بەپێی وتەی سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای #سلێمانی#، لە مەزری نێودەوڵەتی #پەروێزخان# لە #گەرمیان#، لەبەر خراپی کوالیتەکەی دەستبەسەر 50 تانکەر بەنزین گیراوە و نابێت ڕێگەی پێی بدرێ بێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.
سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی خراپی کوالێتییەوە، لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، ئەمڕۆ دەستبەسەر 50 تەنکەر بەنزیندا گیراوە، ئەگەر بێت و ڕێگەی پێی بدرێت بهێنرێتە نێو خاکی هەرێمەوە، ئەوا زیانی زۆر بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت.
غالب محەمەد سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، دەستبەسەر ئه و تانکەرانەدا گیراوە و ئەوەش بەهۆی خراپی کوالێتییەکەیانەوە.
غالب محەمەد وتیشی: هۆکاری خراپی ئه و بانزینە ئەوەیە مادەیەکی تێدایە ڕیَِژەکەی زۆر بەرزە و بە کەڵکی کوردستان نایەت، بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگە پێدراو نیە و بەکارهێنانی زۆر خراپە و ئەویش ناوی (PDR)، ئەم 50 تانکەرەی ئێستا ڕێژەی ئه و مادەیەی زۆر تێدایە و ئەگەر بێتە نێو خاکی هەرێمەوە ئەوە زیانی زۆر بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت.
هەروەها ناوبراو باسی لەوەشکرد: وەزارەتی سامانە سروستیەکان بێ ئەوەی بیر لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی بکاتەوە دەستی کردووە بە گۆڕینی ڕێنمایی بۆ ئەوەی ئه و بەنزینانە بهێنرێنە کوردستانەوە، وەک بڵێی ئەم وەزارەتە نوێنەری کۆمپانیا بێت نەک میلەت، گۆڕینی ڕێنمایی بۆ هاتنەژورەوەی بەنزینی کوالیتی خراپ لەلایەن وەزارەت، دەبێت وەزارەت ئەوەش بزانێت، کە یەک (فول پەمپ) یان یەک ئۆتۆمبێل بسوتێت ئەوان بەرپرسی یەکەمن لە بەردەم هاوڵاتیان.
غالب محەمەد وتیشی: دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان قسەم کردووە، کە نابێت ڕێگە بدرێت ئه و 50 تانکەر بانزینە بهێنرێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لەبەرامبەردا ئەوەی پێ ڕاگەیاندووم، کە ڕێگە نادات بە هیچ شێوەیەک ئه و ئه و تانکەرانە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.
27-06-2017