دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
لەماوەی 20 ڕۆژدا سەرجەم سنوری مەرزی #کێلێ# لە قەزای پشدەر لەمین و تەقەمەنی پاککرایەوە و مەترسیش لەسەر وەستانی پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگای مەرزەکە کۆتای هات.
موحسین حسێن، بەڕێوبەری ناحیەی هێرۆی قەزای پشدەر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگەی مەرزی کێلێ کە دەکەوێتە نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتی کارکرندا ژمارەیەکی زۆری پاشماوەی مین و تەقەمەنی کاتی شەڕی نێوان عێراق و ئێران بەدەرکەوتن.
وتیشی لەماوەی 20 ڕۆژی کارکردن لە لایەن تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی مینی سلێمانی توانرا ڕووبەری هەزار و 800 مەتر دوجا لە سنوری مەرزەکە لە مین و تەقەمەنی پاکبکرێتەوە کە بەشێکی زۆری مینەکان لەجۆی مينی کەسی بوون.
بەڕێوبەری ناحیەی هێرۆ باسی لەوەشکرد، بەهۆی پاککردنەوەی سنوری مەرزەکە لە مین لە ئێستادا مەترسی وەستانی پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگای مەرزەکە کۆتای هاتووە و ئەمە سەڕای ئەوەی کە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر زیاد بوونی جوڵەی بازرگانی لە مەرزەکە بەو پێیەی مەترسی لەسەر گیانی شۆفێران نامێنێت.
موحسین حسێن ڕوونیشیکردەوە، مەرزی کێلێ لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 وەک مەرزێکی نافەرمی هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان هەرێم و وڵاتی ئێران تێدادەکرێت، هاوکات ماوەی 4 ساڵە بە فەرمی کار بۆ بەنێودەوڵەتی کردنی ئەو مەرزە دەکرێت، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی نەناسێنراوە.
#09-06-2017#