سەرپەرشتیاری #فیدراسیۆنی پەنابەران# ئاشکرایدەکات، 48 کۆچبەری کورد بێسەروشوێنن و دەشڵێت، لە کۆتایی ساڵی (2015)ەوە تائێستا زیاتر لە 158 کۆچبەری کورد گیانیان لەدەستداوە.
ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی #عێراق#ی لە #هەرێمی کوردستان# ئەمڕۆ سێشەممە 20ی حوزەیرانی 2017 بە دواڕۆژی وت ئەمڕۆ 66 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر #پەیماننامەی جنێف# پەیوەند بە مافەکانی پەنابەران، بەڵام سات بەسات وڵاتانی ئیمزاکەری ئه و پەیماننامەیە پاشەکشێ دەکەن و له و مەرج و بڕیارانە کە کاتی خۆی دەریانکردووە.
سەبارەت بە پەنابەرانی کورد ئاری جەلال، وتی لەکۆی 54 کۆچبەری کوردی بێسەروشوێن بوو کە خنکاون یان سووتاون، تا ئێستا چوار تەرم دۆزراونەتەوە و بەپێی یاسای یۆنان دەبێت دوای دوو ساڵ دەستبکەین بە مامەڵە و تەرمەکان بگەڕێنینەوە هەرێم.
ئاماژەی بەوەشدا لە کۆتایی (2015)ەوە زیاتر لە 158 کۆچبەری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆچکردن گیانیان لەدەستداوە، زۆرینەیان لە دەریای ئیجەدا خنکاون، لە ساڵی (2014)ەوە زیاتر لە 100 تەرمی کۆچبەری کوردمان گەڕاندۆتەوە بۆ هەرێم.
سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەران، ئەوەشی خستەڕوو ڕەوشی پەنابەران بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئەوروپا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە خراپبوون دەکات.
هێمای بۆ ئەوەشکرد بەهۆی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی کورد و عێراقی بەگشتی کاتی خۆی نووسراومان ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، لە دەرئەنجامدا بڕیاری 261ی لێکەوتەوە ئه و دیپۆرتکراوانەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بوون قەرەبووکرانەوە و گەڕێنرانەوە سەر کارەکانیان و زەوییان وەرگرت، بەڵام بەداخەوە لە پەرلەمانی کوردستان جێبەجێ نەکرا.
ئاری جەلال، باسی لەوەشکرد لە ساڵانی (2005 تا 2011) زیاتر لە شەش هەزار و 500 پەنابەری کورد دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە.
هەر ئەمڕۆ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەران لە هۆتێل گراند ملنیۆم، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی لەژێر ناوی (بەخواستی خۆمان نییە، ناچار دەکرێین کۆچ بکەین)، ڕۆژی پەنابەرانیان بەکردنەوەی پێشانگەیەکی وێنەیی گیانلەدەستدراوانی کۆچ و چەند چالاکییەک بەرزڕاگرت.
لە بەیاننامەیەکیشدا فیدراسیۆنەکە داوایکرد دیپۆرتی پەنابەران ڕابگرن، کە لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا و حکومەتی عێراقەوە ڕێککەوتنیان لەبارەوە کراوە، داواشدەکەن ئه و کۆچبەرە کوردانەی بێسەروشوێنن و پشکنینی (DNA)یان بۆ ئەنجامدراوە بدۆزرێنەوە.
دوارۆژ
20-06-2017