گوتەبێژی #سەرۆکوەزیرانی عێراق# دەڵێت، ئەو ڕاگەیێندراوەی لەبارەی ئەنجامدانی #گشتپرسی# بۆ سەربەخۆیی #هەرێمی کوردستان# بەناوی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، هەڵبەستراوە و دوورە لە ڕاستییەوە.
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: هەڵوێستی حکومەتی عێراق یان لە ڕێگەی لێدوانەکانی حەیدەر عەبادی، سەرکوەزیرانی عێراق، یان بەیاننامە فەرمییەکان، یان لە ڕێگەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، یان ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، یان لە ڕێگەی منەوە بەو پێیەی گوتەبێژی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانم، بڵاودەکرێتەوە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتیشی هەر سەرچاوەیەک جگە لەو سەرچاوانەی ئاماژەم پێکردن هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەسەر هەر پرسێک دەرببڕێت، حکومەتی عێراق لێی بەرپرسیارنیيە و لەلای ئێمەوە دەرنەچووە و هەڵبەستراوە، ئەگەر هەیە هەندێک لایەن هەبن بۆ تێکەڵکردنی پرسەکان و شێواندنی ڕای گشتی کار لەسەر ئەو ئاراستەیە بکەن.
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەسەر پرسی ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان سەعد حەدیسی، گوتەبێژی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەرووداوی ڕاگەیاند: پێشر ڕامانگەیاندووە و بەیاننامەیەکیشمان لەمبارەوە دەرکردووە، جگە لەمە هیچ بەیاننامەیەکی دیکە لە ئەنجوومەنی وەزیران لەمبارەیەوە دەرنەکراوە، ئەوەی لەو ڕاگەیێندراوەشدا هاتووە هەڵبەستراوە و حکومەتی عێراق بەرپرس نییە لێی.
ئەمڕۆ یەکشەممە سایتی ئیلافی سعودی بەیاننامەیەکی بەناوی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە کە چەندین خاڵی لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و شەرعیەتی ئەنجامدانی و ئەو ناوچانەی گشتپرسی دەیانگرێتەوە لەخۆگرتبوو، لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی دوای ئەنجامدانی گشتپرسییەکە دێنە پێشەوە کە بڕیارە لە ئەیلولی داهاتوو ئەنجامبدرێت.
یەکێک لەو پێشهاتانەی کە عەبادی بەنیازە بیگرێتەبەر، سەندنەوەی وڵاتینامەی عێراقییە لە کوردی باشووری کوردستان، کوردی نیشتەجێی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و دەرەوەی عێراق بە کوردانی فەیلیشەوە.
19-06-2017