دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەرپرسی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان ئاماژە بەوە دەکات پێشتر ساڵانە 15 ملیار دینار بودجەی فەرمانگەکەیان بوو و چالاکیان زۆر بوو، بەڵام لە ئێستادا بودجەکەیان بڕدراوە و بەمەش کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر کەمبوونەوەی چالاکی ڕێکخراوەکان دروستکردووە.
ئەکرەم جەمۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند زیاتر لە 150 ڕێکخراوی ناوخۆیی کە تایبەتن بە بواری مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی مرۆڤ لە کوردستان بوونیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا کار و چالاکییەکانیان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە.
وتیشی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە ئێستادا ڕێکخراوەکانی ئازاد کردووە بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکی و پەیداکردنی داهاتەکانیان و زۆرجاریش بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا و ڕێکخراوەکانی دەرەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
ئەکرەم جەمۆ، ئاماژەی بەوەشکرد زیاتر لە 275 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن کە زۆربەیان بۆ یارمەتی ئاوارەکان و مافی مرۆڤ دامەزراون.
بەرپرسی ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو پێشتر 15 ملیار دینار بودجەی ڕێکخراوەکەیان بوو، به و هۆیەوە دەیانتوانی کار و چالاکی زۆر ئەنجامبدەن، بەڵام بە بڕینی بودجەکە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر کەمبوونەوەی کار و چالاکییەکان دروستکردووە.
15-05-2017