گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 90%ی ئاوارەکانی باشووری نەینەوا و لای چەپی #مووسڵ# گەڕاونەتەوە ماڵەکانی خۆیان.
دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لای چەپی موسڵ لە دەستی #داعش# لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، حکومەتی عێراق کار لەسەر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەکات.
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت لەگەڵ داڕشتنی پلانی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، حکومەت پلانی بۆ قۆناخی دوای داعشیش داڕشتبوو.
حەدیسی ڕاشیگەیاند، پلانی حکومەت گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی حکومەتە لەو ناوچانە، لەگەڵ دروستکردنی سەقامگیری ئاسایش. دەشڵێت: لەو ڕووەوە پێشکەوتنی باش هەیە.
سەعد حەدیسی ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند مانگێکی کەمدا ژیان لە بەشی چەپی موسڵ گەڕاوەتەوە و گوتی: لەناوچە ئازادکراوەکانی بەری ڕاستی موسڵیش ژیان دەگەڕێتەوە و فەرمانگەکانی حکومەت دەستیان بە کارەکانیان کردووە، ئەمەش نیشانەی سەرکەوتوویی بەرنامەکەی حکومەتە.
ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەوا لە 17-10-2016 لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە ڕاگەیێندرا. ڕۆژی 24ی ئایاری 2017 حەیدەر عەبادی کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی لای چەپی موسڵی ڕاگەیاند. لە 19ی شوباتی ڕابردووشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی بەری ڕاستی موسڵی ڕاگەیاند (رۆژئاوای شارەکە) و ئێستاش شەڕ لە دوا پێگەی داعشە لە گەڕەکەکانی ناوچەی موسڵی کۆن لە لای ڕاستی شارەکە.
01-07-2017