رووداو - دهۆک
#ناسر عەلی#
لەماوەی سێ ساڵدا نزیکەی 90 هەزار کوردی ئێزدی بۆ وڵاتانی دەرەوە کۆچیان کردووە، ئێستاش زیاتر لە 350 هەزار کوردی ئێزدی لە ئاوارەییدا دەژین.
بەپێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف، کە لە #02-07-2017# دەرچووە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 90 هەزار کوردی ئێزدی بۆ وڵاتانی دەرەوە کۆچیان کردووە.
بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کوردانی ئێزدی، لە 3-8-2014وە تاوەکو ئێستا ئەو کوردە ئێزدییانەی لە باشووری کوردستان و لە عێراقەوە کۆچیان کردووە، ژمارەیان دەگاتە 90 هەزار کەس، کە زۆرینەشیان ئەوانەن کە خەڵکی دەڤەری شنگالن.
لەکاتی هاتنی داعش بۆ سنووری شنگال، لەو سنوورە 400 هەزار کەس ئاوارە بوون و ڕوویان لە باشووری کوردستان کردبوو، ئێستاش 350 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەن.
دەستگیرکردنی ئەو کوردە ئێزدییانە لەلایەن داعش و ئەو مامەڵەیەی لەگەڵیان کرا، بە تایبەت لەگەڵ کچ و ژنەکانیان، یەکێک لەو هۆکارە سەرەکیانەیە کە کۆچکردنیان بەردەوام بێت.
کاتێک داعش هێرشیکردە سەر شنگال، کوردانی ئێزدی بەشێکیان ئاوارەی باشووری کوردستان بوون، بەشێکیشیان چوونە ڕۆژئاوای کوردستان و لەوێوە چوونە تورکیا و دواتریش وڵاتانی ئەوروپا. ئەوانەشی ڕزگاربووی دەستی داعش بوون لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لەگەڵ خانەوادەکانیان برانە وڵاتانی ئەوروپا لەو ڕێگەیەشەوە نزیکەی سێ هەزار کەس کۆچیان کردووە.
05-07-2017