هاونیشتمانانی خۆشەویست!
خوشک و برا موسوڵمانەکان!
بەبۆنەی هاتنی جێژنی پیرۆزی ڕەمەزان بە ناوی خۆم و سەرجەم خەباتکارانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە هەمووی ئێوە، بە تایبەت لە خوشک و برا موسوڵمانەکان لە کوردستان و ئێران و هەموو موسوڵمانانی جیهان دهکەم. هیوادارم ئەم جێژنە ببێ بە مایەی شادی و خۆشی و، هاندەری ڕووحی ئاشتی و تەبایی لە نێو هەموو پێکهاتەکانی وڵاتی ئێمەدا.
بەڕێزان!
موسڵمانان لە کاتێکدا پێشوازی لە جێژنی پیرۆزی ڕەمەزان دەکەن، کە بەداخەوە ناوچەکەی ئێمە کە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانی خەڵکی موسڵمانن، بە قۆناغێکی دژواردا تێپەر دەبێ. شەڕ و ماڵوێرانی و کوشت و کوشتار و ئاوارەیی و دەربەدەری بەرۆکی خەڵکی بەڵالێدراوی ناوچەکە بەرنادا و لەوەش خەراپتر، شەڕی فیرقەیی هەڕەشە لە پێوەندیی نێوان موسڵمانەکان دەکا.
ئەگەر کۆمەڵانی خەلکی موسڵمان بۆ خۆیان لە بیری چارەسەری ئه و دۆخەدا نەبن، دەوڵەتانی نابەرپرس بۆ ماوەیەکی نادیار دەتوانن لەو کێشانە بەقازانجی پتەوکردنی بناخەی دەسەڵاتی ناڕەوای خۆیان کەلک وەرگرن. لەو نێوەدا هەروەک پێشبینی دەکرا کۆماری ئیسلامیی ئێران تێڕۆری ڕۆژی 17ی جۆزەردانی ڕابردوو لە بەشی ئیداریی مەجلیس و نیزیک قەبری خومەینی، کردۆتە بیانوو بۆئەوەی فەزایەکی تەواو ئەمنییەتی بەسەر ئێران و بەتایبەت کوردستاندا بسەپێنێ. لەو ماوەیەدا خەڵکێکی زۆری سوننەمەزهەبی ڕاپێچی زیندانە ئاشکراو نهێنییەکان کردوون و بە نانەوهی دووبەرەکی لە نێوان موسوڵماناندا دەیەوێ جۆراوجۆرییە مەزهەبییەکان بخاتە خزمەتی سیاسەتە دژی گەلییەکانی خۆیەوە.
لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریشدا لەمێژە کۆماری ئیسلامی خەریکی ئاژاوەنانەوە و هەڵگیرساندن و خۆشکردنی شەڕی فیرقەیییە و لەم دواییانەدا هەوڵی داوە بوعدێکی دیکە بدا بە ڕووبەڕووبوونە ناوچەیییەکان و مەترسیی ئەوە هەیە کە ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتەکەمان تووشی شەڕێک بکا کە ئاکامەکەی بۆ هیچکەس پێشبینی ناکرێ.
هەر بۆیە پێویستە سەرجەم موسوڵمانان و بە تایبەتی ئەوانەی دڵیان بۆ ئازادی و حاوانەوەی خەڵک بە ئاسوودەیی لەگەڵ یەکتر لێدەدا، یارمەتیدەر بن بۆ گەڕانەوە و جێگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا. له و نێوەدا بە تایبەت پیاوانی ئایینی ئەرکی گەورەیان لە سەر شانە کە بە ئیرشاد و ڕێنوێنی ڕێگای بڕایەتی و ڕێز لێکگرتنی پێکهاتەکان و جۆراوجۆرییە ئاینییەکان بە هەمووان نیشان بدەن.
لە کوردستانیش جێژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ لە حاڵێکدا پێکەوە دەکەینەوە کە ڕێژیم کەشێکی پڕ لە نائارامیی بەسەر کوردستاندا زاڵ کردوە و، خەونی زۆر خەراپی بۆ گەلی کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەی دیتوە. کەوایە خەڵکی ئێمە دەبێ زۆر وشیاری نەخشە شوومەکانی کۆماری ئیسلامی بن و وێڕای پتەوکردنی ڕیزەکانیان ڕێگا نەدەن هەوڵی ڕێژم بۆ دووبەرەکینانەوە و لێکدڕدۆنگکردنی خەڵک بەئاکام بگا.
جارێکی دیکە جێژنی ڕەمەزانتان لێ پیرۆز بێ.
مستەفا مەولوودی
سکرتێری گشتیی #حیزبی دێموکراتی کورستان#
3ی پووشپەری 1396ی هەتاوی
24-06-2017