ساڵ دوای ساڵ بەرهەمی #برنجی خۆماڵی# کەمتر دەبێتەوە و لە ئێستادا 97%ی پێداویستی ناوخۆ لەسەر برنج هاوردە دەکرێت، وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت قەیرانی دارایی ڕێگرە لەبەردەم زیادکردنی ئه و بەرهەمە.
بەپێی ئه و ئامارەی لە #وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو# دراوەتە دواڕۆژ لە ئێستادا ساڵانە تەنها شەش هەزار تۆن برنج بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێشتر بەرهەمی برنج زیاتر لە 10 هەزار تۆن بوە و، ساڵ بەساڵیش کەمتر دەبێتەوە.
ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە هەرێمی کوردستان تەنها شەش هەزار تۆن برنج بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا خواست لەسەر برنج بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و لەئێستادا گەیشتۆتە 200 هەزار تۆن بۆ یەک ساڵ.
وتیشی، تەنها 3%ی بەرهەمی برنجی لەناوخۆ بەرهەمدەهێنرێت و 97%ی هاوردە دەکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی برنج بەرزبکاتەوە، بەڵام قەیرانی دارایی ڕێگرە، ئەنوەر عومەر ڕونیشکردەوە، کە لە ساڵی ڕابردوو چەند ئامێرێکی کوتان و سپیکردنەوەی برنجیان کڕیوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە کەلوپەلی زیاتر بکڕن.
بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون ڕونیشکردەوە کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان لەیەک دۆنم زەوی تەنها یەک تۆن برنج بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بەرهەمی یەک دۆنم بەرزبکەنەوە بۆ سێ تۆن برنجی وەک هەر وڵاتێکی بەرهەمهێنەری برنج.
18-06-2017