دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (#یەپەگە#) ئاشکرای دەکات کە لەماوەی مانگی ئایاری ساڵی 2017دا سوپای تورکیا 80 جار هێرشی کردوەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەوهۆیەوەش سێ هاووڵاتی مەدەنی و دوو شەڕڤان شەهید بوون، ئاماژە بەوەش کراوە کە 92 شەڕڤانیش لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات دژی داعش شەهیدبوون.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماری هێرش و شەڕ و پەلامارەکانی سوپای تورکیای بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتوە لە تەواوی مانگی ئایاری ئەمساڵدا سوپای تورکیا 80جار بە شێوەی جیاجیا و بە بەکارهێنانی جۆرەها چەکی گەورە و بچوک هێرشی کردۆتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی سوپای تورکیادا 3 هاووڵاتی مەدەنی و 2 شەڕڤان شەهید بوون و زیانێکی زۆریش بەر موڵک و ماڵی دانیشتوان و هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان گەیشتوە.
هەر لەو بەیاننامەیەدا کە وێنەیەکی دەست دواڕۆژ کەوتوە ئاماژە بەوەشکراوە کە شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان 51 جار وەڵامی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە و لە ئەنجامدا دوو سەرباز و 20 چەتەی سەر بە سوپای تورکیا کوژراون و 8یشیان بریندار بوون.
باس لەوەشکراوە کە هەر لەمانگی ئایاردا فڕۆکەیەکی سوپای تورکیا تێکشکێنراوە و زیانیش بە یەکێکی دیکە گەیەنراوە.
ئەوەش ڕونکراوەتەوە کە 92 شەڕڤانیش لە ئۆپراسیۆنی توڕەیی فورات دژی چەکدارانی داعش شەهید بوون و 4 شەڕڤانیش بە ڕووداوی هاتوچۆ و 5یشیان لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بوون.
03-06-2017