کورد نەتەوەیەکی گەورەی نیشتەجێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن کە ژینگە سەرەکییەکەیان بە کوردستان دەناسرێت کە بە سەر وڵاتانی ئێران و ئێراق و تورکیا و سووریا بەشکراوە و لە شاخە کانی ئاناتۆلی هەتا زنجیرە چیای زاگرۆس درێژ دەبێتەوە. کوردەکان لە شوێنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بڵاوبوونەتەوە. ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی کوردەکان نییە بەڵام بە 35 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. زمانی کوردەکان لقێکە لە زمانە هیندو ئەوروپاییەکان. زۆربەی کوردەکان موسڵمانی شافعیین و ئەوەی دەمێنێتەوە موسڵمانی شیعە و یارسان و ئێزیدی و خاچپەرست و جوو و ئاشوورین.
کورد کە ئەوڕۆ یەکێک لە گەورەترین نەتەوەی بێ نیشتمانی سەر گۆی زەوییە یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێزیک و ناوەڕاستە. سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناخی مێژوو. بەڵگە زانستییەکان پیشان دەدەن کە کوردستانیش مێژینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کانگەی کەونارایەکی هەرە کۆن و دێرین.
لە چاخی بەستەڵەکدا کە نێزیکەی نیو میلیۆن ساڵ پێش لە ئێستە ڕووی دا و نزیکەی 20٫000 ساڵ پێش لە زایین کۆتایی هات زۆربەی ناوچەکانی ئەوروپا و ئەمریکای باکووری داپۆشرابوون لە سەهۆڵ. ئەو دەمە ناوچە بیابانی و چۆڵەوانییەکانی ئەفریقا و مەڵبەندە وشکە عەرەبییەکان کەشێکی مامناوەندییان هەبوو. کوردستانیش کەش و ئاووهەوایەکی بارانی و مامناوەندیی هەبوو.
ئادەمیزادی دێرین پەنای دەبردە بەر ئەشکەوتەکان بۆ زنج و دەشتەکان بۆ ڕاوگە و لە ڕێی ڕاوەوە ژیانی خۆی دەبردە سەر. بۆیە ناچار دەبێت ئامێری لەبار درووست بکات کە لە کاتی ڕاودا بەکاری بێنێ. لە پێشدا بەردی تیژ و پاشان ئێسقانی بەکار دەهێنا و بەرەبەرە ئامێری نوێی ساز کرد.[1]