پارێزگاری #هەولێر# هۆکاری ژەهراویبوونی ئاوارەکانی #موسڵ#ی لە #کەمپەکانی حەسەن شام و خازر یوو 2# ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، بەهۆی مانەوەی خواردنەکە بووە نەک کەمتەرخەمی چێشتخانەکە. ئاماژەی بەوەش کرد گرفت لەو ماددانە نەبووە کە چێشتخانەکە لە دروستکردنی خواردنەکەدا بەکاریهێناون.
رۆژی دووشەممە 19-6-2017، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و جێگری پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە پزیشکییەی ئاشکراکرد کە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ژەهراویبوونی ئاوارەکانی موسڵ لە کەمپەکانی حەسەن شام و خازر یوو 2 ئەنجامدرابوو.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: هۆکاری سەرەکی تێکچوونی خۆراکەکە چۆنییەتی هەڵگرتن و مانەوەی لەنێو دەفرێکی پلاستیکی و بەرزیی پلەی گەرمی بووە، نەک ئەو ماددانەی لە دروستکردنی خواردنەکە لە چێشتخانەکەدا بەکارهاتوون.
بەگوتەی نەوزاد هادی، خواردنەکە لە 09:00 ی بەیانییەوە لەنێو دەفرێکی پلاستیکی نراوە، تاوەکو بەربانگ کاتێکی زۆر ماوەتەوە، بەپێی پشکنینی پزیشکی دەرکەوتووە جۆرە بەکتریایەک بەناوی (Staphylococci - ستافیلۆکوکس) لەنێو دەفرە پلاستیکییەکە لە ئەنجامی پلەی گەرمی گەشەی کردووە، بەتایبەت لەنێو ئەو دەفرە پلاستیکییەی برنج و ڕانە مریشکی تێدا بووە.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستبەجێ لەڕێگەی دادگاوە 7 کەس دەستگیرکرابوون، 6 کەسیان کارمەندی چێشخانەکە بوون، یەکێکیشیان کارمەندی ئەو ڕێکخراوە بوو کە خۆراکەکەی دابینکردبوو، بۆ ڕێککاری یاساییش ڕاپۆرتی پزیشکیمان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار و دادگاکردووە.
هەفتەی ڕابردوو لە کەمپەکانی یوو 2، حەسەن شام و خازر 825 ئاوارە بە خواردن ژەهراویبوون و زۆربەشیان ژن و منداڵ بوون، ئەمەش کاردانەوەیەکی فراوانی لێکەوتەوە.
رووداو
19-06-2017