ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانیان بەمەبەستی بەسەربردنی پشووی جەژن لە گەرمای هاوینی #باشووری کوردستان# دووردەکەونەوە و بەرەوە وڵاتانی دیکە گەشت دەکەن.
سیامەند کەریم، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕایگەیاند بەپێی گوتەی کۆمپانیا گەورەکانی گەشتیاری لە #هەرێمی کوردستان#، لە بەشێک لە هێڵە ئاسمانییەکان شوێنی گەشتکردنی تەنانەت یەک کەسیش نەماوە و، هەموویان حیجز کراون بەتایبەت بۆ وڵاتی #تورکیا# و #ئەنتاڵیا#.
لە ساڵی 2016دا 33 هەزار گەشتیار لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو وڵاتان گەشتیان کردووە، کە زۆربەیان (زیاتر لە 60%یان) بەرەو وڵاتی تورکیا و ئەنتاڵیا گەشتیان کردووە.
بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی گەشتوگوزاری، چاوەڕێ دەکەن ئەمساڵ نزیکەی 100 هەزار گەشتیار لە باشووری کوردستانەوە بەرەو وڵاتان گەشت بکەن، هەروەها نزیکەی 10 فڕۆکە، گەشتیاران بەگرووپ دەگوازنەوە وڵاتان، ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵی ڕابردوو تەنیا پێنج فڕۆکە بوون، واتا لەماوەی یەک ساڵدا ژمارەی فڕۆکەکان دووبەرامبەر بووە.
هەرچەندە هێشتا قەیرانی دارایی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی بەرنەداوە، بەڵام گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر زیادیان کردووە، بەجۆرێک لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێڵی گەشتیاریی تونس کرایەوە، هەر ئەمڕۆش یەکەم فڕۆکەی ئەیر ئەرمینیا کاژێر 18:00 دەگاتە فڕۆکەخانەی هەولێر.
ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ هێشتا ئامارەکان ڕانەگەیەنراون و چاوەڕێ دەکرێت دوای جەژن بخرێنەڕوو.
رووداو
24-06-2017