زۆر بەداخەوە بیستمان کە #شیفا گەردی#، ڕاگەیەندکاری لاو و بوێر و سەرکەوتووی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی پڕۆسەی ڕزگاریی موسڵدا بەهۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراوی داعش شەهید بوو.
هەواڵی شەهیدبوونی شیفا گەردی هەموومانی خەمبار و دڵبریندار کرد. ئەو لە کاتی گواستنەوەی هەواڵی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە دژی داگیرکەرانی کوردستان و، لە پێناو ئازادی، ئەمنیەت و ڕزگاریی نەتەوەکەیدا گیانی دانا.
ئێمە شەهیدبوونی شیفا گەردی بە خەمێکی گەورە و هاوبەش بۆ هەموو میدیای کوردیی دەزانین و پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان بەو بۆنەیە ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهید شیفا گەردی، تۆڕی میدیایی ڕووداو و خۆمان و هاورێ و هاوکارەکانی دەکەین. هاوکات هیوادارین یونس مستەفا، ڕاگەیەندکاری دیکەی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە لەو ڕووداوەدا بریندار بووە، بەزوویی ساغی و سڵامەتیی خۆی وەدەست بێنێتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی #حیزبی دێموکڕاتی کوردستان#
ئێوارەی شەممە، 25ی فێورییەی 2017ی زایینی
25-02-2017