دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانی عێراق نوسراوێکی ڕەسمی کردبوو بۆ #وەزارەتی کشتوکاڵ# و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بڕیاری داوە بەوەی ئەو ناوچانەی دەکەونە سنوری ماددەی 140ەوە لەمەودوا لە پارێزگاکانی خۆیان گەنمەکانیان لێوەردەگیرێت نەک لە سایلۆکانی سەر بە #هەرێمی کوردستان#.
ئەندازیار کامیران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی #خانەقین# سەر بەهەرێم، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریداوە ئەو ناوچانەی دەکەونە سنوری مادەی 140ەوە گەنمەکانیان لە پارێزگاکانی خۆیان لێوەربگیرێت نەک لە سایلۆکانی سەر بە هەرێمی کوردستان.
وتیشی لە هەوڵی بەردەوامداین لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بۆ ئەوەی گەنمی جوتیارانی ئەمساڵ نەفەوتێت، بەڵام تاکو ئێستا وەزارەتی بازرگانی عێراق وەڵامی داواکارییەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی نەداوەتەوە لەسەر ئەوەی کە بتوانن لە سایلۆکانی گەرمیان بەشە گەنمی جوتیاران وەرگرن وحکومەتی عێراق پارەکەی بۆیان سەرف بکات لە سەر پارێزگاکانی خۆیان.
ئاشکراشیکرد کە ئەو بڕیارە ناوچەکانی خانەقین، قۆرەتوو، مەیدان و کوکس دەگرێتەوە.
سامی ئیبراهیم، جوتیارێکی شاری خانەقینە خاوەنی 120 تەن گەنمە، باس لەوە دەکات، زۆر نیگەرانە لەوەی خانەقین کەوتوەتە بەر دوو بەرداشەوە کە نە سایلۆی گەرمیان گەنمەکەیان لێوەردەگرێت نە ئەشتوانن سەردانی باقوبە بکەن بۆ وەرگرتنی گەنمەکانیان لەبەر باری ئەمنی ڕیگاکە و ئەم دواکەوتنەش خەریکە گەنمی خانەقین ئەفەوتێت.
بەپێی ئامارەکان خانەقین نزیکەی 70 هەزار تەن لە ساڵێکدا گەنم بەرهەمدێنێت.
#01-07-2017#