ئێمە، بەشداربووانی ئەم هەڵمەت و کەمپەینەی دژ بەم ڕیفراندۆمە بەڕێخراوە (ریفراندۆمی 25-09-2017)، وەکو ئەرکێکی نیشتمانیی، نەتەوەیی و دێموکراتیی، بە پێویستی دەزانین لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێکدا بە پشتبەستن بە شیکردنەوە، فاکت و فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەروەها بە هۆی جیۆپۆلیتیکی کوردستانی عێڕاق و ڕۆڵی گرینگی وزەوە، ڕۆشنایی بخەینە سەر ناوەڕۆک و کاریگەریی و ئامانجی ئەم پرۆسێسە کە حکومەتی هەرێم (حکومەتی پارتیی دیمۆکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)، ناوی ڕیفڕاندۆم، ڕاپرسیی یان گشتپرسییان لێناوە. لە خوارەوە، هەندێ لەو خاڵانە و هەنگاوەکانی بەرەنگاربونەوەی ڕیفراندۆم باس دەکەین.
لە کاتێکدا زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستانی عێڕاق، بە ئێمەشەوە، خوازیاری ئەوەین خاوەنی قەوارەی سەربەخۆ و ئازاد بن، ئەی بۆچی ئێستا دژی ڕیفراندۆم دەوەستینەوە؟ ئایا بەڕاستیی ئەم ڕیفراندۆمە بۆ جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانە لە عێڕاق و هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو سەربەخۆیی یان ئەم پڕۆژەیە، بۆ ئەجێندای حیزبیی و بنەماڵەیییە؟ ئایا لە بنەڕەتدا هەڵقوڵاوی واقیعی سیاسیی ناوخۆی کوردستانە و ڕەهەندێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی هەیە یان پلانێکی ساختە و داسەپاوە، لە دەرەوەی کوردستانەوە، هاوردە کراوە؟
1.ریفراندۆم، بە سادەترین تێگەیشتن، دەنگدانی ڕاستەوخۆی زۆرینەی جەماوەری کوردستانە لەسەر پرسێک کە بە پێی قانون و خواستی جەماوەریی (لە پارلەمانی کوردستانەوە، یان دەسگایەکی شەرعیی لە عێڕاقەوە) دەبێ جێکەوت بکرێت. ئەم ڕیفراندۆمە لە یەکەم هەنگاوی دا شەرعییەتی قانونیی، دەستوریی و جەماوەریی نییە. هەر ئەمەش ئامانجەکانی دەسەلمینت کە لە خوارەوە باسکراون. بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسێکی جێی ناکۆکیی لەنێوان دوو لایەندا، بەر لە هەرشتێک دەبێت دوو لایەنەکە ڕێککەوتنێکی ڕەسمیی و شەرعیی لە نێوانیاندا ئیمزا بکەن تا هەردوولا، وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و نەتەوە یەکگرتوەکان بەشەرعیی تەماشای بکەن و بە هۆکاری خۆشگوزەرانیی و سەقامگیریی لێکبدرێتەوە نەک هەڕەشە.
2.ئێمە کە بەباکگراوندی نەژادیی، کوردین، خوازیاری ئەوەین کە گەلانی کوردستان لە کوردستانی عێڕاقدا بەیەکجاریی ئازاد و سەربەخۆ بن و لەپاڵ نەتەوە و نەژادەکانی تردا، بەسەربەستیی، ژیان بگوزەرێنین، بەڵام میکانیزمەکانی ئەم سەربەخۆیییە، تەوقیت و هەلومەرجە سیاسیی، جڤاکیی و ئابوورییەکەی نەک بەهەند وەرنەگیردراوە، بەڵکو لەڕوی ئابوورییەوە بازرکانییکردنە بە نەوتی کوردستان، لەڕووی سیاسییەوە ڕەهەندی ماددیی چەند بنەماڵەیەکی سیاسیی و دەسگای موخابەراتیی چەند دەوڵەتێکی ناوچەکە زاڵە بەسەریدا. بۆ خەلکی هەژار و بەشمەینەتیش قەیرانی ئابووریی قوڵتر دەکاتەوە و پووش دەخاتە ژێر ئاگری ئەو جەنگەی خزێنراوەتەوە ناوچەکە. ئەو کاتەش هیچ دور نییە هێزی مرۆیی ئەم نیشتمانە، وەکو میلیشیایەکی گەورەی مەعنەویی و ماددیی، بۆ شەڕی کوردی پارچەکانی تری کوردستان، بەکاریبهێنن و کوردستان بکەن بە [باکوری] قوبرسێکی تر.
3.ئێمە دژایەتیی ڕیفراندۆم ناکەین، وەکو مافێکی سیاسیی گەلی کوردستان، بەڵام دژایەتیی ئەم ڕیفراندۆمە حیزبیی و بنەماڵەیییە دەکەین. دەبێ کاتێک ڕیفراندۆم بکرێت کە داعش تەواو بووبێت، بە تەنسیق لەگەڵ حکومەتی بەغداد بکرێ، دەبێ لە ڕێگەی پارلەمانێکی شەرعییەوە بڕیار بدرێ نەک لە دیوەخانی حیزبیی و سیاسییە بازرگانەکانی کوردستانەوە، دۆمینە بە چارەنووسمانەوە بکەن. دەبێت ڕیفراندۆم بۆ ئەوە بێت کە گەلانی کوردستان و گەلانی عێڕاق، پێکەوە بەتەبایی لەپاڵ یەکدیدا بژیێن، نەک نەعرەتەی شەڕی نەژادیی و تائیفیی لێ بکەوێتەوە و بە ئیرادەگەریی حیزبیی و یەکلایەنە ئەمە بکرێت. ئێمەی گەلی کوردستان، دەکرێ لە چوارچێوەی جیۆگرافیای سنووری عێڕاقیشدا خاوەنی مافی چارەی خۆنووسین بیین، ئەگەر مەسەلە ئەم مافەیە، بەڵام ئەم ڕیفراندۆمە، زیاتر بۆ سەپاندنی هەژموونی ئەجێندای هەندێک سیاسیی بیزنسمانی پارتیی و هەندێکی ناو یەکیتیی و تەواوی ناوچەکە، بەڕێوە دەچێت.
تەواوی ڕابەرانی ئەم ڕیفڕاندۆمە، شانازییان بەوەوە دەکرد کە کورد مافەکانیان لە دەستوری عێڕاقدا جێکەوت بووە. ڕاستییەکەیشی، دەستوری عێڕاق، زامنی پێکەوەژیانە. بۆچی دەبێ گەلی کوردستان، دوای ئەم حەماسە ناعەقڵانیی و ئەم هەڵپە حیزبیی، نەژادیی و بازرگانییە بکەوێت، لەکاتێکدا لەعێڕاقدا ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان، باشترە، بەراورد بەوەی قومارێکی گەورە بە چارەنووسمانەوە بکەین؟ بۆچی دەبێت ڕیفراندۆم وەک کارتێکی سیاسیی دژ بە بەغداد بۆ وەدەستهێنانی پۆست و ئیمتیازی زیاتر و نەوتی کەرکووک بۆ کەمینەیەکی سیاسیی بەکاربهێندرێت؟
4.پرۆژەی ئەم ڕیفراندۆمە بە ناوی دەوڵەتسازیی و بنیاتنانی دەوڵەتی نەژادیی کوردییەوە، پێچەوانەی هەموو بنەما سەرەکییەکانی دروستبوونی دەوڵەتێکی نیشتمانیی و چەمکی وڵاتییبوونە. مەگەر هەر ئێستا، کەسێک هەیە کەمێک عەقڵانیی بییربکاتەوە، نەزانێ چۆن ئەم دەوڵەتە گریمانەیە، ئێزیدییەکانی وەدەرناوە، یان لە خۆنەگرتووە(Exclusive) بە پێچەوانەشەوە، ئێزیدییەکان -حکومەتی هەرێم خۆی ڕێککەوتنی کردوە کە هێزەکانی پێشمەرگە بکشێنەوە بۆ واقیعی پێش دەستپێکردنی شەڕی موسڵ (17 ئۆکتۆبەری 2016)- زێڕەڤانیی کوردایەتیی و بانگەشەکارانی ڕیفراندۆم بەو هێزە و بەو عەقڵییەتە نابینن کە پارێزەری کەرامەت و شوناسی ئەوان بێت. ئەگەر دەوڵەتیک نەتوانیت بەرگریی لە کەمینەیەکی ئایینی هاوزمانی خۆی بکات، ئەوا زۆر ئەستەمە بتوانیت قەناعەتی سیاسیی و کەلتووریی بە عەڕەب، تورکمان، مەسیحییەکانیش بکات کە ئەم دەوڵەتە نەتەوەیی-نەژادیی بنەماڵەیی نابیت و دەبیت بە نیشتمانی ئەوانیشن کە ئەمەش سەرچاوەیەکی تری ئاژاوەی کۆمەڵایەتیی دەبێت.
5.ریگای ڕاستەقینە بەرەو سەربەخۆیی سیاسیی کوردستان تەقدیسی دەوڵەتی نەتەوەیی (دەوڵەتی کوردیی) نییە، بەڵکو ئەمە هەمووی گەمەکردنە بە چەمکی ناسیۆنالیزم و وروژاندنی عاتیفیی و ئایدیۆلۆژییە کە بەرهەمی شکستی چارەسەری ئەو قەیرانە ئابوریی و هزریی و سیاسییەیە کە کوردستانی عێڕاقی تەنیوەتەوە. ترسێکی گەورە لە لامەرکەزییەت و چەمکی بەکانتۆنکردنی شارەکانی کوردستان هەیە کە میکانیزمێکی کارایە بۆ سنووردارکردنی دەستەڵاتە حیزبیی و مەرکەزییەکان (حکومەتی هەرێم) و گەڕانەوەی دەستەڵات و ئیرادەی خەڵک بەسەر شار و ناوچەکانیاندا. تا شارێک و ناوچەیەک لە کوردستاندا، ئازادیی زیاتریان هەبێت، بەردێکی زیاتر لە بناغەی چێکردنی نیشتمان دادەنرێت و ئاییندەی باشتر مسۆگەر دەکرێت و سەربەخۆیی نزیکتر دەکەینەوە.
6.دەستەڵاتدارانی پارتیی، بە مێنتاڵیتیی عەشایەریی، میزاجی شەخسیی و بەهاکانی خێڵ، چەندین ساڵە بەڵێنی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بە خەڵک دەدەن. ئێستا ئیحراج بوونە و دەیانەوێت ئەم بەڵێنە ساختەیە، بەرنە سەر کە خۆیان لە هەموو کەس باشتر دەزانن، چۆن ئەجێندا ئابووریی و سیاسییەکان بەکام ئاقاردا بەرن و هەر لە ئێستایشەوە کەوتوونەتە دانانی خەت ڕەجعە و خۆگونجاندن لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق، ئەمێریکا، ئێران و پێشهاتەکانی تردا. لە ئەگەری فەشەلی ڕیفراندۆمەکەیشیاندا، هەر لە ئێستاوە، تاوانبارەکانیان دیاری کردووە و تەخوینیان دەکەن.
7.شەرعییەتی ئەم تەفویزە (تەفویچ - Mandate) ی ڕیفراندۆم، دەرگایەکی تر لە تالانکردنی سامانی نیشتمانیی کوردستان، بۆ دەیان ساڵی تر، دەکاتەوە. ئەمانە دەیانەوێت، ئەم دۆخە سیاسییە بکەنە ئەمری واقیع (دیفاکتۆ) و بەبیانووی ئەوەی لە قۆناغی ڕاگوزەر و ئینتیقالیی داین (لەنێوان ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەت)، ماوەیەکی زۆر، دەستەڵاتە عەشەیاریی، بنەماڵەیی و حیزبییەکانی خۆیان بەسەر تەواوی سێکتەکانی کۆمەڵگەدا، بەتایبەت سێکتە ئابووریی و سیاسییەکاندا بسەپێنن و شەرعییەتەکەیشی لە ڕێگەی دەنگدانی ڕیفراندۆمەوە، بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربهێنن.
8. وێڕای هەموو نەهامەتییەکانی عێڕاق و ئەو گەندەڵییە زۆرەی لە عێڕاقدا هەیە، وێڕای ئەوەی عێڕاقیش موبتەلا بووە بە شەڕی تائیفیی و گەندەڵییەکی سیاسیی و ئابووریی زۆرەوە، بەڵام وەکو لایەنە واقیعییەکەی و عەقڵانییەکەی، مانەوە لەگەڵ عێڕاقدا لە ئێستادا(وەکو واقیع، بەشێکین لە عێڕاق و ئەوەش بیردەخەینەوە کە بە ویست یان نەویست سەدەیەکە لە چوارچیوەی خاکێک داین) زۆر باشتر و عەقڵانییترە، لەوەی سەری خەڵکی کوردستان و چارەنووسی ئاییندەی ئەم گەلە لە فرتوفێڵێک(Bluff) و لە سەفقەیەکی بازرگانیی و سیاسیی نێوان بازرگانە سیاسییە میلیاردێرەکانی کورد و هێزە ئیقلیمییە تائییفەکاندا، بقەبڵێندرێت.
9.ریفراندۆمێک بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی پارتیی و یەکێتیی بێت، بۆ داپۆشینی قەیران بە قەیران بێت، بۆ شاردنەوەی دزیی و تاڵانیی کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەکان لە سامانی نیشتمانیی کوردستان و سەرقاڵکردنی خەڵک و پەراوێزخستنی تەنگژە ئابوورییەکان و خۆدزیینەوە لەو هەژاریی و سەرگەردانییەی کوردستان بێت، بۆ بەرزکردنەوەی چانسی مەسعود بارزانیی بێت بۆ ئەوەی وەلیی ئەمری سیادەی کوردستان بکات و خۆی بسەپێنێتەوە، پێویستە بەتوندیی ڕەتبکرێتەوە. بەکارهێنانی ئەم تەفویزە جەماوەرییە بۆ بەدەستهێنانی بیزنسی باشترە لەگەڵ حکومەتی عێڕاق. لە حاڵەتی سەرکەوتنی و جیابونەوەی یەکلایەنە لە عێڕاقیش، سنووردارکردنی سەرجەم مافە سیاسیی، قانونیی و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ قۆناغی چەسپاندنی دەوڵەتەکەی بارزانیی کە ویلایەتێکی سەر بە تورکیا دەبێت، وەکو ڕۆبۆت بۆ ئەجێندای خۆی بەکاریدەهێنێت، پێویستە بەرپەرچ بدرێتەوە.
10. هەرچەندە، بە پێی قانون و دەستوری عێڕاق، ڕێگە نادرێت لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەم ڕیفراندۆمە حیزبیی و بنەماڵییە بکرێت، بەڵام لە ئەگەری کردنیدا، دەرفەتی تەقینەوەی ڕق و بوغزی نێوان تائیفە جیاوازەکان، بەیەکدادانی هێزە ئیقلیمییەکان بەوەکالەتی حیزبە کوردیییەکان، عەڕەبییەکان و تورکمانییەکان، بەدوایداسەرهەڵدانی شەڕێکی خوێناویی، دەخوڵقێنێت. حکومەتی هەرێم و حیزبەکانی هەرێمی کوردستان ناتوانن بەرگریی لە هێرشی دەرەکیی دەوڵەتانی ناوچەکە بکەن، لە کاتێکدا ئەم هەرێمە لە دەستوری عێڕاقدا، تەواوی مافەکانی دیاریکراوە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتییش سنوورەکانی و خاکەکەی خاوەن سەروەرییە و ناتوانرێت ببەزێنرێت. بەپێی ڕێککەوتنی ستراتیژیی ئەمێریکا و عێڕاقیش، ئەمێریکا پابەندە بە پاراستنی خاکی عێڕاق (بە کوردستانیشەوە) لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکیی.
11.لە هەموو دۆخێکدا، بە ئەنجامدانی و ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، بە بەڵێ و بە نەخێر، پارتیی، بە کۆمەکی ئەو حیزبانەی لەگەڵیدا بەشداربون، خەڵکێکی زۆری سەرگەرم و بیهۆش کردووە و دۆخێکی خوڵقاندووە، هەر براوە دەبێت. لێرەشدا بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکان دەکەوێتە ئەستۆی گۆڕان، کە ڕوئیای شەفاف و ڕوئیای دوورمەودای نییە، هێشتا خۆی لە وەهمی نەژادیی و خورافاتی نەتەوەیی پاکنەکردوەتەوە، هەروەها دەکەویتە ئەستۆی یەکگرتوو، کە وەکو لقێکی ئاکەپە مامەڵە لەگەڵ کوردستانی عێڕاقدا دەکات.
12.ئەگەر زۆنی زەرد، لەژێر جەبەروتێکی دیکتاتۆرییانەی حیزبیی دایە و هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک بە ئاگر و ئاسن، بە تێرۆر و شوێنبزرکردن، وەڵام دەداتەوە، ئەوە زۆر گرینگە، فشاری جەماوەریی و میدیایی دژی دامودەسگا حیزبییەکانی یەکێتیی بچێتە سەرەوە، هەروەها دەنگی ناڕەزایەتیی دژی گۆڕان و کۆمەڵ بەرزبکرێتەوە کە بەجدیی و بە جەرائەتەوە، تەحەدای ئەم کەمپەینە تاڵانیی و چەتەگەرییەی ئابووریی بکەن و بەزەقیی دەنگی نا بەرز بکەنەوە. پێویستە بەجورئەتەوە دژی ئەوانە بوەستینەوە کە هەوڵی تەخوینی بەرەی “نا” دەدەن. بەرەی “نا”، بەرەی دیموکراتخوازیی و نیشتیماندۆستییە کە عەقڵانییەتی سیاسیی پێشی بەرژەوەندخوازیی سیاسیی و پۆپیولیزمی سیاسیی دەخەن.
13.فەشەلهێنان بەم ڕیفراندۆمە، بە قازانجی خەڵکی کوردستانی عێڕاقە، بە قازانجی کێشەی سیاسیی گەلی کوردستانە لە هەموو پارچەکانی تری کوردستاندا، هەروەها شکستێکی گەورەش دەبێت بۆ سیاسەتی بەناو سەربەخۆیی ئابووریی کە ئەم هەموو برسێتییەی بۆ خەڵکی کوردستان هێناوە -ئەمە مانای وانییە دژ بە سیاسەتێکی نیشتیمانییانەی ئابوریی سەربەخۆ بین-، خۆیشیان دەیان بیلیۆن دۆلاریان لەسەریەک کەڵەکە کردووە. فەشەلهێنان بەم ڕیفراندۆمە کە شەرعییەت بە حیزبێک و چەند بنەماڵەیەکی سیاسیی دەدات، ڕێک بە قازانجی ئەوە دێت کە گەلی کوردستانی عێڕاق، لە ئاییندەی نزیک و دووردا، بە وردیی، بەعەقڵانیی و بە ئەزمونەوە، هەنگاو بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی سیاسیی بنێت.
14.هاوکات، دەبێت لە ڕێگەی دامودەسگا حکومییەکانی عێڕاق و حیزبە سیاسییەکانی عێڕاقەوە، بەتایبەتیی لە ڕێگەی ئەو پارلەمانتارە کوردانەی بەغدادەوە کە لەژێر هەژموونی سەرکردایەتیی پارتیی و پرۆ-پارتییەکانی ناو یەکێتییدا نیین، هەوڵی پوچەڵکردنەوەی ئەم ڕیفراندۆمە بدرێت. دەکرێ فشار لە گۆڕان و کۆمەڵ بکرێ ئەم مەلەفە ببەنە پارلەمانی عێڕاقەوە، بەجورئەتەوە تەحەدای بکەن و بەرچاوڕۆشنیی لای کەم بە ڕیزەکانی خۆیان بدەن. هاوکات، لەبری ئەم هاشوهوشی ڕیفراندۆمە، دەکرێت هەوڵەکان بەگەڕ بخرێن و فشار بۆ حکومەتی عێڕاق بهێنرێت ئەو بەندانە جێبەجێبکرێن کە پێوەندییان بە کێشەی گەلی کوردستان و حکومەتی ناوەندەوە هەیە، دەستەڵاتی ئیداریی زیاتر بە هەرێمی کوردستان ببەخشێت، و دەرگای گفتوگۆی بەشە-بودجە بکاتەوە. لە گفتوگۆکانی ئەم جارەی نێوان حکومەتی عێڕاق و حکومەتی هەرێمدا، وەفدی هەرێمی کوردستان لە پارلەمانەوە دیاریبکرێن ڕای خەڵک، میدیا و تەواوی هێزە سیاسییەکان ڕەنگبداتەوە. خوێندنەوەیەکی وردتر بۆ دەستوری عێڕاق بکرێت و سازش لەسەر مافە دەستورییەکانی هەرێم بۆ بەرژەوەندیی هیچ کەس و لایەنێک نەکرێت. لێرەوە داوا لە ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستان و سیاسییە دڵسۆزەکانی عێڕاق دەکەین کە چەندێک دژ بە ناسیۆنالیزمی نەژادیی سیاسییەکانی کورد دەوەستنەوە، هیندەش بەشداربن لە ڕیگریی کردن لە دەستەڵاتدارانی عێڕاق کە یاریی بە مەلەفی کورد بکەن لە پێناوی بەهێزکردنی دەستەڵاتی خۆیاندا.
ناوەکان
1.ئەزمەر ئەحمەد محمد
2.ئارام جەلال عومەر
3.ئومێد محمد حەسەن
4.ئارام ئەحمەد
5.ئاسۆ حەسەن قەرەداغی
6.ئاران محمد حەسەن
7.ئاکام عەزیز
8.ئازاد مەلانەبی
9.ئومێد محمد
10.ئاکۆ حامید هەورامی
11.ئاراز عوسمان فەتاح
12.ئاری محمد حەسەن
13.ئارام ئەحمەد جاف
14.ئالان حسین خەیات
15.ئەنوەر عەبدوڵا
16.ئارام حەسەن باداویی
17.ئاکام ڕەسوڵ خەلیفە
18.ئیسماعیل گەڵاڵەیی
19.ئومێد ئبیراهیم ڕەسوڵ
20.د.بەرزی محمد
21.بەناز عەلی
22.بەناز ساڵح
23.بەدرخان محمد
24.بەرهەم عومەر عەبدوڵا
25.بێستون شێخ محمد
26.پێشەوا سدیق عەلی
27.تەرزە محمد ئیسماعیل
28.چۆمان محمد
29.چنور ساڵح
30.چرۆ ساڵح
31.د. چیا محمد عەتار
32.دارا ئەبوبەکر
33.دیاری خالید مارف
34.دیار عەزیز شەریف
35.دارا شێخ یەحیا
36.دلێر حسین مامەند
37.رەوا سەلیم
38.رەنج عوسمان
39.رێباز حەسەن
40.رێزان ساڵح
41.رێبین محمد
42.رەنج سۆران محمد
43.رەنج سەروەر حسین
44.رێبین دڵشاد تەها
45.رەوەند فەتاح جەواد
46.زانا عومەر عەلی
47.زمناکۆ خەسرۆ
48.زوبێر عەبدولرەحمان
49.زرنگ بەهادین
50.ژیلوان هەڵەدنی
51.سامان عەلی عەبدوڵا
52.سەرکەوت شەمسەدین
53.سوارە هێمن شاڵی
54.سۆران حسین
55.سەباح عەلی قارەمان
56.ساڵح حەمە ئەمین
57.سەفین ئازاد
58.سەروەر مامۆ تۆفیق
59.سیامەند ئەحمەد کۆیی
60.سامان عمر
61.شەنگ ئەحەمەد کەریم
62.شادمان محمد ساڵح
63.شنیار ئەنوەر حەسەن
64.شوان مەهدی کەریم
65.شاسوار هەرشامی
66.شنە فایەق
67.شوان چاوشین
68.شۆرش حامید جەبار
69.عومەر قادر
70.عومەر حاجی حەمەلاو
71.عەدنان کەریم
72.عومەر محمد
73.عەباس شوان
74.عومەر میرزا ئەحمەد
75.عەبدوڵا ڕەزا ڕەسوڵ
76.کەنار ساڵح
77.کاروان سالار عەبدوڵا
78.کەمال موستەفا
79.کامەران وریا قانیع
80.کەمال چۆمانی
81.کامیار سابیر
82.کۆسار کەریم
83.کوردۆ سەعید
84.کرماج سەڵاحەدین
85.گۆران عەبدوڵا سابیر
86.لوقمان حسین خدر
87.فریاد لوقمان عەزیز
88.ڤیان فەرەج
89.قادر موستەفا ئەحمەد
90.مەهدی ئەبوبەکر
91.میران عوسمان
92.موراد حەسەن
93.موستەفا شێخ محمد
94.موزەفەر هەمزە
95.محمد خدر
96.مەحمود عەبدوڵا
97.محمد ئیسماعیل
98.محمد جەلیل
99.نیاز حامید برایم
100.د.نیاز نەجمەدین
101.نەبەز جەلال
102.نیاز سەڵاح
103.نەریمان عەلی
104.نیاز جەمال
105.نەجمەدین عەلی
106.نەجیبە قەرەداغی
107.هیمداد شاهین
108.هادی حەمەرەشید
109.هادی عەزیز
110.هێمن شێخ عومەر
111.هادی عەزیز
112.هاورێ محمد تەها
113.هێرش عەبدول ڕەحمان
114.هێمن عەبدول ڕەحمان حاجی حەسەن
115.هیوا غەفور عەبدوڵا
116.هێرش کاکە ڕەش
117.د. هۆشمەند ڕەسوڵ
118.هونەر مستەفا
119.هەکاری عومەر میرزا
120.هەلۆ نوری
121.هیوا ئەحمەد حەمە
122.هیوا کەمال سەعید
123.هاوبەش سەرتیپ جاف
124.هەرێم عەلی لەتیف
125.هیوا محمد
126.یاسین ئافتاو
127.یاسین خالید حەسەن
128.یاسن عەبدوڵا محمد ئەمین
15-06-2017