#ڕووداو# -#کەرکووک#
#پارێزگاری کەرکووک# لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕووداو وتی، داوا لە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک دەکەم دەنگ بە #گشتپرسی# بدەن و ڕاشیگەیاند بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی گرنگ بوو.
#نەجمەدین کەریم#، پارێزگاری کەرکووک لەبارەی کۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و دیاریکردنی ڕۆژی ئەنجامدانی #گشتپرسی باشووری کوردستان# بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند پیرۆزبای لە خەڵکی کوردستان دەکەم، ئەو بڕیارەی لەبارەی گشتپرسییەوە داراوە بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان دەکرێت و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لێدەکەین.
پارێزگاری کەرکووک وتی گشتپرسی هیی هیچ حیزبێکی کوردستان نییە، دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەشداری لە گشتپرسی کوردستان بکەن و داواش لە سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک دەکەم دەنگ بە گشتپرسی بدەن.
لەبارەی بەشدارینەکردنی #بزووتنەوەی گۆڕان# و #کۆمەڵی ئیسلامی# لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری کەرکووک وتی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ پشتوانی خۆیان دەربڕیووە، بەڵام لەوەیە کۆمەڵێک تێبینیان هەبێت، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکە بەتایبەتیی پارتی و یەکێتی نیگەرانی ئەوان بڕەوێننەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 07-06-2017، #مەسعود بارزانی#، #سەرۆکی هەرێمی کوردستان# لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ڕۆژی 25-9-2017یان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی باشووری کوردستان ڕاگەیاند و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە لە کاتی خۆیدا (11-2017)، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و پەڕڵەمانی کوردستان بکرێت.[1]