رووداو- #ناسر عەلی# - دهۆک
رۆژ بەڕۆژ سنووری قەڵەمڕەوی #داعش# لە عێراق و سووریا بەرتەسک دەبێتەوە و هێشتا چارەنووسی نزیکەی سێ هەزار کوردی ئێزدی دیار نییە کە لە ئابی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە #شنگال# ڕفێنراون. بەڵام ژمارەیەک لەو ڕفێنراوانە، بە تایبەتی منداڵەکان لەنێو ئەو ئاوارانەدا دۆزراونەتەوە کە لە #مووسڵ# هەڵاتوون.
خێزانی یەکێک لە منداڵە ڕزگاربووەکان دەڵێت سێ مانگە منداڵێکیان لە دەستی داعش ڕزگار کراوە، بەڵام هێشتا خۆی بە منداڵی ئەوان نازانێ و دەڵێت من تورکمانم.
لە کاتی پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال لە 03-08-2014، نزیکەی شەش هەزار کوردی ئێزدی ڕفێنران. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا 3500 کەسیان ڕزگارکراون، بەڵام چارەنووسی 2500 کەسیان نادیارە، لەکاتێکدا داعش لە عێراق تەنیا قەزای #تەلعەفەر# و حەویجەی بەدەستەوە ماوە، لە سووریاش ڕەققە و دێرەزوور.
بەپێی زانیاری چالاکڤانانی کوردی ئێزدی، زۆربەی منداڵەکان لەلایەن داعشەوە کار لەسەر بیرکردنەوەیان کراوە و بەشێکیشیان ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ کراون.
ئێستا گرووپێکی خۆبەخشی ئێزدی بەدوای ئەو منداڵانەدا دەگەڕێن کە داعش ڕفاندوونی، بە مەزەندەی ئەوان نزیکەی 1000 منداڵی ئێزدی لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون و بەشێکیان مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە. هەندێک لەو منداڵانە لەلایەن خەڵکی تەلعەفەر و مووسڵەوە بەخێوکراون.
#مەحموود پاشا#، چالاکڤانی کوردی ئێزدی کە سەرپەرشتی ئەو گرووپە خۆبەخشە دەکات، بە (رووداو)ی گوت بەشێک لەو منداڵانەی کە لەلایەن خێزانەکانی تەلعەفەر و مووسڵەوە بەخێو دەکرێن، ئەو کاتەی ڕفێنرابوون تەمەنیان لە نێوان 2 – 4 ساڵ بووە، ئێستا تەمەنیان بووەتە 5- 7 ساڵ، ئەوان بە جۆرێک پەروەردە کراون وا هەست دەکەن منداڵی ئەوانن. ئەو منداڵانە زۆرتر لەلایەن ئەو خێزانانەوە بەخێودەکرێن کە منداڵیان نابێ، یان منداڵی کوڕیان نییە.
مەحموود ژمارەی دروستی ئەو منداڵانە نازانێ کە لەلایەن خێزانە عەرەبەکانی مووسڵ و خێزانە تورکمانەکانی تەلعەفەرەوە بەخێودەکرێن، بەڵام دەڵێت دۆزینەوەی هەندێکیان ئاسانە چونکە لەگەڵ ئەو خێزانانەی لە ترسی شەڕ هەڵاتوون، ئاوارە بوون و ئێستا لە کەمپەکان دەژین.
تاوەکوو ئێستا نزیکەی 1500 منداڵی ڕفێنراوی کوردی ئێزدی بە ڕێگەی جۆراوجۆر لە چنگی داعش ڕزگارکراون، 15 لەو منداڵانە خێزانەکانی خۆیان نەناسیوەتەوە، تەنانەت زمانی دایکیان بیرچووەتەوە و بە عەرەبی یان تورکمانی قسەیان کردووە.
قاسم خدر، برای یەکێک لەو منداڵانەیە کە پێش سێ مانگ ڕزگار کراوە. قاسم بە (رووداو)ی گوت ئەو ماڵەی براکەمیان هەڵگرتبووەوە، تورکمانی تەلعەفەر بوون، براکەم کە داعش ڕفاندی تەمەنی پێنج ساڵان بوو. ئەو ماڵە خۆیان بەدوای ئێمەدا دەگەڕان بۆ ئەوەی منداڵەکەمان بدەنەوە.
دوای تێپەڕینی سێ مانگ، براکەی قاسم هێشتا لەگەڵ خێزانەکەی ڕانەهاتووەتەوە. قاسم دەڵێت سەرەتا کە ڕزگار کرا، یەک وشەی کوردیی نەدەزانی و هەر دەگریا و دەیگوت من تورکمانم، ئەوە سێ مانگە هێشتا بە تەواوی فێری کوردی نەبووەتەوە.
حوسێن کورو، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوەکان لە دهۆک نوێترین ئاماری ڕزگارکراوەکانی دایە (رووداو) و گوتی تەنیا هەفتەی ڕابردوو نزیکەی 20 کەس کە زۆربەیان منداڵ بوون، لە مووسڵ و ڕەققە ڕزگارکراون. تاوەکوو ئێستاش 3045 کەس ڕزگارکراون.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەوانەی تاوەکو ئێستا ڕزگار نەکراون و لە کاتێکدا خەریکە شەڕی داعش تەواو دەبێت، کورو گوتی هێشتا چارەنووسی زیاتر لە سێ هەزار کەس دیار نییە، دوای نەمانی داعشیش بەردەوام بەدوایاندا دەگەڕێین.
05-07-2017