بەرپرسانی قەزای شەنگال ئاشکرایدەکەن، بۆ ئاوەدانکردنەوەی قەزاکەیان پێویستیان بە 10 ملیار دۆلارە، تاوەکو ئێستاش بەهۆی کێشەی سیاسی و خزمەتگوزاری تەنها لە 1% خەڵکەکەی گەڕاونەتەوە.
بەپێی ڕووپێوێکی قائیمقامیەتی قەزای شەنگال، ڕێژەی 85%ی سەنتەری قەزاکە وێران بووە، لە کۆی هەشت هەزار و 105 خانووی هاووڵاتییان لە شارەکە، پێنج هەزار و 300 خانوو وێران بوون، دوو هەزار دووکانیش بە تەواوی خاپوور کراوە، له و ڕێژەیەش کە نزیکەی سێ هەزار خانوو دەبێت لە 15% بۆ 50% زەرەریان پێگەیشتووە.
هەر بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 10 هەزار خانوو لە ناحییەی سنونێ و کۆمەڵگای دووگر و خانەسوور و دۆلا و ناحیەی گرعزێر و ناحیەی بلێ وێرانکراوە.
مەحما خەلیل، قائیمقامی قەزای ناوەندی شەنگال، لەوبارەیەوە بۆ دواڕۆژ ئەوەدەخاتەڕوو، تیمێکی ئەندازیاریی ئەوان هەڵساون بە خەمڵاندنی زیانەکانی داعش و هەموو کەرتەکانیشیان دیاریکردووە، بەپێی ڕاپۆرتەکە بۆ ئەوەی شنگال بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش سێی ئابی 2014 پێویستمان بە 10 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووی مەعنەوی خەڵک.
مەحما خەلیل، ئاماژەش بەوەدەکات، داوامان کردووە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی لەژێر سێبەری حکومەتی هەرێم بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکرێت، هەروەها سەندوقێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال لە کەسانی دەوڵەمەند و خێرخواز و وڵاتانی کۆمەکبەخش تەرخانبکرێت و یارمەتیمان بدرێت هاوشێوەی سەندوقی مارشال، چەندین وڵاتیش بەڵێنی هاوکارییان داوە وەکو ئەمریکا و ئەڵمانیا.
هەر بەپێی داتا و ئامارەکان بەر لە هاتنی داعش دانیشتوانی قەزای شەنگال و دەورووبەری بەپێی کۆبوونی خۆراک 450 هەزار کەس بووە، ناحیەی گرعزێریش نزیکەی 80 هەزار کەس بوو، بە هەردوو قەزاکەش ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکە لە نێوانی 515 تا 530 هەزار کەسدا بووە، بەڵام لەئێستادا تەنها 1% دانیشتوانی شارەکە گەڕاونەتەوە قەزاکە.
مەحما خەلیل، دەڵێت حکومەتی عێراق و پارێزگای نەینەوا هیچ هاوکارییەکیان نەکردوون و ئومێدیشم نییە لە ئایندە بیکەن، چونکە ئێمە ئێزیدین و دەڤەرەکەش کوردن.
مەحما، ڕاشیگەیاند دوو کێشەی سەرەکییان لە شەنگال هەیە یەکەمیان سیاسییە و ئەوی دیکەشیان خزمەتگوزارییە، بە نووسراوی ڕەسمی داوکاریی پارێزگای مووسڵ و حکومەتی خۆجێی شەنگال داوایان لە چەند هێزێک کردووە ئەو شوێنانە چۆڵ بکەن، هەروەها کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا هۆکارێکی دیکەی نەگەڕانەوەی خەڵک و کێشەکانی شەنگالە، نە بەغدا و نە هیچ لایەنێکی تر هاوکاریی نەکردووین بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان.
ئه و بەرپرسەی شنگال، ئەوەدەخاتەڕوو، خەڵکی شەنگال داوادەکەن ناوچەکەیان بکرێت بە پارێزگا بۆ ئەوەی خەڵک لە جینۆسایدی داهاتوو و لە ڕۆتینی ئیداری ڕزگاریان بێت.
ناوبراو، وتیشی بەغدا بەڵێنەکانی نەبردە سەر، ئێستاش بەڵێنیش دەدات و نایکات، بۆیە شەنگال لەسەر کاغەز سەر بە نەینەوایە.
راپۆرتەکەی قائیمقامیەتی قەزای شەنگال، ئەوەشی خستۆتەڕوو، زیانە مرۆییەکانی لە ئێزدییەکان لەسەر دەستی داعش پێنج هەزار و 877 کەسن لە نێر و مێ، تاوەکو ئێستاش سێ هەزار و 700 کەس لەدەستی داعش ماون زۆرینەیان ژن و منداڵن.
له و بارەیەوە قائیمقامی شەنگال، دەڵێت لەبارەی قوربانییانی ڕۆڵەکانی ئێزدییەکان لە شەهیدان ئاماری ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام نزیکەی پێنج هەزار 877 کەس دەبن لە شەهید و بێ سەرو شوێن.
هەر بە پێی ئامارەکان ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان له و قەزایە ئێستا 42 گۆڕه که بەپێی پێشبینیەکان سەرجەمیان زیاتر لە سێ هەزار و 624 تەرمی ئێزیدی تێدایە.
قائیمقامی قەزای شەنگال ڕوونیکردەوە، پێویستە حکومەتی هەرێم و عێراق ئەرکی خۆیان بەرامبەر بەو گۆڕە بەکۆمەڵانە جێبەجێبکەن، چونکە ئەوە دوو ساڵە لەبەر کەشوهەواو باران و بەفر و گەرما دوایدەخەن.
وتیشی چەندین جار داوامان کردووە گۆڕێکیان بۆ دروست بکرێت و تێیدا بنێژرێن، بەڵام دەڵێن بوودجە نییە، لێرەوە داوادەکەین ڕێز لەو گۆڕانە و قوربانییەکانی بگیرێت و ئێسکوپروسکیان بە کەسوکارییان بدرێتەوە.
قەزای شنگال، لە 3ی ئابی 2014 لەپاش گرتنی مووسڵ و لە لایەن چەکدارانی داعشەوە دەستیبەسەرداگیراو بەهۆیەوه هەزاران کەس لە ئێزیدییەکان کوژران و ئاوارەبوون.
17-06-2017