دواڕۆژ، هاوڕێ دوکانی
رۆژی 31ی ئایار دواین ڕۆژ بوو لە وەرزی تۆمارکردن و کۆکردنەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان کە بەراورد بەساڵی ڕابردوو نزیکەی یەک ملیار مەترسێجا ئاوی بەنداوەکە کەمیکردبوو.
ئەندازیار محەمەد تاهیر جەلال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ڕۆژی 31ی ئایاری 2017 کۆتاڕِۆژی تۆمارکردنی ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان بوو، لەو ڕۆژەدا ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان لە ئاستی ڕووی دەریاوە 503.36 مەتر بووە و بەو هۆیەشەوە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو سێ مەتر و هەشتا و پێنج سانتیم نزمبۆتەوە.
هێمای بۆ ئەوەشکرد، لە کۆی حەوت ملیار مەترسێجا لە ئێستادا زیاتر لە چوار ملیار مەترسێجا ئاو لەدەریاچەکەدا هەیە و ئەمەش بە ڕاورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی یەک ملیار مەتر سێجا کەمترە.
سەبارەت بە ڕێژەی بارانبارینش 270 ملم لە پار کەمترە، چونکە لەمساڵدا تەنیا 527.8 ملم باران باریوە لەکاتێکدا ساڵی پار نزیکەی 800 ملم باران باریبوو.
بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان ئەوەشی خستەڕوو کە لە سەرەتای ئەم مانگە دەست دەکەن بە بەرنامەی هاوینە و پلان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و ئاوی خواردنەوە دادەنێن.
ساڵانە لە 31ی تشرینی یەکەم دەست دەکرێت بە گلدانەوەی ئاو و تۆمارکردنی ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان بەمەبەستی زانینی ڕێژەکەی تا 31ی ئایار کە پێی دەڵێن وەرزی زستانە، بەگشتی لەمساڵدا ئاستی ئاوی دەریاچەکە نزمترە بەهۆی کەمی ڕێژەی بارانبارینەوە.
01-06-2017