ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
چالاکوانانی مافی منداڵان لە ئێڕان دەڵێن، کە حەوت ملیۆن منداڵ لەو وڵاتەدا کاردەکەن، کە ڕێژەیەکی بەرچاویان بازرگانی مادەی هۆشبەریان پێدەکرێت.
ئاژانسێکی هەواڵی ناوخۆی ئێران ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا کە لە سەر لێدوانی سێ چالاکوانی مافی منداڵان ئامادەیکردووە، هەندێک ئاماری سەرنجڕاکێشی لە بارەی دۆخی ژیانی ئەو منداڵانە خستووە ڕوو کە لە سەر شەقامەکان کاریان پێدەکرێت.
ئە چالاکوانانە خستوویانەتە ڕوو، کە لە ئێڕان کار بە حەوت ملیۆن منداڵ دەکرێت لە سەر شەقامەکانی شارە جیاوازەکانی ئێران، کە زیاتر لە نیوەی ئەو منداڵانە خەڵکی ئەفغانستان یان پاکستانن.
هەروەها ئاشکرایان کردووە، کە تەمەنی زۆربەی ئەو منداڵانە لە 10 ساڵ بۆ 15 ساڵە، بەڵام هەندێک بەڵگە هەن، کە هەبوونی منداڵی تەمەنی خوار پێنج ساڵیش لە ناویاندا دەسەلمێنن.
باسیان لەوەشکردووە: بەشێکی بەرچاوی ئەو منداڵانە ناچاردەکرێن لە سەر شەقامەکان ماددەی هۆشبەر بفرۆشن، لە بەر ئەوەی کە گومانی کەمتریان لە سەرە.
هەروەها نیگەرانیان دەربڕیوە سەبارەت بەوەی، کە ڕۆژ لەدووای ڕۆژ ئاماری ئەو منداڵانەی وا بە هۆی ئەو کارەی پێیان دەکرێت ئالوودەی مادە هۆشبەرەکان دەبن زیاتر دەکات.
تیشکیان خستووەتە سەر ئەو خاڵەش، کە زیاتر لە نیوەی ئەو منداڵانە لە شوێنی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی شارەکاندا دەژین، بینراوە لە ناویاندا کە مشک سەر پەنجەی دەست و قاچی ژمارەیەکیانی خواردووە.
لە بەشی کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا، ئەو سێ چالاکوانە ڕایانگەیاندووە، چونکە ناوەند پەیوەندیدارەکان هیچ هەوڵێک نادەن بۆ باشترکردنی دۆخی ئەو منداڵانە و پێشگیریکردن لە پەرەسەندنەوەی کاری منداڵان، هیچ هیوایەک بە باشتربوونی ژیانی ئەو منداڵانە لە ئارادا نییە.[1]
12-06-2017