دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
پارێزگای #هەڵەبجە# کەمترین بڕی گەنمی بۆ دیاریکراوە کە لە جوتیارانی سنورەکە وەربگیرێت لەکاتێکدا بڕی 442 هەزار تۆن گەنم لە هەرێم وەردەگیرێت بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەنها بڕی 8 هەزارتۆن گەنم دیاریکراوە کە لەجوتیارانی سنورەکەی وەربگرن.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراقی بڕیاریداوە کە بڕی 442 هەزار و 700 تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگرێت، بەڵام لەو بڕە گەنمە تەنها بڕی 8 هەزار تۆن گەنم دیاریکراوە کە لە جوتیارانی هەڵەبجە وەربگیرێت، بۆیە نیگەرانین لەدیاریکردنی ئەو بڕە گەنمە بۆ جوتیارانی هەڵەبجە دانراوە، چونکە بڕێکی زۆر کەم گەنمیان لێوەردەگیرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی ئەو کۆنوسەی کە لەنێوان نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و بەغدا واژۆی لەسەر کراوە بڕی 442هەزار و 700تۆن بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لەو بڕەش حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریانداوە کە 172هەزار تۆن بۆ پارێزگای دهۆک و بڕی 154 هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر و بڕی 116 هەزار تۆن بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بێت، لەو بڕەش تەنها هەشت هەزار تۆن بۆ هەڵەبجە دانراوە.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا ستار مەحمود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەوەی ڕاگەیاند: ڕاستە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە ستەمێکی زۆر لە جوتیارانی هەرێم کراوە، بەڵام لە ناو جوتیارانی هەرێمیشدا جوتیارانی هەڵەبجە زۆرترین ستەمیان لێکراوە، بۆیە لەهەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی ئەو بڕەی کە بۆ هەڵەبجە تەرخانکراوە زیاد بکرێت، چونکە ئەگەر وانەکرێت جوتیارانی سنورەکە ڕووبەڕووی کێشەیەکی زۆر دەبنەوە.
05-06-2017