بەنداوێکی تەواونەکراوی فرەمەبەستە لەسەر زێی گەورە، کەوتووەتە شارەدێی #خەلیفان# ی پارێزگای #هەولێر#، لە دووریی 60 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر.
مەبەستە سەرەکییەکانی بەنداوەکە بەرهەمهێنانی 1500 مێگاوات لە وزەی کارەبایە و بۆ ڕێکخستن و ڕێگری لە درووستبوونی لافاو. ئەگەر بەنداوەکە تەواوبووبا، بەرزییەکەی دەگەیشتە 230 مەتر (750 پێ) بەمەش دەبووە گەورەترین بەنداوی ئێراق. درووستکردنی لە ساڵی 1979 دەستی پێ کرد، و لە ماوەی شەڕی ئێران و ئێراق کارکردن لێی ڕاوەستێنرا. لە 1988 دووبارە دەستکرا بە درووستکرنی تا لە 1991 جارێکی تر وەستا بەهۆی شەڕی کەنداو، کە تا ئەو کات 35٪ کارەکانی تەواوبووبوون. لە دوای 2003 هەندێک هەوڵ هەبوون لەلایەن حکوومەتی ئێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بنیاتنانەوەی، بەڵام تا ئێستا فەرامۆشکراوە.
لە 2007 حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کە نیازی تەواوکردنی بەنداوی بێخمەیان هەیە، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا و گڵدانەوەی ئاو. بەهەرحاڵ لەگەڵ وشەکەساڵیی 2008ی ئێراق، حکوومەتی ئێراق گلەیی دەربڕی و درووستکردنی بەنداوی بە مەترسی کەمبوونەوەی ئاو زانی لە باشووری ئێراق. سەرەڕای ئەمە چەند شتێکی تر کرانە بیانوو بۆ ڕێگری لە درووستکردنی بەنداوەکە؛ لەوانە ڕاگوێزرانی نزیکەی 20٫000 کەس لە شوێنەکایان، و ئەگەری نزیکبوونەوەی ئاو لە #ئەشکەوتی شانەدەر#. لە 2008 بڕی 33 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەرجکرا لە ئامادەکاری بۆ بەردەوامیدان بە بنیاتنانی بەنداوەکە. بڕی خەرجیی کۆتاییی پێشبینیکراوی بەنداوەکەش 2.6 ملیار دۆلاری ئەمریکییە.
لەلایەکی تر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە کە دوای درووستبوونەوەی حکوومەتی ئێراق لە 2003 تا 2008 حکوومەتی ئێراق چەند جارێک شاندی ناردووە بۆ وتووێژ لەسەر پڕۆژەکە و دەستپێکردنەوەی بەڵام حکوومەتی هەرێم لەسەر دەستپێکردنەوەی ڕەزامەند نەبووە، لە ئێستاش هیچ پلانێکی نوێ بۆ بەنداوەکە نییە، و ئەگەری وازهێنان لەو پڕۆژەیە هەیە.[1]