دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتی #وەبەرهێنانی هەولێر#، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نیشتەجێبوون لەهەولێر چەند ڕێککارێکی یاسایی بەرامبەر ئەو وەبەرهێنەرانە دەگرنەبەر، کە پڕۆژەکانیان تەواونەکردووە، یاخود پارەی هاوڵاتیانیان لایە، ژمارەیەک لەو وەبەرهێنەرانەش دەستگیر دەکرێن.
پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (لیا ستی) کە لە (400) یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت و چوار ساڵ پێش ئێستا بڕیاربوو لە باشووری ڕۆژئاوای شاری هەولێر ئەنجام بدرێت، بەڵام دوای وەرگرتنی زیاتر لە (400) هەزار دۆلار لە هاوڵاتیانی بەشداربوو، پڕۆژەکە جێبەجێ نەکرا بەمەش خاوەنی پڕۆژەیەکە کە هاوڵاتییەکی نیشتەجێی هەولێرە بەناوی (ب، ع) بۆ ماوەیەک دەستگیرکراو لەئێستادا ئەو هاوڵاتییە ئازاد کراوە.
قانع عزەت، یەکێک لە بەشداربووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (لیا ستی) لە هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، پڕۆژەکە لە (400) خانوو پێکدەهات و دەبووایە هەر بەشداربوویەک سەرەتا بڕی (10) هەزار دۆلار بدات و ئەوکاتەشی کە شوقەکان تەواو دەکران، دەبوو هەر بەشداربوویەکی تر (5) هەزار دۆلار بدات، هەروەها دەبوو مانگانە (500) دۆلار بۆ ماوەی (30) مانگ بدرێت بە خاوەنی پڕۆژەکە، بەڵام دوای ئەوەی زانیمان پڕۆژەکە تەواو ناکرێت پارەمان بەو خاوەن پڕۆژەیە نەدا، هاوکات بەشێک لە بەشداربووان بەهۆی شوێنی خانووەکان هەندێک پارەی زیاتریان بەو خاوەن پڕۆژەیەدا.
ئەو هاوڵاتییە وتیشی ئێمە لە ساڵی (2012) ڕێککەوتنمان لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەکە کرد و دەبووایە لە ماوەی (30) مانگ پڕۆژەکە تەواوبکرێت واتە دەبووایە لە ناوەڕاستی ساڵی (2014) پڕۆژەکە تەواو بکرێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک پڕۆژەکە بەردی بناغەشی بۆ دانەنراوە بۆیە ئێمە سکاڵامان تۆمارکرد و خاوەنی پڕۆژەکە دەستگیرکرا.
ئەحمەد کەریم، یەکێکی تر لە بەشداربووی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (لیا ستی) بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لەبەردەم دادوەر، خاوەنی پڕۆژەکە بەڵێنیدا پڕۆژەکە تەواو بکات، بەڵام دواتر بەڵێنەکەی نەبردە سەرو پڕۆژەکەی جێبەجێ نەکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی وەبەرهێنان، لەماوەی دە ساڵی ڕابردوو مۆڵەتی وەربەهێنان بە 751 پڕۆژە دراوە بەسەرمایەی 47 ملیار و 220 ملیۆن دۆلار، 32 پڕۆژەشی هاوبەشین لەنێوان وەبەرهێنەری خۆماڵی و بیانی بە سەرمایەی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار ئەنجامدراوە.
تەواونەکردنی پڕۆژەکان و نەگەڕانەوەی پارەی هاوڵاتیان، لەچەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەولێر دووبارە بۆتەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی هەولێر چەند ڕێککارێکی نوێی یاسایی گرتۆتەبەر.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، پڕۆژەی لیا ستی و چەند پڕۆژەیەکی تریش لە هەولێر مۆڵەتیان لەلای ئێمەوە وەرنەگرتووە، بۆیە چەند جارێکیش لەلایەن دادگای هەولێرەوە نووسراومان بۆ هاتووە لەبارەی ئەو پڕۆژەیە، بەڵام ئێمە وەڵاممان داونەتەوە کە ئەو پڕۆژەیە مۆڵەتی لەلای ئێمەوە وەرنەگرتووە.
لەبارەی ئەو ڕێککارانەی بەرامبەر وەبەرهێنەران گیراوەتەبەر، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر وتی چەند ڕێککارێک گیراوەتەبەر، لەوانە وەرگرتنەوەی پڕۆژەکە و دەستگیرکردن و دادگایکردنی وەبەرهێنەران، بۆ نموونە 80 پڕۆژەی وەبەرهێنان تائێستا دەستیان بەکارەکانیان نەکردووە، بۆیە ئاگادارمان کردونەتەوە بە زووترین کات کارەکانیان تەواو بکەن، بەپێچەوانەوە پڕۆژەکانیان لێوەردەگرینەوەو دەیدەینە وەبەرهێنەری تر.
وتیشی نزیکەی 10 وەبەرهێن لە هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەشێکیان دەستگیرکراون و دادگایی دەکرێن، بەڵام بەهۆی یەکلایی نەبوونەوەی کارەکانی دادگا ناتوانین زانیاری تر بۆ میدیا ئاشکرا بکەین.
ئەو بەرپرسەی وەبەرهێنانی هەولێر، ئاشکرایدەکات تائێستا زیاتر لە 32 هەزار دۆنم زەوی لە وەبەرهێنەران وەرگیراوەتەوەو هەر وەبەرهێنەرێکش لەکاتی خۆیدا کارەکانی تەواو نەکات، زەوییەکەی لێ وەردەگیرێتەوەو دەرێتە وەبەرهێنەری تر.
08-06-2017