ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ڕاپۆرتی نوێی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا بڵاوکریەوە و تیایدا هاتووە، کە پەکەکە بەهێزترین ڕێکخستنی بیانی ڕادیکاڵە لەناو ئەڵمانیادا.
ڕاپۆرتی ساڵی 2016 ی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەنووسی دا بۆ ڕایگشی ئاشکرا کرا.
پەکەکە هێزی خۆی پاراستووە
ڕاپۆرتی ئەمساڵ لە 330 لاپەڕە پێکهاتووە و 30 لاپەڕەی تەرخان کراوە بە کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەو بەشەی تایبەتە بەپەکەکە نوسراوە:پەکەکە بەهێزترین ڕێکخستنی بیانی ڕادیکاڵە لەناو ئەڵمانیادا.
هەروەها، ئاماژەیان بەوەشداوە کە پەکەکە هێزی خۆی پاراستووە و ژمارەی ئەندامانی لە ئەڵمانیا نزیکەی 14 هەزار کەسە.
لەڕاپۆرتەکەدا دەستنیشان کراوە، کە پەکەکە لەکاتی ڕووداوەکاندا بەزووترین کات ڕێکخستنە جەماوەرییەکانی کۆدەکاتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا بەکورتی ئاماژە بەدۆزی سیاسەتمەدارانی کورد کراوە و دەزگای هەواڵگری ئەڵمانی لەوبارەیەوە لەبەرامبەر پەکەکە وشەی ڕێکخستنی تیرۆریستی بەکارنەهێناوە، بەڵکو ئامانجی پەکەکەی لە ئەڵمانیا وەها شرۆڤە کردووە:پەکەکە جەماوەی خۆی بەپێی پێشکەوتە هەرێمییەکان جۆش دەدات، جەماوەرەکەی خۆی بەرامبەر پێشێلکارییەکانی حکومەتی تورکیا و تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی پەکەکە بەجۆش دەکات.
ڕاپۆرتەکەی گابرێل بەدرۆ دەخرێتەوە
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە سەرچاوەی داهات و ئابوورییەکانی پەکەکە کراوە وەها نوسراوە:پەکەکە لە هەموو ئەوروپا و ئەڵمانیش لەناویدا بەکەمپینی کۆمەک، مانگانەی ئەندام، فرۆشتنی بڵاوکراوەکانیان پارە کۆدەکەنەوە.
بەپێی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا، پەکەکە ئەو پارەیەی لە ئەوروپا کۆی دەکاتەوە بۆ بانگەشەی خۆیان بەکاری دەهێنن، ئەوەشی کە دەمێنێتەوە دەینێرێت بۆ تورکیا، سوریا و عێراق، لە ڕاپۆرتەکەدا نوسراوە کە ئەو پارانە بۆ تێکۆشان دژی داعش خەرج دەکرێت.
ئەو ڕاپۆرتەی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا لەهەمان کاتدا بانگەشەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان سیگمار گابریل سەبارەت بە پەکەکە بەدرۆ دەخاتەوە، چونکە مانگی ڕابردوو گابریل لە بەرلین و ئەنقەرە وتبووی:بەهۆی ئەوەی بازرگانی بەماددەی هۆشبەر و چەکەوە دەکات پەکەکە لای ئێمە ڕێکخستنێکی قەدەغەیە.
شایانی باسە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵی 1993 وە لە ئەڵمانیا وەک ڕێکخراوێکی قەدەغە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت.
05-07-2017