لەنێو دادگاکانی باری کەسێتیدا بەشێک لە گەنجان بۆ پرۆسەی هاوسەرگیریی و بەشەکەی تریشی بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی خێزانی سەرگەرمی مامەڵەن، بەڵام بەپێی ئامارەکان لەسنوری سلێمانیدا ڕێژەی هاوسەرگیریی و جیابوونەوە بەراورد بە 4 مانگی سەرەتای ساڵی 2016 زیادیانکردووە.
شیلان (تەمەن 22 ساڵ) لە بەردەم دادگای باری کەسێتی سلێمانی بە توندی دەستی هاوسەرەکەی گرتبوو لە چاوەڕوانی بڕیاری دادگا وەستابوو تا پرۆسەی مارەکردنەکەی ئەنجامبدات.
ئەو بۆ دواڕۆژ وتی دوو ساڵە هاوسەرەکەم خۆشدەوێت بە تەواوەتی بیرم لە پڕۆسەی هاوسەرگیریی کردۆتەوە، من بۆیە ئەم کوڕەم هەڵبژاردووە تا مردن لەگەڵیدابم هێندەم خۆشدەوێت هەرگیز بە خەیاڵیش بیرم لە پڕۆسەی جیابوونەوە نەکردۆتەوە.
هەرچەند مەترێک دوور لە شیلان و هاوسەرەکەی لە هۆڵی چاوەڕوانی دادگاکەدا دوو ژن و کوڕێک وەستابوون کە تەنها چەند مانگێک بوو هاوسەرگیرییان کردبوو، بەڵام هاتبوون تا دادوەر لە یەکتریان جیابکاتەوە.
ژنێکیان، کە ئامادەنەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە، بۆ دواڕۆژ وتی پێکەوە ناگونجێین.
بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی ناسنامە و ڕەگەزنامەی باری شارستانی سلێمانی لە 4 مانگی ساڵی 2017دا هاوسەرگیریی 3095 پرۆسە بووە لەکاتێکدا لە 4 مانگی سەرەتای ساڵی 2016 دا 2813 پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە.
هاوکات بەپێی هەمان ئامار ڕێژەی جیابوونەوە لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 482 حاڵەت بووە لەکاتێکدا هەمان ڕێژە بۆ چوار مانگی ساڵی ڕابردوو 460 حاڵەت بووە.
پارێزەر کەوان جەمال بابان، بۆ دواڕۆژ وتی زیادبوونی ڕێژەی هاوسەرگیریی لەم هەموو کێشە و قەیرانانەدا کە هەرێمی کوردستان پیادا تێدەپەڕێ ئاماژەیەکی پۆزەتیڤ و گرنگە و دەکرێت هاوڵاتیان زیاتر هانبدرێن بۆ ئەم پڕۆسەیە تا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزتر ببێت.
سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی جیابونەوەش ئەو پارێزەرە وتی هۆکارەکان جۆراوجۆرن لەوانە زۆری ڕێژەی دانیشتوان و بەکارهێنانی ئامڕازەکانی پەیوەندیکردن بە شێوەیەکی ئاسان و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و زۆربوونی هەژاری و نەبونی ئاستی هۆشیاری پێویست و بەشودانی پێشوەخت.
کەوان جەمال بابان وتیشی لە دەرەوەی سەنتەری شار بڕیاری جیابوونەوە درەنگتر دەدرێت، ئەمەش بە هۆکاری توندی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە نێوان خێزانەکاندا، بەڵام لەناو شاردا پێچەوانەیە.
16-05-2017