بەپەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچکردنی سەرکردەی خاکی و نووسەر و سیاسەتمەدار و کەسایەتی شۆڕشگێڕی کورد کاک (#نەوشیروان مستەفا#) ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندرا.
بەرەی دیموکراسی گەل، لەو باوەڕەداین گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان و بەشەکانی تری کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، کۆچکردنی کاک (نەوشیروان) لەم کاتەدا خەسارەتێکی مەزنە بۆ گەلەکەمان بەتایبەتی ناوبراو سونبولی بەرەنگاربوونەوە گەندەڵی بوو لەهەرێمی کوردستان و توانی بۆ یەکەمجار بەشێک لەو دیوارە پۆڵایینەی گەندەڵی بشکێنێ و ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتدارە گەندەڵەکان ئاشکرا بکات و گرنگی بە سیستەمی پەرلەمانی لەهەرێمی کوردستان بدات.
کۆچکردنی کاک(نەوشیروان) و ماڵئاوایی کردنی بۆشاییەکی تری سیاسی مەزن لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و عیڕاق دروستدەکات کە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کارێکی ئاسان نابێت، چونکە تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان ڕێکخەرە گشتیەکەی لەدەستنەداوە بەڵکو گۆڕەپانی سیاسی و خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕکابەرێکی خاکی و خۆنەوویستیان لەدەستداوە، کە بەهەموو توانا و دڵسۆزییەوە بەرەنگاری دز و تاڵانچیەکانی گڕێدراوی بێگانە دبۆوە.
کاک نەوشیروان پێداگربوو لەسەر بنبڕکردنی گەندەڵی و هێنانەدی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری و سەروەری یاسا.
کاتی ئەوە هاتووە لایەن سیاسیەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ویژدان و ئەخلاق هەڵسوکەوت بکەن و کۆچکردنی کاک(نەوشیروان مستەفا) بکەنە هەوێنی گۆڕانکارای و یەکڕێزی ناوماڵی کورد و خزمەتکردنی بەژەوەندییە باڵاکانی کورد لە هەرێمی کوردستان و عیڕاق و کوردستانی مەزن، هاوکات دەستبەرداری گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی نەتەوەیی و خزمەتکردنی ووڵاتانی داگیرکەری کوردستانبن و ڕێز لە ئازادیەکانی تاک و بیروڕای جیاواز بگرن و سوکایەتی بە پەرلەمان و دەنگی گەل نەکەن و کۆتایی بەو بێ سیستەمیە بهێنن.
بەرەی دیموکراسی گەل
19-05-2017