کۆنگرەیەی نەتەوەیی کورد، کە حەسرەتێکی سەد ساڵەیە بۆ گەلی کورد، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2013دا هەنگاوی بۆ نرا، بەڵام بە هۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە کۆنگرەکە پێکنەهات.
سەد ساڵ زیاتر تێپەردەبێت لەو کاتەی کە کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتی داگیرکەردا دابەشکراو ئێستا کاتییەتی کە لە گۆڕانکاری هاوسەنگییەکانی سەدەی 21ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکۆشانێکی بەرفروان ئەنجام بدرێت بۆ تێکشکاندنی ئەو سنوورانە لە ڕێگای بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوەییەوە، لە ساڵی 2013دا ئامادەکاری ئەنجامدرا بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و بۆ لابردنی پارچەبوونی گەلی کورد هەنگاوی زۆر گرنگ نرا، بەڵام کۆنگرەکە پێکنەهات، پاش هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکە کۆنگرەی نەتەوەیی بەتەواویی لە ڕۆژەڤی گەلی کورد سڕایەوە.
پاش پەیامێکی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە لە ساڵی 2013دا و بانگەوازی پەیامەکە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، مەسعود بارزانی کە ئەو کاتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو پشتگیری بانگەوازییەکەی کردو کار و خەبات بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەستیپێکرد، لەو کاتەدا لە سەر پێشنیاری عەبدوڵا ئۆجالان لە ئامەد، ئەوروپا و ئەنقەرە کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەچوو.
شاندێکی پەرلەمانتارانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی- بەدەپە، نیلۆفەر کۆچ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئەو نامەیەی کە ئۆجالان بۆ مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی نووسیبوو گەیاندە دەستیان، پاشان بە بەشداربوونی 39 حزبی سیاسی و ڕێکخراوی هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ڕۆژی 22ی تەموزی ساڵی 2013دا کۆبوونەوە سەرەتاییەکان بۆ بەستنی کۆژنگرەی نەتەوەیی دەستیپێکرد.
ئەو کۆبوونەوەیە کە لە چوارچێوەیدا 39 حزبی سیاسی و ڕێکخراوی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداربوون بووە یەکێک لە بەرفراوانترین کۆبوونەوەکانی مێژووی گەلی کورد، ژمارەیەک لەو حزب و ڕێکخراوانەی لە کۆبوونەکەدا بەشداربوون، بریتین لە، پەکەکە، پارتی، کەجەدە، بزوتنەوەی گۆڕان، حدک ئێران، بەدەپە، ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجومەنی نەتەوەیی کوردەکانی سوریا (ئەنەکەسە)، حدک، کەنەکە، ۆژاک، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی کۆمۆنیستی کوردستان، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، پارتی زە3حمەتکێشان، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، پارتی ئازادی کوردستان، پەسەکە، کەسەکە، پارتی سەربەخوویی کوردستان، بزوتنەوەی ژنانی دیموکراتی کوردستان، گەنجانی ڕەنجبەر و شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران، حزبی کۆمۆنیستی ئێران، دەستەی دیالۆگی دیجلە و فورات، پارتی ئازادی سۆسیالیزم، حزبی ڕەنجبەرانی کوردستانی ئێڕان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێڕان، بزوتنەوەی ئیسلامی گەل، دەدەکەدە، پ0ەچەکەدە، پارتی ئایندەی کوردستان، یەنەدەکە و پەدەکەی باکور.
هەوڵدان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بە ڕوانگەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکەوە دەستیپێکردبوو، ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی ئەو کاتی کۆنگرەی جڤاکی دیموکرات، پەیامی ئۆجالانی لە کۆنفرانسەکەدا خوێندەوە، لە پەیامەکەدا هاتبوو:پێش هەموو شتێک سڵاو دەنێرم بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی و هەموو ئەو کەسانەی بڕیاریان داوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە، ئەم کۆنفرانسە بۆ یەکێتی گەلی کورد زۆر گرنگە.
مەسعود بارزانی وتاری کردنەوە و دەستپێکی کۆبوونەوەکەی پێشکەش کرد و وتی:ئامانجمان لە بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە ئەوەیە، کە داواکارییە هاوبەشەکان و ڕێککەوتنە ستراتژییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان وەکو پەیامی ئاشتی ڕابگەیەنێت بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم کۆنگرەیەدا دەمانەوێت بە گەلی تورک، عەرەب و فارس ڕابگەیەنین، کە گەلی کورد لە سەر بنەمای ئاشتی و یەکسانیدا دەجوڵێتەوە، بارزانی هەروەها ڕاشیگەیاند، کە پێویستە کۆنگرەکە لە مانگی داهاتوودا لە هەولێر بەڕێوەبچێت.
کۆبوونەوەی 22ی تەموز ئەو هیوایە دایە هەمووان کە کۆنگرەکە بەڕێوەدەچێت، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا کۆمیتەی ئامادەکاری بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە پێکهات کە لە 21 ئەندام پێکهاتبوو، شەش ئەندامیان لە باکوری کوردستان، پێنج لە باشور، پێنج لە ڕۆژهەڵات و پێنجیش لە ڕۆژئاواوە بوون.
پاشان بریار دەرکرا، کە کۆنگرەی نەتەوەیی گەلی کورد لە ڕۆژەکانی 24 بۆ 26ی ئابدا بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆمیتەی ئامادەکار پاش چەند کۆبوونەیەک ڕایگەیاند، کە بە هۆی چەند کێشەی تەکنیکییەوە بەستنی کۆنگرەکە بۆ ڕۆژەکانی 14 بۆ 17ی ئەیلول دوادەخرێت، دواتریش هەڵبژاردن لە باشوری کوردستان کرایە بەهانە و وترا کە کۆنگرەکە لە 25ی مانگی 11دا پێکدێت، ئەو دواخستنەوانە دەیسەلماند کە ئاستەنگی ئەساسی هەیە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی.
یەکێک لە سەرەکیترین ئاستەنگەکانی بەردەم بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، کێشەی پارتی بوو لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان، سێ ڕۆژ پێش 22ی تەموز ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەنجومەنی نەتەوەیی کوردەکانی سوریا لەگەڵ بارزانی کۆببوونەوە، لە کۆبووەنەیەدا داواکرابوو کە ڕۆژئاوای کوردستان لە بواری سەربازی و بەڕێووەبەرایەتی سیاسییەوە بکرێتە دوو بەشەوە و لە نێوان ئەنجومەنەکاندا دابەش بکرێت، ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوا دژی ئەو پێشنیارە وەستابووەوە.
لەلایەکی دیکەوە پارتی و تورکیا لە سەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیان کرد بە هەڵکەندنی خەندەق، لە ڕۆژی 24ی مانگی 10 دا پارتی ڕێگای نەدا بە ساڵح موسلم کە لە خاڵی سنووری سێمالکاوە تێپەڕبێت بۆ ئەوەی بچیتە هەولێر و لەوێوە بچێتە ئەوروپا.
پێش ئەو و لە ڕۆژی 10ی ئابی ساڵی 2013دا عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ڕاگەیەندراوێکی دا و وتی:پێویستە پارتی یەکیتی دیموکرات دەرگایەکی سنووری دیکە دروست بکات، حەمید دەربەندی، وتەبێژی بارزانی لە ڕۆژی 25ی مانگی 10ی ساڵی 2013دا قسەیکرد و وتی:ڕێگانادەین ساڵح موسلم لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە بچیتە ئەوروپا، موسلم دەتوانێت لە دیمەشقەوە بچیتە ئەوروپا و هیچ پێویستییەکی بە کوردستان نییە.
لەلایەکی دیکەشەوە تورکیا و و دەوڵەتانی دیکە دژی یەکێتی نەتەوەیی کورد وەستانەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرابووە دوو بەرەی شیعە و سونە و ئێران پێشەنگایەتی بەرەی شیعەی دەکرد، ئەو حزبە سیاسیانەی سەربە ئەو دەوڵەتانە بوون نەیان دتوانی دەرەوەی بڕیارەکانی بەرەی سونە یان شیعە هەڵوێستیان هەبێت.
عەبدوڵا ئۆجالان هەر ئەو کاتە هۆشداری هەستیاربوونی دۆخەکەی دابوو و ڕوودانی جەنگی سێیەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاندبوو، ئۆجالان ڕایگەیاندبوو، کە گەلی کورد بۆ ئەوەی لە قەیرانەکانی ئەو شەڕەدا سەرکەوتوو بێت، پێویستە یەکیتی نەتەوەیی پێکبێنێت.
ئۆجالان لە مانگی تەموزی ساڵی 2014دا جارێکی دیکە نامەی نووسی و نامەکەی ڕادەستی لەیلا زانا و سری سورەیا ئۆندەر کرد، ئوندەر و زانا لە ڕۆژی 21ی تەموزی 2014دا جارێکی دیکە هاتنە باشوری کوردستان، بەڵام ئەو هەوڵدانەی ئۆجالانیش سەری نەگرت.
بە شکستهێنانی هەوڵەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان لایەنە جیاوازە سیاسییەکانی گەلی کوردیش پەرەی سەندەوە.
بە هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال، مەخمور، کۆبانێ و ژمارەیەکی زۆری شوێنەکانی هەرێمەکانی کوردستان، هێزەکانی گەریلا و پێشمەرگە و هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بەرەیەکی نەتەوەییان پێکهێنا و بەرگریان لە گەلی کورد کرد، ئەو بەرە نەتەوەییە سەلماندی کە لە ئەگەری پێکهاتنی یەکێتییەکی نەتەوەییدا تا چ ڕادەیەک کێشەکان، مەترسییەکان و هێڕشەکان بۆ سەر گەلی کورد کەم دەبنەوە.