سەرۆکی ڕێکخراوی فریاگوزاریی میللی نەرویجی ڕایدەگەیەنێت، کە هەریمی کوردستان ئیقامەی لە چوار هەزار پەنابەری ڕۆژئاوای کوردستان وەرگرتووەتەوە بەهۆی ئەوەی هاتووچۆیان کردووە لەنێوان ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان-دا.
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەران-ەوە ئەمڕۆ کاتژمێر 10:00 ڕێکخراوی فریاگوزاری میللی نەرویجی له هۆڵی هۆتێل چوارچرای شاری هەولێر دوایین ئاماری پەنابەرانی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
هۆگر چەتۆ، سەرۆکی ڕێکخراوی فریاگوزاری میللی نەرویجی لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، وتی: زیاتر لە 219 هەزار پەنابەر لەهەرێمی کوردستان هەن.
هۆگر، ڕێژەی دابەشبوونی پەنابەران-ی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، وتی: لە پارێزگای هەولێر 109 هەزار، لە سلێمانی 10 هەزار و لە دهۆک-یش نزیکەی 100 هەزار پەنابەر نیشتەجێن.
ئەوەشی ئاشکراکرد، کە چوار هەزار لە پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان ئیقامەکانیان لێوەرگیراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی لەنێوان ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان-دا هاتووچۆیان کردووە، ئەمەش کێشەی بۆ دروست کردوون و ئێستاش لەهەوڵێ چارەسەر کردنی ئه و کێشەیەدان لەگەڵ دەزگای ئاسایش و لایەنی پەیوەندیدار.
هەر لەمیانەی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، زیا پتروس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە زۆر هۆکار هەن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ببەنە پەنابەر یان ئاوارە، بەڵام وەک ئەو وتی:له هەموویان گرنگتر بەهۆی نائارامی دۆخی سیاسییەوەیە.
رۆژنیوز
20-06-2017