ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی پەنابەران بوو. ئێستا لە جیهاندا 65 ملیۆن کەس ئاوارە، لە #هەرێمی کوردستان# نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، کە دەکاتە ڕێژەی نزیکەی 2%ی کۆچبەرانی جیهان.
شاکر یاسین، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە #وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان# هۆکارەکانی ئاوارەبوونی خەڵکی بۆ کێشە مەزهەبی، سیاسی و نەتەوەییەکان و شەڕ گەڕاندەوە و گوتی: پێناسەی جیاوازیش بۆ ئەو ئاوارانە هەیە، لەوانە هەندێکیان ئاوارەی نێوخۆیین، هەندێکیان پەنابەرن و خاوەن ناسنامە و وڵاتینامەی بیانین، لە هەرێمی کوردستانیش ئەوان سێ دەستەن.
شاکر یاسین دەڵێت، ئەوانەی وەکو پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن، وەکو خوشک پەنابەرەکانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستانن، کە لە هەرێمی کوردستان مافی پەنابەریێتیان پێدراوە و دەتوانن نیشتەجێ ببن.
سەبارەت بە ژمارەکانیشیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت ژمارەی پەنابەرانی سووریا تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 236 هەزار کەسە، هەشت هەزار پەنابەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نزیکەی 18 هەزار پەنابەرانی باکووری کوردستان هەن.
رووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003ەوە بە دەستپێکی ئاوارەبوونی خەڵکی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
شاکر یاسین دەڵێت لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە شەش ملیۆن و 130 هەزار کەس لە سەرانسەری عێراق بە هۆکاری جیاواز جێگەی بایەخپێدانن، مەرج نییە ئاوارە ببن، خەڵکانێک هەن لەژێر کاریگەری شەڕ و پێکدادانەکاندان، هەندێکیان شوێنەکانیان جێهێشتووە و هەندێکیان لە شوێنەکانیان ماونەتەوە.
رووداو
20-06-2017