بزووتنەوەی گۆڕان بەرنامەی دوای نەوشیروان مستەفا دادەڕێژێت
ساڵح ژاژڵەیی: ئەوەی گرنگە خانەی ڕاپەڕاندنە
رووداو - سلێمانی
بزووتنەوەی گۆڕان بەرنامەی دوای نەوشیروان مستەفا دادەڕێژێت و کاتێکی زۆری لەکۆبوونەوەیەکدا تەرخانکرد بۆ گەیاندنی سەرنج و تێڕوانییەکانی خۆی بۆ جڤاتی نیشتمانییەکەی.
دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەقۆناخی دوای نەوشیروان مستەفا، بزووتنەوەکەی خستووەتە قۆناخی کۆبوونەوە و ڕاوێژەوە.
ساڵح ژاژڵەیی، جێگری ڕێکخەری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند لەم قۆناخەدا ئەوەی گرنگە خانەی ڕاپەڕاندنە، بەڵام ئێمە پەلە لەمە ناکەین و جارێ گرووپی ڕاوێژکارەکانی خانەی ڕاپەڕاندن دەکات و کە بەس ناوەکەیان جیاوازە، هەمووشمان پێکەوە بەرپرسیارین بەرامبەر بەم قۆناخەی بزووتنەوەکەمان.
هەڵسوڕاوانی گۆڕان دەیانەوێت وەک تەحەدایەک بەسەر نەیارەکانیاندا وەها خۆیان نیشان بدەن کە بێ ڕێکخەری گشتییان پێوەدیار نییە، بەو پێیەی ڕووداو زانیویەتی جڤاتی گشتی پێیانوابووە لەم قۆناخەدا بزووتنەوەکە پێویسی بە ڕێکخەرێکی نوێ نییە و کەوتووەتە سەرپێی خۆی، بەڵام کەسانێکیش هەن بیر دەکەنەوە کە بزووتنەوەکە کاریزماکەی لەدەستداوە.
کاوە عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەلەفی ئەنجوومەنەکان لە ژووری حکومەت و پەرلەمانی گۆڕان
دەڵێت بە دڵنیاییەوە بێ کاک نەوشیروانییمان پێوە دیارە و کاریگەریش دەبێت، بەڵام ئێمە هەموومان بەڵێنی ئەوەمانداوە کە لەدوای کاک نەوشیروان پێکەوە بزووتنەوەکە ببەین بەڕێوە و درێژەی پێبدەین.
رۆژانی داهاتوو پلانەکانی گۆڕان بۆ خۆبەڕێوەبردن ڕەنگ دەدەنەوە، کە ئاخۆ چاوبڕینە سەر شوێنگرەوەی ڕێکخەر دەبێتە مایەی ململانێێ هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان یاخود بۆ دۆست و نەیاری درووشمەکەیان دەسەلمێنن کەپۆست و پلە لای ئەوان بەهایەکی نییە.