زۆربەی پەرستگەکانی کوردانی ئێزدیی ناو شارۆچکەی #باشیک# لە ساڵی 2014 و لە کاتی کۆنترۆڵکردنیدا لەلایەن #داعش#ەوە ڕووخێنران، بەڵام ئێستا دەست بە دروستکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پەرستگەکان کراوەتەوە. موهیب خدر، یەکێکە لەو کەسانەی ڕۆژانە چەندین کاژێر کار دەکات، بۆ ئەوەی زوو هەندێک لە پەرستگە تێکدراوەکان دروست بکرێنەوە، تاوەکو دووبارە ڕێوڕەسمە ئایینییەکان تێیاندا دەستپێبکەنەوە. موهیب، سەرپەرشتیکاری کرێکارەکانە و دەڵێ پێنج پەرستگا لە #بەحزانی# دروستکراونەتەوە و، 10 پەرستگەی دیکەش کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ دەکرێت. لە باشیکیش شەش پەرستگە نۆژەن دەکرێنەوە و کار لە سەر ئەوانی دیکەش دەکەین. ئەوانی کار لە دروستکردنەوەی پەرستگەکان دەکەن، خۆبەخشن و موهیبیش دەڵێ کێشەکە ئەوەیە پارە نییە، بودجە خەرج ناکرێت، نە لە لایەن حکومەتەوە و نە لە لایەن هیچ لایەنێکی دیکەوە. ئەمە کارێکی خۆبەخشانەیە و پارەکەی لە لایەن ئێزدییەکانەوە دابین دەکرێت.
داعش لە حوزەیرانی 2014 باشیکی کۆنترۆڵکرد و ئەو هێرشەش ژمارەیەکی زۆر کەسی ئاوارەی #هەرێمی کوردستان# کرد. لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا هێزەکانی پێشمەرگە باشیکیان کۆنترۆڵکردەوە و لەو کاتەوەش زیاتر لە 200 خانەوادەی کوردی ئێزدی گەڕاونەتەوە شارۆچکەکە. هەرچەندە هێشتا هەندێک کەموکورتی لە شارۆچکەکەدا هەن، بەڵام خەڵکی بەئومێدەوە لە داهاتوو دەڕوانن. ستیفان کەریم، خاوەن فرۆشگەیە لە باشیک و دەڵێ بازاڕ زۆر کزە. هیچ شتێک نییە، بەڵام قۆناخ بە قۆناخ ژیان دەگەڕێتەوە و جارێکی دیکە دەست بە ئیش و کار دەکەینەوە.
پێش هێرشەکانی داعش، باشیک و بەحزانی بەهۆی گەورەبوونیانەوە خەریکبوو تێکەڵ بن، کەچی بەحزانی لە ئەنجامی شەڕەکاندا وێران بوو و، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارۆچکەیە خراونەتە گەڕ و هەندێک کاریش کراوە، لەوانەش چاککردنەوەی هێڵەکانی کارەبا. خەڵکی بەحزانی چاوەڕێی شکستی یەکجاری داعشن لە عێراق، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانیان. وەعد ئیبراهیم، دانیشووی بەحزانی دەڵێ ئەگەر داعش لە #مووسڵ# دەرنەکرێت، ئەگەر مووسڵ و تەلەعفەر و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری شنگال بەتەواوی ئازاد نەکرێن. ئەوا نیگەرانی و ترس لە دڵماندا دەمێنێتەوە. ئێستا ئەم دوو شارۆچکەیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدان و ئەوانیش دڵنیایی دەدەنە خەڵک، کە ئارامییان دەپارێزن.
27-06-2017