خەندان-
ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی کشتوکاڵی #پەرلەمانی عێراق# و کوردستان، داوای پێداچوونەوە بەوەرگرتنی بەشەگەنمی پارێزگاکانی هەرێم دەکەن و دەڵێن غەدر لە #سلێمانی# و #هەولێر# کراوە.
مەحمود ڕەزا پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، نوسراوێکیان ئامادەکردووه و ئاڕاستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی دەکەن بۆ ئەوەی پێداچونەوە بەپشکی گەنمی پارێزگاکاندا بکرێتەوە.
رونیشیکردەوە وەکو چۆن حکومەتی ئیتیحادی غەدری کردووە، کشتوکاڵی هەرێمیش غەدری لەسلێمانی و هەولێر کردووە، پشکی سلێمانی لەرێژەی لەسەدا 17ی گەنم کە دەبێت ئەمساڵ ڕادەستی بکات 224 هەزار تەنە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمەوە 115 تەنی بۆ دانراوە، هەولێر 151 تەنی بەردەکەوێت بەڵام 139 تەنی بۆ دانراوە، بەڵام #دهۆک# کە دەبێت 82 هەزار تەنی بۆ دیاریبکرێت، 175 هەزار تەنی بۆ دانراوە.
مەحمود ڕەزا ئاماژەی بەوەشکرد، پارێزگای دهۆک 82 هەزار تەن گەنمی بەردەکەوێت، بەڵام 175 هەزار تەن گەنمی بۆ دانراوە.
پێشتر عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ خەندان ڕایگەیاندبوو، زیاد لەپێویستی هەرێم گەنمیان هەیە، بەڵام عێراق لێیان ناکڕێت و دەڵێت ڕێژەی %17 ی لێدەکڕێت.
ئاماژەی بەوەشکردبوو عێراق بەشی پێداویستی خۆی گەنمی نییە وبۆیە لەدەرەوە دەیکڕێت، بەڵام ئێمە زیاد لەپێویستی خۆمان گەنممان هەیە و عێراق دەچێت لە وڵاتانی دیکە گەنم دەکڕێت بەڵام لە ئێمەی ناکڕێت، ئێمەش ئەمەمان پێوتوون.
11-06-2017