دوو گەنجی شاری #هەولێر# ئۆتۆمبێلێک لە شێوەی ئۆتۆمبێلێکی کلاسیکی بەریتانی درووستدەکەن، کە بووەتە جێگای سەرنجی شەقامەکانی شار، بەڵام گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت: لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکە نایاساییە تا ئەو کاتەی پشکنینی سەلامەتی بۆ دەکرێت.
سۆران و دارەوان کە دوو برای یەکدین، ئۆتۆمبێلی کاتێرهام 620Rی بەریتانیان درووستکردووە، ئەم ئۆتۆمبێلە لە ساڵی 1973یەوە یەکەمجارە لەلایەن گراهام نێرنی بەریتانی درووستکرا.
سۆران و دارەوان لە گەراجێک نزیکەی 5 مانگ کاریان کردووە، تاوەکوو کاتێرهامەکە بەرهەمهاتووە.
ئەم ئۆتۆمبێلە جیا لە مەکینە و تایەکانی، زۆربەی پێکهاتەکانی دیکەی دەستکردن، مەکینەکەی هیی ئۆتۆمبیلێکی ئەڵمانییە، بەڵام پلێت و پەیکەرەکەی لە جۆرە ماددەیەکی بەهێزتر لە ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی چاکراوە.دارەوانی براکەی دەڵێت: تەواوی مەرجەکانی سەلامەتی تێدا بەدی هاتووە.
لەوەناچێت ئەمە دواین کاری ئەم دوو برایە بێت، چونکە ئەگەر پشتگیری ماددی و مەعنەویان بکرێت، لە بەرنامەیاندایە بازاڕەکانی باشووری کوردستان پڕبکەن لە ئۆتۆمبێلی خۆماڵی.
#فازڵ حاجی#، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند ێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکە نایاساییە تا ئەو کاتەی پشکنینی سەلامەتی بۆ دەکرێت.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بەیەکجاری خاوەنەکانی ئەم کاتێرهامەی بێ هیوا نەکرد، چونکە ئەم ئۆتۆمبێلە دەکرێت لە ئەنتیکخانە یا ئاهەنگی بووکگواستنەوە یا لە شوێنە گشتییەکان دیمەنێکی تایبەت ببەخشن.
گەرچی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەولێر پشتگیری خۆی بۆ ئەم ئۆتۆمبێلە دەرنەبڕی، بەڵام ئەمە دوو براکەی دەڵێن ماندووبوونیان بەهەدەرنەچووە.
ئۆتۆمبێلی کاتێرهام 620R لە بواری کێبڕکێشدا بەکاردەهاتن، لە سێ چرکەدا خێراییەکەی دەگەیشتە 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. ئەگەر لە بازاڕەکان بەردەست بێت نرخەکەی 620 هەزار دۆلارە.[1]
ڕووداو
22-06-2017