رووداو- هەولێر
لە کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر برنج هەیە و ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار تۆن لە هیندستان، پاکستان، ڕووسیا و ئەمەریکاوە بە بەهای زیاتر لە 230 ملیۆن دۆلار هاوردە دەکرێ.
برنج لە زۆر وڵاتی جیهان خۆراکێکی بنەڕەتییە، بۆیە لەڕووی چاندنەوە لەدوای گەنم بە پلەی دووەم دێت. لەڕووی بڕی بەرهەمیشەوە لە دانەوێڵەکاندا لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی سێیەمدایە، بەڵام چاندن و بەرهەمی ئەو خۆراکە ستراتیژییە لە کوردستان پشتگوێخراوە.
بەپێی ئاماری #وەزارەتی کشوکاڵ# و سەرچاوەکانی ئاو، بەرهەمی برنج لە کوردستان هێشتا لە کەمبوونەوەدایە، بەجۆرێک بەرهەمی ساڵی ڕابردوو بەراورد بە سێ ساڵ پێشتر بە ڕێژەی 28% کەمی کردووە، تێکڕای بەرهەمی ساڵانەی کێڵگەکانی برنجیش لە هەرێمی کوردستان لە 6 هەزار تۆن تێپەڕ ناکات، ئەو بڕەش نزیکەی 3%ی پێویستیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێ، واتە 97%ی ئەو برنجەی لێرە دەخورێ، هاوردەکراوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ بە پشتبەستن بە پێوەری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، پێویستیی ساڵانەی تاکی هەرێمی کورستانی بە 36 کیلۆ برنج دیاری کردووە. بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش، ساڵی ڕابردوو ژمارەی دانیشتووانی کوردستان گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 614 هەزار کەس، کەواتە هەرێمی کوردستان بێ ئاوارەو پەنابەر و ئەو گەشتیار و میوانانەی ڕووی تێدەکەن، ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 202 هەزار و 104 تۆن برنجە.
د.ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێت: ماوەی چەند ساڵێکە برنج بووەتە یەکێک لە خۆراکە سەرەکییەکانی ڕۆژانەی خەڵک، بۆیە پێشبینی دەکەین زیاتر لەو بڕەی بۆ پێویستیی تاک لە هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، برنج بخورێ.
برنج بەلای وەزارەتی کشتوکاڵەوە لە ڕیزی بەرهەمە ستراتیژییەکانی وەکو گەنم، پیاز، تەماتە و پەتاتە دانراوە. بەڵام د.ئەنوەر عومەر دەڵێت ئەولەوییەتیان بۆ بەرهەمی دیکە بووە و پلانی گەشەپێدانی برنجیان نەبووە.
د.ئەنوەر، دابەزینی ئاستی بەرهەمی برنجی خۆماڵی بۆ هۆکاری سروشتیی گەڕاندەوە و گوتی پێشتر ئاو زۆر بوو، بۆیە لەکەنار ڕووبارەکان و 700 کارێز لە کوردستان برنج دەچێنرا، بەڵام بەهۆی وشکەساڵی زۆربەی کارێزەکان وشک بوون و بەوهۆیەوە بەرهەمی برنج پاشەکشەی کرد.
چاندنی برنج بەگوێرەی جۆرەکانی پێویستی بە ئاوی زۆر و پلەی گەرمیی تایبەت هەیە، بۆیە ئەم بەرهەمە زیاتر لە ناوچە گەرم و نیمچە گەرمەکانی نێوان هێڵی پانی 45ی باکوور و 40ی باشووری گۆی زەوی دەچێنرێ. لەڕووی چاندن و بەرهەمیشەوە وڵاتانی چین، ژاپۆن، هیندستان، پاکستان و ئیندۆنیزیا لە پێشەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنی برنجن.
فاتیح یاسین، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای مومتاز بۆ هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان کە بریکاری سەرەکیی فرۆشتنی برنجی مەحموودە لە هەولێر، دەڵێ ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار تۆن برنج لە هیندستان و پاکستان و تایلاند و ڕووسیا و ئەمریکا و ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەوە دەهێنرێت.
بە گوتەی ئەو بازرگانە، زیاتر لە 50 جۆر برنج هاوردەی کوردستان دەکرێت، نرخەکانیشیان بە گوێرەی کواڵیتییان لە 400 تاوەکوو 1150 دۆلارە بۆ هەر تۆنێک.
ئەو بازرگانە دەڵێت بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، 90%ی خەڵک لە هەرێمی کوردستان برنجی هیندی دەخۆن کە نرخی هەر تۆنێکی زیاتر لە 1000 دۆلارە، بۆیە دەتوانین بڵێین ساڵانە بایی 230 ملیۆن دۆلار برنج هاوردەی کوردستان دەکرێ.
کۆمپانیای ئازاد ڕایس ساڵانە 20 هەزار تۆن برنج لە دەرەوە هاوردە دەکات. ئازاد نادر کە خاوەنی کۆمپانیاکەیە دەڵێت لە کوردستان برنج بازاڕێکی گەرمی هەیە، بۆیە 100 کۆمپانیا برنج هاوردە دەکەن، هەر کۆمپانیایەکیش چەند مارکەیەکی بەناوی خۆی تۆمار کردووە و برنج لە هیندستان و ئەمەریکا و ڕووسیا و وڵاتانی دیکەوە دەهێنن.
ئازاد گوتیک کواڵیتیی جیاواز هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، چەند جۆرە برنجێکی کواڵیتی نایاب هاوردە دەکرێن کە تۆنێکی بە 2000 دۆلارە، بەڵام دانیشتووانی کوردستان زیاتر خواستیان لەسەر برنجی دەنک درێژی کواڵیتی باشە کە نرخی تۆنێکی 1200 دۆلارە.
لەجیهاندا دوو جۆری باوی برنج هەن، ئەوانیش بریتین لە جابونیکا و ئیندیکا. کۆمەڵەی یەکەم زیاتر لە کێڵگە کەشوهەوا وشکەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەچێنرێ.
کۆمەڵەی دووەمیش زیاتر لە زەوییە نزمە ئاوییەکانی ئاسیا دەچێنرێ. قەبارەی برنجەکەشی سێ جۆرە (درێژ، مام ناوەند و خڕ)، برنجی کوردی لە جۆری ئیندیکای خڕی کورتە.
زانا محەممەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی لە سلێمانی دەڵێت لە ئەنجامی توێژینەوە بۆمان دەرکەوتووە خاک و ئاو و هەوای کوردستان زیاتر بۆ برنجی جۆری خڕی دەنک کورت گونجاوە.
زانا پێیوایە ئەگەر حکومەت پلانی بۆ گەشەپێدانی برنج هەبێت، تەنیا لەڕێی سوودوەرگرتن لە ئاوی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و بەنداوە بچووکەکانی دیکە و ڕووبارەکان، دەتوانن هاوشێوەی گەنم بەرهەمی برنجیش تا ئاستی خۆبژێوی زیاد بکەن.
سەرجەم ئەو جۆرە برنجانەی لەناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەچێنرێن، لە جۆری برنجی خڕی دەنک کورتە، بەڵام بەگوێرەی ناوچەکان ناوی جیاوازی لێنراوە وەکو مەولەوی، بازیان و نەگازە لە سلێمانی. بەرازیلی، شەش مانگ، سێ مانگ و سەدریش لە دهۆک و هەولێر دەچێنرێ.
لە هەر پارێزگایەکیش لە چەند ناوچەیەکی جیاواز برنج دەچێنرێت. لە هەولێر زیاتر لە هەریر و باتاس و بارزان، لە سلێمانی زیاتر لە بازیان و لە دهۆکیش زیاتر لە سنووری قەزاکانی بەردەڕەش و ئاکرێ و سێمێل. لەڕووی چاندن و بەرهەمیشەوە پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەمدایە، ساڵانە 4 تاوەکو 6 هەزار دۆنم زەوی دەچێنن کە دەکاتە نزیکەی 2/3 ڕووبەری برنجی چێنراو لە هەرێمی کوردستان.
د.ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ باسی پلانی وەزارەت دەکات بۆ گەشەپێدانی برنج و دەڵێت لەدوای گەیشتن بەئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمی گەنم، لەپلانماندایە گەشە بە بەرهەمی برنجیش بدەین. ساڵی ڕابردوو وەک قۆناغی یەکەم ئامێری کوتان و ئاشمان بۆ جووتیارانی ئاکرێ دابین کرد، بۆ ئەمساڵیش لەپلاندابوو ئامێری کوتان بۆ جووتیارانی هەریر و بارزان و بازیان دابین بکەین، بەڵام بەهۆی دابیننەکرنی بودجە، نەمانتوانی ئەم پلانە جێبەجێ بکەین.
16-06-2017