هێمن ئەسکەندەر، ئەندامی دەزگای هەڵبژاردنی #یەکگرتووی ئیسلامی# کوردستان نیگەرانی حیزبەکەی ڕوونکردەوە و بە (رووداو)ی ڕاگەیاند ئێمە ڕەخنەو تێبینیمان لە تۆماری دەنگدەران هەیە، چونکە کۆمسیۆن پشتی بە #بایۆمەتری# نەبەستووە، بەڵکو بەپێی پسولەی خۆراک و تۆماری #وەزارەتی بازرگانیی عێراق# دەیانەوێ هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت، ئەمەش مانای وایە هەمان کێشە و گرفتی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دووبارە دەبنەوە.
هێمن ئەسکەندەر گومانی لە تۆماری دەنگدەران هەیە کە پشت بە داتاکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەستراوە. ئەگەری هەیە پەنابەر و ئاوارەکانیش کە ناسنامەیان بۆ دروستکراوە بەپێی تۆماری دەنگدەران دەنگ بدەن، چونکە هەر کەسێک ناسنامەی هەبێت ناوی لە تۆماری وەزارەتی بازرگانیدا هەیە.
#بزووتنەوەی گۆڕان#یش گومانی لە تۆماری دەنگدەران هەیە و دەڵێت پڕیەتی لە ناوی مردوو. کارزان گەردی، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان بە (رووداو)ی گوت: تۆمارەکە پڕە لە ناوی زیادە، دووبارە و ناوی وەهمی و مردوو. بۆیە دەبێ وەزارەتی بازرگانی و تەندورستی تۆمارەکە پاک بکەنەوە. کارزان ئەنجامدانی سەرژمێری بە باشترین چارەسەر دەزانێ بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی تۆمارێکی پاکی دەنگدەران.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن لەبارەی گومانی حیزبەکان لە تۆماری دەنگدەران دەڵێت، دەرگا بۆ حیزبەکان واڵایە کە سکاڵا لەسەر تۆماری دەنگدەران تۆمار بکەن. شێروان زرار دەڵێت ئێمە سوود لە بایۆمەتری وەردەگرین بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بە نووسراویش داوامان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە ژمارە و داتای مردووانی ساڵی 2013 تاوەکو 2017مان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی لە لیستی دەنگدەران دەریانبهێنین.
پرۆسەی بایۆمەتریی هەڵبژاردن لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 دەستی پێکردووە، بەڵام سەرەڕای هۆشداریی کۆمیسیۆن، لەوانەش ڕایینەکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان بەبێ کارتی بایۆمەتری، هاووڵاتیان وەکو پێویست بەدەم پرۆسەکەوە ناچن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی بەپێی قسەی بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، 35% تاوەکوو 40%ی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە مافی دەنگدانیان هەیە، ناوی خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار کردووە، بۆیە هەڵبژاردن بەپێی تۆماری وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ساڵی 2005 بەڕێوەدەچێ، چونکە ئەگەر بە بایۆمەتری بێت نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە هەڵبژاردن بێبەش دەبن.
بە گوتەی خەسرۆ گۆران (#پارتی دیمەکراتی کوردستان#)لە هەولێر 45% لە سلێمانی 33% لە دهۆک 58% و لە کەرکووک 56%ی دەنگدەران بایۆمەترییان کردووە. خەسرۆ گۆران دەڵێت ئەگەر بەراورد بکەین بە ڕێژەی دانیشتووان و ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، ڕێژەکە زۆر کەمە.
بەرپرسەکەی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان دەڵێت بەپێی زانیاری ئەوان ژمارەی دەنگدەرانی هەولێر و دهۆک زۆر زیادی کردووە، ئەوەش گومانی لەلای ئەوان دروستکردووە زیادبوونی بەرچاوی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر و دهۆک پەیامێکی سیاسییە وەکو ئەوەی ئەو ڕێژەیە لە سلێمانی زیاد نەبووبێت.
ئارام جەمال، لە #پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن# دەڵێت: تاوەکو لە کۆمسیۆن تۆماری دەنگدەران یەکلایی نەبێتەوە و ناوی مردووان لە تۆمارەکە دەرنەهێنرێ، ناتوانرێ ئاستی گەشەی دانیشتووان و دابەشوونیان بەسەر پارێزگاو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێ.
#حکومەتی هەرێمی کوردستان# بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەمساڵدا 30 ملیار دینار (22 ملیۆن دۆلار)ی خستووەتە سەر حیسابی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، شێروان زرار گوتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێ: بۆ ئەنجامدانی هەر پرۆسەیەک پێویستمان بە شەش مانگ ئامادەسازی هەیە.
لە هەر سێ پارێزگەکەی هەرێمی کوردستان 173 بنکەی لاوەکی دەنگدان هەیە (هەولێر 53 بنکە، سلێمانی 79 و دهۆک 41). هەر یەک لەو بنکە لاوەکیانەش لە چەند بنکەیەکی دەنگدان پێکدێن لە هەولێر 498 بنکە، سلێمانی 740 و دهۆک 256 بنکەی دەنگدانی هەیە. بنکەکانی دەنگدانی هەولێر پێکدێن لە 2340 وێستگە، سلێمانی 2753 وێستگە و دهۆک 1481 وێستگە. بۆ بەڕێوەچوونی هەر هەڵبژاردنێکیش هەولێر پێویستی بە 14 هەزار 688 فەرمانبەر هەیە، سلێمانی 16 هەزار 110 فەرمانبەر و دهۆک 8 هەزار 941 فەرمانبەر.
رووداو
15-06-2017