ناسر عەلی و هیڤیدار ئەحمەد
ڕووداو – #هەولێر#، #دهۆک#
ماوەی دوو مانگە #وەزارەتی سامانە سروشتییەکان#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ڕاکێشانی بۆڕییەکی دیکەی نەوتە بۆ تورکیا و وا بڕیارە مانگی داهاتوو هەموو کارەکانی ڕاکێشانی ئەو بۆڕییە تەواو بێت. سەرکردەیەکی سوننە ئاشکرای دەکات کە ئەمریکا داوای لە کورد کردووە ئاستی هەناردەی نەوتەکەی بۆ سەرووی 1.5 ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە، چونکە لەگەڵ ئەوە نین دەوڵەتێکی برسی لە ناوچەکەدا لەدایک ببێ. ڕاکێشانی بۆڕییە نوێیەکە لە سنووری قەزای شێخان دەبێت، بڕیارە نەوتی کێڵگەکانی چەمانکێ، ئەتروش و شێخان لەڕێگای بۆڕییە نوێیەکەوە ببەسترێتەوە بە بۆڕیی نیشتیمانیی کوردستان و لەوێوە بۆ بەندەری جیهانی تورکیا ڕەوانە بکرێ. ئەمە دووەم بۆڕی نەوتییە لە کوردستان کە بۆ هەناردەکردنی نەوت ڕادەکێشرێت. قائیمقامی قەزای شێخان بە (رووداو)ی ڕاگەیاند دوو مانگ پێش ئێستا دەست بە ڕاکێشانی بۆڕییەکە کراوە و ئێستا نزیکەی 35%ی کارەکانی تەواو بووە. سەردار یەحیا، قائیمقامی قەزای شێخان، زانیاریی زیاتری لەبارەی ڕاکێشانی بۆرییەکە درکاند و گوتی بڕیارە لە مانگی داهاتوودا هەموو کارەکانی ڕاکێشانی بۆڕییەکە تەواو ببێ. هەرێمی کوردستان بۆ 95%ی خەرجییەکانی، پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێ، بۆیە وەربەهێنانی بەرچاوی لە کەرتی وزەدا کردووە، ئەوەش دووەمین بۆڕیی گواستنەوەی نەوتە ڕایدەکێشێ بۆ تورکیا. دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئاستی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی کوردستان بە (رووداو)ی گوت ئێستا ڕۆژانە دەوروبەری 600 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێ. پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆتایی هەموو مانگێک ڕاپۆرتی هەناردە و داهاتی نەوتی کوردستانی بڵاودەکردەوە، بەڵام دوای واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆت بۆ شەفافیەت کە کۆمپانییایەکی نێودەوڵەتییە، چەند مانگێکە وەزارەت ئەو ڕاپۆرتە بڵاوناکاتەوە. بۆڕییە نوێیەکە، درێژییەکەی 40 کیلۆمەترە تاوەکو بە بۆڕی نیشتیمانیی کوردستانەوە دەبەسترێتەوە. دوای تەواوبوونی بۆڕییەکەش، ئاستی هەناردەی نەوتی کوردستان ڕۆژانە 75 بۆ 80 هەزار بەرمیل زیاد دەکات. کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کە لە کێڵگەی ئەتروش وەبەرهێنان دەکات، لە پێگەی فەرمیی خۆیان ڕایانگەیاندووە، ئەوان ئەمساڵ ڕۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنن. کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی بەریتانیش ڕایگەیاندووە کە ڕۆژانە 35- 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنن. هەرێمی کوردستان پەلەیەتی ئەو ئاستە بەرزتر بکاتەوە بۆ سەرووی یەک ملیۆن بەرمیل، چونکە مەلەفی گشتپرسی مەلەفێکی گەرمە و ئەمریکا و ئەوروپا ترسیان لەوە هەیە هەرێمی کوردستان ببێ بە دەوڵەت و خۆی پێ بەخێونەکرێت. بەشێک لە سەرکردەکانی سوننە لە عێراق، پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە سویسرا چاویان بە هەندێ لە بەرپرسانی ئەمریکی کەوتووە، یەکێک لەوانە دەیڤد پەترایۆس، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بووە. یەکێک لەو سەرکردە سوننانەی بەشدار بووە لەو کۆبوونەوانە بە (رووداو)ی گوت لەبارەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان پرسیارمان لە پەترایۆس کرد کە ڕای ئەمریکا چییە؟. ئەو بەرپرسە عێراقییە کە داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، گوتی پەترایۆس بەئێمەی گوت، هەرێمی کوردستانمان لەوە ئاگادار کردووتەوە کە ئەمریکا لەگەڵ ئەوە نییە دەوڵەتێکی برسی لە ناوچەکەدا دروست ببێ، چونکە ئەم ناوچەیە هەم کێشەی زۆرە و هەم کە داهاتت نەبێ بۆ خۆبەڕێوەبردن سەرکەوتنی دەوڵەتەکە ئەستەمە. پەترایۆس کە دۆستێکی نزیکی کوردە، لە جەنگی ڕزگارکردنی عێراقدا لەساڵی 2003 فەرماندەی فیرقەی 101ی هێزەکانی ئەمریکا بوو کە کۆنترۆڵکردنی مووسڵی پێ سپێردرا، دواتریش بووە فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق. سەرکردە سوننییەکە سەبارەت بە گفتوگۆی خۆیان و دەیڤد پەترایۆس لەبارەی دەوڵەتی کوردستان هەروەها گوتی پەترایۆس بەئێمەی گوت، بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانمان گوتووە، دەبێ ئاستی هەناردەکردنی نەوتی خۆتان بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل زیاد بکەن تاوەکو بتوانن ئابووریی خۆتان دابمەزرێنن. لە 2014ەوە حکومەتی عێراق بە بڕیاری نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و تاوەکو ئێستا بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی بڕیوە. نەوت بە کرۆکی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دادەنرێت. حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (رووداو) لەوبارەوە گوتی ئێستا کێشەی یەکەممان کە دەبێ چارەسەری بکەین، کێشەی نەوتە، ئینجا کێشەی بودجە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بودجە، پێویستە بگەینە یاسایەک کە پێیدەگوترێت داهاتە داراییەکانی عێراق، کە چۆن بەسەر هەرێم و پارێزگاکاندا دابەش بکرێت. دەبێ گفتوگۆ لەسەر ئەوەش بکرێت. دەبێ لە کەشێکی ئارامدا چارەسەری بکەین.
03-04-2017