوودا 178 چەکداری داعش لە سنوورەکەدا کوژراون.
محەمەد حاجی قادر، لێپرسراوی ئۆپەراسیۆنی هیزەکانی 70 و بەرپرسی میحوەری داقووق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: چەکدارانی داعش جموجۆڵیان لە سنوورەکانی هێزی پێشمەرگەدا هەیە و ناوە بە ناوە بە قەناس و ماتۆر سکیل خۆیان لە ئێمە نزیک دەکەنەوە و تەقە دەکەن، هەرچەندە وەک پێشتر بەهێز نین، بەڵام ناکرێت دوژمن بەکەم سەیر بکریت، بۆیە ئێمە بەردەوام لە حاڵەتی ئامادە باشیداین.
لێپرسراوی ئۆپەراسیۆنی هیزەکانی 70 و بەرپرسی میحوەری داقووق ئەوەشی خستەڕوو مەودایەکی کەم لە نێوان داعش و هێڵەکانی بەرگریی هێزی پێشمەرگە هەیە، لە هەندێک شوێن 3 کیلۆمەتر، هەندێک شوێنی دیکەش تەنیا 2 کیلۆمەتر داعش لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە دوورن، هێمای بۆ ئەوەش کرد کە بەردەوام لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر هێڵن، هەروەها بە هاوکاریی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان توانراوە ژمارەی چەکدارانی داعش لە سنوورەکە کەم بکرێنەوە.
15-05-2017