دۆخی دارایی گرووپە تیرۆریستەکان یەکێکە لەو پرسە سەرەکییانەی کە حکومەتەکان لە سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا پێوەی سەرقاڵن. ئەو پرسە دوو تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێ، یەکەمیان: سەرچاوەی دارایی ڕێکخراوەکانە و، دووەمیان: چۆنێتی گواستنەوەی پارەیە. سەرەڕای ئەو هەڵمەتە نێودەوڵەتییەی لەدژی تیرۆر هەیە، کەچی باری دارایی ڕێکخراوە توندئاژۆکان هەمیشە باشە! بودجەی ساڵانەی #ڕێکخراوی قاعیدە# پێش هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر 30 ملیۆن دۆلار بووە، کەچی بودجەی #داعش# لەساڵی 2015 دا نزیکەی دوو ملیار دۆلار بووە! سەرچاوەکانی پارە دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی بەشێکی سەرەکییە لە کاری ڕێکخراوە تیرۆریستەکان. بەپێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی ئاسایشی نوێی ئەمریکا (CNAS)، سەرچاوە سەرەکییەکانی پەیداکردنی پارەی ڕێکخراوە توندئاژۆکان بریتییە لە: بە بارمتەگرتن، قاچاخی مادە هۆشبەرەکان، یارمەتی و بەخشینی پارە یان بەزۆر وەرگرتنی پارە لە خەڵک، سەرچاوە سروشتییەکان، دەستگرتن بەسەر بانکەکاندا و یارمەتیی دەوڵەتان. بارمتە: بەپێی ڕاپۆرتەکەی (CNAS)، لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2014، گرووپە توندڕەوەکان 165 ملیۆن دۆلاریان لەو ڕێگەیەوە دەستکەوتووە کە 120 ملیۆن دۆلاری بۆ قاعیدە و لقەکانی بووە. داعش تەنیا لە ساڵی 2014دا نزیکەی 45 ملیۆن دۆلاری لەو ڕێگەیەوە دەستکەوتووە. قاچاخی مادە هۆشبەرەکان: یەکێک لە سەرچاوە هەرە باوەکانی گرووپە تیرۆریستەکانە. لە ساڵی 2013دا هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا (FARC) زیاتر لە 60%ی قاچاخی مادە هۆشبەرەکانی ئەو وڵاتەی لەدەست بووە، لەو ڕێگەیەشەوە ساڵانە یەک ملیار دۆلاریان دەستکەوتووە. بزووتنەوەی تاڵیبانیش لە ساڵانی 2011 و 2012 نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاریان لەڕێگەی چاندن و قاچاخی مادە هۆشبەرەکانەوە دەستکەوتووە. دەوڵەتە پشتیوانەکان: هەندێک دەوڵەت یارمەتی دارایی ئەو گرووپانە دەدەن کە لە وڵاتانی دیکە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەکەن. ڕاپۆرتی ناوەندە ئەمریکییەکە ئاماژە بە ئێران دەکات کە هاریکارییەکی بەرفراوانی دارایی پێشکەش بە ژمارەیەک گرووپی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات. ڕاپۆرتەکە دەڵێت: ئێران جگە لەوەی ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی دەنێرێ، بڕێکی زۆریش چەک و تەقەمەنی و مەشقی سەربازی و پارە بۆ حەماس، جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین و بەرەی گەل بۆ ڕزگاریی فەڵەستین دەنێرێ، کە هەموویان لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان. یارمەتی خۆبەخشانەی تاکەکەسەکان: ئەم جۆرە یارمەتییە لەلایەن دەوڵەمەندەکانی لایەنگری گرووپەکان، ڕێکخراوە هاوڕێبازەکانەوە پێشکەش دەکرێن. دەستگرتن بەسەر ناوەندە داراییەکاندا: بەپێی مەزندەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، داعش لە ساڵی 2014دا لە کاتی گرتنی بانکەکان لە عێراق و سووریا، 500 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە. سەرچاوە سروشتییەکان و شوێنەوارەکان: بریتین لە نەوت، غازی سروشتی، ئەڵماس، کانزاکان و خەڵووز. ڕاپۆرتی ناوەندە ئەمریکییەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە نیوەی داهاتی داعش لە 2015دا لەڕێی دەرهێنانی نەوت لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لە سووریا و عێراق بووە. ڕێکخراوی ئەلشەباب زۆرینەی داهاتی خۆی لەڕێی بازرگانی بە خەڵووزەوە دەستدەکەوێ. وەرگرتنی پارە لە خەڵک: پارەکە لەژێر ناوی (زەکات) وەردەگیرێ. بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، داعش لە 2015 دا نزیکەی 350 ملیۆن دۆلاری لە خەڵکی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی وەرگرتووە. ئەو پارەیەش لە باجی سەر بازرگانەکان، پارەی خزمەتگوزاری و گومرکی سەر ئەو کاڵایانەی بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەودا دەگوازرانەوە، لە خەڵک و بازرگانەکان وەرگیراوە. گواستنەوەی پارەی تیرۆر: بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە (FATF)، دراوی دیجیتاڵی، کارتی بانکی، بانکە ئینتەرنێتییەکان ڕێگەیەکی باون کە ڕێکخراوە تێرۆریستەکان بۆ کاروباری دارایی خۆیان بەکاریدەهێنن. بۆ نموونە هێرشبەرانی 11ی سێپتەمبەر بۆ گواستنەوەی پارە بانکەکانی ئەمریکایان بەکارهێنابوو. پێش ئەو هێرشانە قاعیدە زیاتر پشتی بە میکانیزمی (حەواڵە) دەبەست. بەڵام دوای هێرشەکانی 2001، ئەمریکا زۆربەی تۆڕەکانی حەواڵەی پارەی قاعیدەی تێکدا، بۆیە قاعیدە ڕووی لە گواستنەوەی پارە لە ڕێی کەسانی جێی متمانە کرد. خەرجیی هێرشەکان ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان زۆربەی داهاتەکەیان بۆ خەرجیی هێرش و شەڕەکانیان بەکاردەهێنن، بەڵام خەرجیی هێرشەکان بەپێی قەبارە و بایەخیان دەگۆڕێن. بۆ نموونە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر نزیکەی 500 هەزار دۆلاری تێچوو، لەو بڕە پارەیە 270 هەزار دۆلاری لە ئەمریکا خەرجکرابوو، بەڵام هێرشەکەی 2015ی سان بێرناردینۆی ئەمریکا تەنیا 4500 دۆلاری بۆ چەک، کەلوپەلەکان، بۆمب و گواستنەوە تێچووبوو. هێرشەکانی 2015ی پاریس 10 هەزار دۆلاریان تێچووە. زیانی هێرشەکان زیانی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئابووریی وڵاتان زۆر زیاترە لەو پارەیەی ڕێکخراوەکان لە هێرشەکەدا خەرجی دەکەن. بۆ نموونە زیانی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر لە ئابووریی ئەمریکا 3.3 ترلیۆن دۆلار بووە. واتە بۆ هەر دۆلارێک کە قاعیدە لەو هێرشانە خەرجی کردوون، ئەمریکا حەوت ملیۆن دۆلار زیان بەر ئابوورییەکەی کەوتووە. هێرشەکانی پاریس 1.2 ملیار دۆلار زیانیان لە ئابووریی فەرەنسا داوە. واتە بۆ هەر دۆلارێک کە داعش لە هێرشەکەی پاریسی خەرجی کردووە، 210 هەزار دۆلار زیان بەر ئابووریی فەرەنسا کەوتووە. بەرەنگاربوونەوە بەپێی ڕاپۆرتەکەی (CNAS) ژمارەیەک ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی سەرچاوە داراییەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان وشک بکرێن یان ڕێگە لە گواستنەوەی پارەیان بگیرێت. لەوانە ڕێگەی دیپلۆماتیک، ڕێگەی دارایی و ڕێگەی سەربازی. ڕێگەی دیپلۆماتیک: بەجیهانیکردنی ئابووریی وڵاتان و سیستەمی بانکەکان وا دەخوازێ بۆ دۆزینەوە و بلۆککردنی پارەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان هاوکارییەکی نزیک لە نێوان وڵاتاندا هەبێت. وەکوو بەشێک لەو هەوڵانە، ئیدارەی پێشووی ئەمریکا دەستەی (CIFG)ی پێکهێنا کە لە نوێنەری 35 وڵات پێکدێ و کار بۆ دۆزینەوە و بلۆککردنی پارەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات. ڕاپۆرتەکەی (CNAS)دەڵێت حکومەتی ئەمریکا بۆ ڕێگەگرتن لە بازرگانیی نەوتی داعش هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکات، بۆ ئەوەی نەهێڵن داعش نەوت ئاویودی سنوورەکان بکات. ئەمریکا داوای لە وڵاتانی ئەوروپیش کردووە بەهیچ شێوەیەک پارەی ئازادکردنی بارمتەکان نەدەن. ڕێگە داراییەکان: بەشێک لەو میکانیزمە شەفافکردنەوەی زیاتری کارکردنی بانکەکان و حکومەتەکان لەخۆدەگرێ. بۆ ئەو مەبەستە دەستەی (FATF) کۆمەڵێک پێوەری داناوە کە گرنگترینیان ناسینەوەی موشتەری و بەکارهێنەرە. بەشێکی دیکە لەو هەنگاوە دەرکردنی بڕیار لە دژی سەرچاوە داراییەکانی ڕێکخراوەکانە، بۆ نموونە ئیدارەی جۆرج بوشی کوڕ لە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر فەرمانی ژمارە 13224ی دەرکرد و لە ساڵی 20101ەوە لەژێر ئەو فەرمانە 900 کەس ناویان خراوەتە لیستی ئەو کەسانەی داراییان لە بانکەکانی جیهاندا بلۆک بکرێ. لەو ژمارەیە زیاتر لە 360 کەسیان لەگەڵ قاعیدە، داعش و حیزبوڵڵای لوبنانن. ڕێگەی سەربازی: بەگوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاسایشی نوێی ئەمریکا، ئەم ڕێگەیە کاریگەرترین بووە بۆ لەناوبردنی سەرچاوە داراییەکانی داعش. لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوەدا 20 گەنجینەی پارەی داعش بۆردومان کراون کە سەتان ملیۆن دۆلاریان تێدا بووە. هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان پیشەسازیی نەوتی داعشیان کردووەتە ئامانج کە کێڵگەکان، پاڵاوگەکان و تانکەر لەخۆدەگرێ.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی نەوتی داعش بە ڕێژەی 30% کەمی کردووە.
لە مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو ئەمریکا 168 تانکەری نەوتی داعشی تێکشاند و بەو هۆیەوە داعش دوو ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوت.
سەرچاوەکانی داهاتی داعش لە 2015: داهاتی داعش: یەک ملیار دۆلار فرۆشتنی نەوت: 500 ملیۆن دۆلار پارەی خەڵک: 350 ملیۆن دۆلار ڕێگەکانی دیکە: 45 ملیۆن دۆلار
رووداو
24-06-2017