ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی ناوەندی موچەی مانگانە بۆ ژن و کچە #ئێزدی#یە ڕزگاربووەکانی ژێر دەستی #داعش# دەبڕێتەوە کە بڕەکەی لەنێوان 110 تاکو 420 هەزار دیناردا دەبێت.
#ڕێزان شێخ دلێر#، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند تائێستا لیستی ناوی زیاتر لە دوو هەزار کچ و ژنی ئێزدی کە لەژێر دەستی چەکدارانی داعش ڕزگار کراون، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ڕادەستی بەغدا کراوە، ئەوانەشی کە دواتر ڕزگار دەکرێن ناوەکانیان بە لیستێک بۆ بەغدا دەنێردرێن.
لەبارەی دواین بڕیای حکومەتی ناوەندی بۆ پێدانی موچە بە کچ و ژنانی ئێزدی، ڕێزان شێخ دلێر وتی لەسەر پێشنیاری لیژنەی ژنانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاریداوە موچە بە ژنان و کچانی ئێزدی بدرێت.
وتیشی بڕی پارەکە تائێستا بەمشێوەیەیە کە موچەی مانگانە بە هەموویان بدرێت، بەڵام بڕەکانیان جیاوازه و لەنێوان 110 تاکو 420 هەزار دیناردایە.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی ڕزگارکردنی ژن و کچانی ئێزدی، زیاتر لە سێ هەزار کچ و ژن و منداڵی ئێزدی ڕزگارکراون و بە هەزارانی تریش تائێستا لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدا ماون.
رۆژی 3ی ئابی 2014، قەزای #شنگال# لەلایەن چەکدارانی داعش داگیرکرا و لە 13ی تشرینی دووەمی 2014 ئازاد کرا.
03-07-2017