وتەبێژی #سیستەمی تۆماری بایۆمەتری# مووچەی فەرمانبەران ڕادەگەیەنێت، 15 ڕۆژی تریان پێویستە بۆ وردبینکردن و تۆمارکردنی مووچەی فەرمانبەران.
یەکشەممەی ڕابردوو 18ی حوزەیران، سەرجەم پەنجەرەکانی تۆماری بایۆمەتری مووچەی فەرمانبەران داخران و لەمڕۆوە دەست بە وربینی و تۆماری مووچەی فەرمانبەران تەواو دەکرێت.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی سیستەمی تۆماری بایۆمەتری بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لەماوەی 15 ڕۆژی تر کارەکانی وردبینی و تۆمارکردنی مووچەو زانیارییەکانی فەرمانبەران تەواو دەکرێت، کە ناوی خۆیان لەسیستەمەکە تۆمارکردووەو هەر نایاساییەک کرابێت، ئاشکرادەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، دوای تۆمارکردنەکەو وردبینیکردنیان، مووچەی نایاسایی و دوو مووچەی فەرمانبەران ئاشکرادەبێت و بۆ #ئەنجومەنی وەزیران# بەرزدەکرێتەوە.
تائێستا یەک ملیۆن و زیاتر لە 202 هەزار مووچەخۆر لە سیستەمی بایۆمەتری مووچەی فەرمانبەران تۆمارکراوە.
پێشتر دواڕۆژ بڵاویکردەوە، کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لەسەر بنەمای تۆماری نوێی بایۆمەتری مووچە دابەشدەکرێت.
لە سەرەتای تشیرینی یەکەمی 2016، ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی کردنەوەی (76) بنکەی تۆماری فەرمانبەران و موچەخۆرانەوە هەنگاوەکانی سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی موچەی فەرمانبەران جێبەجێکرد.
بەپێی سیستەمەکە، تۆماری بایۆمەتری مووچە ڕێگە لە مووچەی بندیوارو دوو مووچەو سێ مووچە دەگرێت و سەرجەم مووچەخۆران و چین و توێژەکانی تر دەگرێتەوە لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
دوارۆژ
20-06-2017