دوای ماوەیەکی زۆر لە بێدەنگبوون، دوای دنیایەک تۆمەت و سوکایەتی و بوختان و قسەی ناڕەوا بەرامبەرم و دوای داواکاریی چەند کەسێکی نزیکم، کە چیدی بێدەنگ نەبم و شتێک بڵێم، بڕیارم دا ئەم کورتە ڕوونکردنەوەیە بنووسم…
سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە ئەم هاتنە دەنگ و ڕوونکردنەوەیە بۆ ئەو کەسانەیە کە نامناسن، یان لە دوورەوە ناومیان بیستووە و دەمناسن، ئەگەر نا کەسە نزیکەکانم دەزانن من کێم و کەسێکی چۆنم، بۆیە پێویست ناکا بۆیان ڕوون بکەمەوە.
بەر لە هەر شت، لە دڵەوە خەمبار بووم بەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، کە بە دوو چەکدار کەوتبوونە گیانی د. #فەرهاد پیرباڵ# و بێویژدانانە ئازاری دەدەن، ئومێدەوارم هەرگیز وێنەی وای هیچ مرۆڤێک نەبینم و ئەو ناڕەزایەتییەی خەڵک بەرامبەر ئەو دیمەنە، سەرەتایەک بێ بۆ گەڕانەوەی حورمەت بۆ مرۆڤ و یاسا.
ئەوەی بۆ من جێی داخە ئەوەیە کە ماوەیەکی کەم نییە د.فەرهاد لە هەر شوێن و کەناڵێکەوە بۆی کرابێ، زۆر سەرسەختانه خەریکی شکاندن و ناوزڕاندنی منه و بوختانم پێ دەکات، که گوایە من خیانەتم لێی کردووە و ژنی فڵان و دۆستی فیسارم و به بوختانی له و جۆرەوه نەوەستاوه و که زانیویەتی باوەڕی پێ ناکرێت، ئینجا باس له شتی تر دەکات، وەک ئەوەی دەڵێت (موئامەرەی بۆ کوشتنم هۆنیوەتەوە) و سەر بەم لایه بووه و سەر به فڵانەکەس بووه و هەمیشه به ئاشکرا ئاهی حەسرەت بۆ ئەوه هەڵدەکێشێت که نەیکوشتووم و له چەندین شوێن بەئاشکرا ئەوەی به نووسین و به وتن دەربڕیوە.
ئه و ساڵانێک مێردم بووه و دەزانێت من ناو و ناوبانگی خۆمم بۆ گرنگه و حەز ناکەم ببم به دەنگوباسی خەڵک. بەشێکی ئه و زیادەڕۆییەی ئەو، ڕەنگە بۆ ئەو بێدەنگبوونەی من بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو بێدەنگییەی من لەبەر ئەوە نەبووە کە وەڵامم پێ نییە، لەبەر ئەوە نەبووە کە قسە و هێرشەکانی ئەو ڕاستن و ڕەوان و لەبەر ئەوەش نییە کە لێی دەترسم یان شەرمم بە ڕابردوو و ئێستام هەیە… نەخێر لەبەر هیچ یەکێک لەوانە نییە.
بێدەنگبوونی ژنێک بەرامبەر ئەو بوختان و تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵی، بەر لە هەر شتێک لەبەر ژنبوونیەتی… تەنیا ژنەکانن دەزانن ژنبوون لەم کۆمەڵگەیەدا چ ئەرکێکی قورسە، بەتایبەت گەر بتەوێ بێ ئەوەی بکەویتەبەر قسەوباس، کار بکەیت و ئەرکی دوو منداڵت لەسەرشان بێت که له قوتابخانه و زانکۆی ئەهلی دەخوێنن.
جیا لەوە بێدەنگبوونی من لەبەر ڕێزگرتنی خودی د. فەرهاد بووە کەدوو منداڵم لێی هەیه که ئەوان له هەموو شتێک و کەسێک بۆم گرنگترن و بەرهەمی ژیان و خۆشەویستی و تاڵی و پێکەنین و ئازاری ساڵانێکی ژیانی من و د. فەرهادن و هەر بێڕێزیکردنێکی من و دکتۆر فەرهاد بە یەکتری، برینێکی قوڵ دەبێ بۆ دەروون و هەستی (تنۆک و ڕۆدان)، کە من هەرگیز نەمویستووە ئەو برینە دروست بکەم، یان بەشێک بم له هۆکارەکانی، بۆیە بێدەنگ بووم. جگە لەوەش من لە خانەوادەیەکی وادا پەروەردە بووم کە هەمیشە خۆم بە گەورەتر بزانم لە بوختان و تۆمەتەکان و هەمیشەش باوەڕی پتەوم بەوە بووە ڕۆژێک ڕاستییەکان ڕوون دەبنەوە.
هەموو گوناهی من ئەوەیە لە پیاوێک جیابوومەتەوە و ئەوەندەی توانیبێتم لەگەڵی ژیاوم، لە شوێنێکدا کە زانیومە ژیانی من ئەو پیاوە وەک دوو هاوسەر کۆتایی پێ هاتووە، کۆتاییم پێ هێناوە، کە ئەوە مافی سەرەتایی هەر ژن و مێردێکە. دواتریش بە تەنیاباڵی شانم داوەتە بەر ئەرکی بەڕێوەبردنی ماڵ و بەخێوکردنی دوو منداڵ، ئەوانەی لێمەوە نزیکن ئاگادارن بە چ ماندووبوونێکی جەستەیی و هزری توانیومە زاڵ بم بەسەر ئەو ئەرکە قوورسەدا، بێ ئەوەی هیچ کاتێک تەنازول بۆ هیچ کەسێک یان بەرپرسێک بکەم، ڕۆژانە چەندین سەعات کارم کردووە و کار دەکەم. سەرەڕای ئەوەی ئاگادار بووم لەولاوە د. فەرهاد چۆن سەرقاڵی کەیف و خۆشیی خۆیەتی و پارە و موڵک و ماڵی خستووەتە خزمەتی کێ و چۆن سەرفی دەکات، بەڵام هەر بێدەنگ بووم و خۆم لەوە بە گەورەتر زانیوە قسە لەوە بکەم.
ئەو باش دەزانێ تۆمەتی (خیانەت) خستنە پاڵ ژنێک لەم کۆمەڵگەیەدا چ هێزێکی گەورەیە بۆ ناشیرینکردن و قێزەونکردن و ڕیسواکردنی ئەو ژنه و تەنانەت دەبێته مەترسی بەسەر ژیانیشی، بەڵام من هەمیشە بێمنەت بووم لەو تۆمەتە، چونکە منداڵەکانم، کەسوکارم، دەوروبەر و هاوڕێکانم باش دەمناسن لەو ڕووەوە و ئەگەر هێندەی تۆزقاڵێک گومان لە ڕاستیی ئەو قسەیە ببوایە، ئێستا بەو بێمنەتییە و وا بێباکانە قسەم نەدەکرد و نەدەهاتم و نەدەچووم… دڵنیاشم بەر لە هەموان خودی فەرهاد خۆی باوەڕی بەو قسەیەی نییە، ئەگەرنا هێندە هەوڵی نەدەدا بگەڕێمەوە لای و وەک جاران پێکەوە بژیین! ئه و (جاران)ەی من به خەونیش ناتوانم بیری لێ بکەمەوە،
جارێکی تر خەمباری ئەوەم ناچارکرام بێمە دەنگ و دەربارەی بابەتێک بدوێم، کە هەمیشە خۆمم لێی پاراستووە و نەمویستووە ڕوونکردنەوەی لەبارەوە بدەم… ئومێدمە لێرەدا کۆتایی بەو بابەتە بێت و چیدی خەڵکانێک سەرقاڵ نەکەین بە خۆمانەوە و کەسانێکی تریش لێرەولەوی نان و پیازمان پێوە نەخۆن و مەجلیسمان پێ گەرم نەکەن. دیسان هیوادارم ناچاری قسەکردنی تر نەکرێم.
لێرەوه داواکارم له سەرۆکایەتی هەرێم و خودی جەنابی سەرۆک بارزانی که هەمان ئه و لیژنەیەی بەدواداچوون بۆ کەیسی هێرشەکەی دژی د.فەرهاد دەکات، له هەمان کاتیشدا بەدواچوون و لێکۆڵینەوه له و بوختان و تەشهیرانەش بکات که لەبارەی منەوه دەیانکات. هەر کێشەیەک، یان هەر هەقێک لەسەر من هەیە، لەڕێی یاسا و دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چارەسەر بکرێ و بۆی بگەڕێنرێتەوە، هەر هەقێکیشم کە خوراوە، ئەوان بۆم وەرگرنەوە.
تکایە با ئیتر کۆتایی بەو باسە بێت، چونکە هەموومان ماندووین…تنۆک و ڕۆدان لەهەموومان ماندووتر.
15-04-2017