#کفری#، ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە شوێنەواری مێژوویی، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەشێک لەو شوێنەوارە مێژووییانە لەناوچوون، ئەوانەشی کە ماون لەبەردەم مەترسی داڕمان و لەناوچووندان.
کفری، کە بە #باوەشاسوار# ناسراوە، شارۆچکەیەکی سەر بە #ئیدارەی گەرمیان#ە و بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و مێژووە دێرینەکەی، خاوەنی چەندین شوێنەواری مێژوویی پڕبەهایە.
مێژووی دروستبونی ئەم شارە، بەپێی نوسراوە مێژووییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی #سۆمەرییەکان#، کە ئەوکات ناوی کیماش بووە و بەر لە سێ هەزار ساڵ پێش زاین، مرۆڤ لە دەوروبەری شارۆچکەی کفری-دا ژیاوە.
کفری لە سەردەمی ئاشورییەکان ناوی کیماش بووە، لە سەردەمی ڕۆمانییەکان و ساسانییەکان ناوی ڤرجی-یە بووە، ئەم شوێنەی ئێستایشی بەهۆی بوونی مەرقەدی باوە شاسوارەوە نزیکەی 800 ساڵ دەبێت، مرۆڤی تێدایە.
ئەو شوێنەوارانەی، کە تاکو ئێستا لە کفری ماونەتەوە، زۆرینەیان لە شێوەی دەست کردن، لە چاخ و سەردەمە جیاوازەکاندا دروست کراون.
ئاسکی کفری، گۆڕە ئەشکەوتییەکانی زەردەشتییەکان، قەرواڵان، قەیسەری کۆنی کفری، ئاسیاوەکان و سەرای کفری و چەندین شوێنەواری دیکە لە شارۆچکەی کفری هەن، کە سەلمێنەری دێرینی ئەو ناوچەیەن.
ئەو شوێنەوارانەی کەوا لە ئاسکی کفری هەیە، لە قەرواڵان هەیە، تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا، بۆیە ئاساییە لەم شارۆچکەدا شوێنەوارە مێژووی و کەلەپورییەکان زۆربێت، بەگوێرەی ساڵنامەی عوسمانی، 35 ئاسیاو (ئاشی ئاو) لە شارۆچکەی کفری و دوروبەری هەبوون.
شوێنەوارناسێکیش پێیوایە، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەو شوێنەوارە دێرینانەی کە لە شارۆچکەی کفریدا هەیە، وەک سامانێکی نەتەوەیی بپارێزرێن و بکرێنە سەرچاوەیەکیش بۆ توێژینەوە مێژووییەکان و ڕاکێشانی گەشتیار.
زۆری شوێنەوارەکان و گرنگی و دێرینییەکانیان، زۆر زیاتر ئاوڕ لێدانەوەی پێویستە، بەڵام تەنها چەند قولەیەک و ئاسیاوێکی کەم نۆژەن کراونەتەوە، بەڵام ئەو شوێنەوارانەی کە سەرەکین و زۆر گرنگن، وەک قەیسەری کفری، ئاوڕیان لی نەدراوەتەوە، کەم ئەم شوێنانە دەبنە سەرچاوەیەک بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران، وە بۆ ئەوەی شوێنەوارناسان و کەسانی ئەکادیمی بێن و توێژینەوەیان لەسەر بکەن.
کفری شارۆچکەیەکی دێرینی باشوری #کورد#ستانە و بەدووری 120کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری #کەرکووک#، لەم شارۆچکەیەدا نەتەوەی کورد و #تورکمان# و #عەرەب# تێیدا دەژین و زۆربەی دانیشتوانی کوردن.