رووداو
لەلایەن #مامەند ڕۆژە#
بەرایی
ماوەیەکە #ئێران# ئاوی #زێی بچووک#ی گرتووەتەوە. دەمودەست ئەم پرسە کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ داناوە و قەیرانی ئاوی خواردنەوەشی لێکەوتووەتەوە. لەم دۆخەدا کە هەرێمی کوردستان بەرەو گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەنگاودەنێ، گرتنەوەی ئاو ڕاستەوخۆ دەبێتە دۆزێکی سیاسی کە لەتوێی هایدرۆپۆلیتیکدا شیدەکرێتەوە.
پێگەی هایدرۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستان لەچاو ئێران و تورکیا لەرزۆکە، بەڵام پێگەکەی لەچاو عیراق بەهێزە. بۆیە پێدەچێ لە ئایندەیەکی نزیکدا لە هەرێمی کوردستان قەیرانی ئاوی شیرین سەرهەڵبدات، چونکە ئێران کۆمەڵێک بەنداوی لەسەر چەمی ئەڵوەند، سیروان و ئێستاش لەسەر زێی بچووک دروستکردووە و پێدەچێ لە ئایندەیەکی نزیکیشدا تورکیا کۆمەڵێک بەنداو لەسەر ئاڤاشین، باسیا، زێی گەورە، خابوور و هێزل دروستبکات. بەمجۆرە کوردستان بەر هەڕەشەی ئاو دەکەوێت.
یەکەم کەس کە لەسەر ئەم دۆزە هاتووەتە دەنگ بەڕێز #عەبدولستار مەجید# وەزیری کشتوکاڵە. ئەو باش لە ڕەهەندەکانی پشتەوەی ئەم دۆزە گەیشتووە، بۆیە کۆدەکانی شیکردووەتەوە. کاک عەبدولستار یەکێک لە وەزیرە سەرکەوتووەکانی ئەم کابینەیەیە کە خاوەن دید و پرۆژەیە. هەروەها هەڵگری دۆزی نەتەوەییە و کاتێک لە بەغدا کورسیی نزمیان بۆ دانا، هەڵوێستە بەناوبانگەکەی دەنگیدایەوە. ئەو جەخت لە کۆمەڵێک پرۆژە دەکاتەوە کە ڕەهەندی ستراتیژییان هەیە. سەبارەت بە گرتنەوەی ئاویش ئاماژەی بە هەڕەشەکانی هایدرۆسیاسەت کردووە.
لێرەوە هەڵوێستی کاک عەبدولستار دەکەینە بەرایی بۆ چوونە ناو ئەم بابەتە.
کوردستان: تەحەداکانی هایدرۆپۆلیتیک
نەتەوە یەکگرتووەکان و یۆنسکۆ سەدەی بیستویەکەمیان ناوناوە سەدەی هایدرۆپۆلیتیک. خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی کەمیی ئاوی شیرین، کەمیی ڕێژەی باران، بەکارهێنانی لەرادەبەدەری ئاوی شیرین و زۆربوونی ڕێژەی دانیشتووانەوە ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو بووەتەوە. هەندێک لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کەوا لە 20 ساڵی ئایندەدا گەلێک وڵات بەتایبەت وڵاتانی عەرەبیی حەوزی خەلیج لەگەڵ تەنگژەی ئاوی شیرین بەرەوڕوو دەبنەوە.
کوردستان وڵاتێکی تینوو نییە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر سەروەریی کوردستانی باکوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات دەست کورد بکەوێ، دەبێتە دەوڵەتێکی کارامەی هایدرۆپۆلیتیکی کە دەتوانێ دەست بنێتە بینەقاقای سووریا، عێراق و ئێران و تەنانەت ئەرمەنستانیش. بەڵام دۆخی هەرێمی کوردستان وا نییە و گرفتی هایدرۆپۆلیتیکی هەیە. 70%ی سەرچاوەکانی ئاوی شیرینی ئەم هەرێمە لە ئێران و تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمەش ڕێژەیەکی ترسناک پیشاندەدات.
هەرێمی کوردستان ناوەندی ڕاکێشانی کۆچە و دانیشتووانیشی هەڵدەکشێت. لەبەر ئەمە بووژانەوەی ئابووری پەیتا – پەیتا و بەرزبوونەوەی دانیشتووانی لەگەڵ وەرگرتنی کۆچی سەدان هەزاری لە ئاوارە، پەنابەر و کارخواز وای لێدەکا کە پێویستییەکی لەرادەبەدەری بە ئاوی شیرین هەبێت. ئاسایشی ئاو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی خۆراکیشەوە هەیە. بۆیە کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی، خزمەتگوزاری و ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان لەبەردەم هەڕەشەدایە.
ئێران: هایدرۆپۆلیتیک و جڵەوکردنی کوردستان
بەهۆی نەبوونی ڕژێمێکی حقووقی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، گرتنەوەی ئاو بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بێ هەماهەنگیی دوولایەنە، قۆستنەوەی سیاسەتی ئاوی وەکوو کارتی فشاری ستراتیژی، دەبێتە سەرچاوەی گرژی لەنێوان ئەم دوو وڵاتە و دۆخی ئاسایش بەر هەڕەشە دەکەوێت.
ئێران نەک لەژێر عەباوە، بەڵکوو لەسەر عەباوە بە ڕۆژی ڕۆشن و لە سەروبەندی پرۆسەی گشتپرسیدا، یەکێک لە گرنگترین کارتەکانی خۆی پیشانداوە.
لەدوای سەردانەکەی عەبادی بۆ تاران، ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە. ئەمەش دەسپێکی گەمەیەکی ترسناکە کە زاناکان بە گەمەی هایدرۆپۆلیتیکی ناوی دەبەن.
ئێران ئێستا دەتوانێ لەڕێی بەنداوەکانییەوە و لەڕێی پرۆژەکانی گۆڕینی ڕێڕەوەکانی ئاوەوە، ئاوی ئەڵوەند، سیروان و زێی بچووک و تەنانەت چەندین چەمی بچووکی دیکەش بگرێتەوە. ئێران ئێستا دەستی لە بینەقاقای هەرێمی کوردستاندایە و کارتێکی یەکجار ترسناکی قۆستووەتەوە. بۆیە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەردوولا دەستپێدەکا کە ئەمە لەگەڵ قۆناغێکی هەستناکدا هاوکاتە: پرۆسەی گشتپرسی.
ئەنجام: هەڕەشەکە بە هەند وەربگرن!
ئێستا بە ڕۆشنی دەرکەوتووە کە پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەروا بێ گرفت و بەئاسانی بەرەو پێشەوە ناڕوات، دەرکەوت کەوا گەلێک بۆسە و گەلێک بۆمبی نەتەقیوی لەبەردەمدایە. یەکێکیشیان پرسی هایدرۆپۆلیتیکە.
ئێستا با بێین و ئەم گریمانەیە دابنێین کەوا ئێران بەبیانووی جۆربەجۆرەوە ئاوەکانی ئەڵوەند، سیروان و زێ دەگرێتەوە. واتە لەپاڵ ئامرازەکانی هەڕەشەی وەکوو حەشدی شەعبی، بودجە، ڕاگرتنی فڕینی ئاسمانی و تۆپباران و تەنانەت مووشەکبارانی کوردستان، کارتی هایدرۆپۆلیتیکیش بەباشی دەقۆزێتەوە. لێرەدا پرسیارەکە ئەمەیە: گەلۆ کوردستان چی لێدێت؟
ئەگەر ئێران ئەم کارە بکا، ئەوە ئاسایشی ئاو، ئاسایشی خۆراک و لەگەڵ ئەمەش ئاسایشی گشتیی هاووڵاتیان بەر هەڕەشە دەکەوێت. تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە کەمیی ئاو ببێتە سەرچاوەی هەڕەشەی ناوخۆیی، گرژیی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی هاووڵاتیان. بۆیە وەک بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ کردووە، دەبێ هەڕەشەی هایدرۆپۆلیتیک بەهەند وەربگیرێت.
06-07-2017