دوای دەستلەکارکێشانەوەی قائیمقامی #کفری#، بەڕێوەبەری سەرجەم #فەرمانگە حکومییەکان#ی ئەو شارە یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی #ئیدارەی گەرمیان# کرد و دەڵێن، ئەگەر کفری لەوە زیاتر پشگوێ بخرێیت هاوشێوەی قائیمقام دەستلەکاردەکێشنەوە.
قادر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پەروەردەی کفری بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند لەبری بێدەربەستی حکومەت و پشتگوێخستنی مافی هاونیشتمانیانی کفری و بێبەشکردنیان لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و نەبردنە سەری بەڵێنەکانی حکومەت، ئێمە وەک بەڕێوەبەری 23 فەرمانگەی کفری هاوشێوەی قائیمقامی شار دەست لە پۆستەکانمان هەڵدەگرین.
هەروەها عەبدوڵڵا ئەنوەر، جێگری سەرپەرشتیاری گەرمیان به تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاندهەر یەکێک پرۆژەی هەیە بابێیت سەردانی ئیدارەی گەرمیان بکات، بۆ ئەوەی کاتێک پارەیەک بۆ گەرمیان دابینکرا ئێمە بۆ کفری خەرج بکەین، وە شارەوانی کفریش سەردانی بەشی هونەری ئیدارەی گەرمیان بکات بۆ ئەوەی تێیان بگەیەنێیت ئەوە 24 ملیار دینارە تەنها بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو خەرجنەکراوه، بەڵکو بۆ هەموو گەرمیانە.
هاوکات لەبارەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی قائیمقامی قەزای کفری، ئیدارەی گەرمیان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە چەند خاڵێک کردووە و تێیدا هاتووە دەقی وازهێنانەکەی بەڕێز قائیمقامی قەزای کفری، پێش گەیشتنی بە بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە ئەمەش مایەی سەرسووڕمانە و پێچەوانەی ڕێوشوێنە ئیدارییەکانە.
لە خاڵێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە وازهێنانی قائیمقامی قەزای کفری پەیوەندی بەو پرۆژانەوە نییە کە لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگەڕخراونەتەوە، ئەوەندەی پەیوەندی بە داواکاری کەسی و تایبەتەوە هەیە، بەجۆرێک بەڕێزی داوای کردووە بکرێت بە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەکاتێکدا جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەوامی ئاسایی خۆی کردووە و بەردەوامە لە کارەکەی.
ماوەیەک پێش ئێستا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی دەڤەری گەرمیانی کرد و بەڵێنی بەگەڕخستنەوەی چەند پرۆژەیەکی دا، بەڵام دانیشتووانی کفری ناڕازین و دەڵێن تەمەنێکە کفری پشتگوێخراوە، قائیمقامەکەیشیان دەڵێت لەو بڕە پارەیە تەنها یەک ملیار دیناری بۆ کفری دانراوە.
لەبارەی تەرخانکردنی بودجەی 24 ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی گەرمیان و کەمی بەشی کفری له و بودجەیە ئیدارەی گەرمیان ڕایدەگەیێنێت ئەمە تۆمەتێکی بێ بنەمایه، چونکە هیچ بڕە پارەیەک بۆ هیچ پرۆژەیەکی نوێ تەرخان نەکراوە، بەڵکو ئەوەی هەیە بەگەڕخستنەوەی ژمارەیەک پرۆژەی ڕاوەستاوە کە پێشتر بودجەیان بۆ تەرخانکراوە و تێچووەکەی نزیکەی 24 ملیارە دینارە و لە کاتی خۆیدا هەموو وردەکارییەکان دەخەینەڕوو.
رۆژی سێشەممە 20-6-2017، جەلال نووری، قائیمقامی کفری بەوەکالەت دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و هۆکارەکەیشی بۆ پشتگوێخستنی قەزاکەی گەڕاندەوە، دوای ئەو 23 بەڕێوەبەری فەرمانگە حکومەییەکانی کفری هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد.
رووداو
20-06-2017