کچێکی ئێزدی شنگالیە داعش وەکو سەبیە بە بری 1500 دۆلار فرۆشتویانە.
سەعید ئیسماعیل عەلی، خۆی و هاوژینەکەی و 10 منداڵەکەی (حەوت کچ و سێ کوڕ) لە کاتی پەلامارەکەی داعشدا بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014، لە گوندی تەلقەسەب دەکەونە دەست چەکدارانی داعش. پاش ئەوەی منداڵەکان لە دایک و باوکیان جیادەکرێنەوە، کەسیان سۆراخی ئەوانی دیکە نازانێت و ئاگاداری دۆخی یەکدی نامێنن. لە کاتی هێرشی سوپای عێراقدا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو چەند ناوچە کەمەی لەبن دەستی داعشدا ماوە لە بەری لای ڕاستی مووسڵ، چەندین بەڵگەنامە کەوتنە دەست سوپای عێراق، یەکێکیان بەڵگەنامەی فرۆشتنی کچێکی سەعید بوو بەناوی نەجمە. بەپێی بەڵگەنامەکە، نەجمە بە 1500 دۆلار بە چەکدارێکی داعش بەناوی ئەبوو زوبێر فرۆشراوە.
رۆژی سێشەممە، 16-08-2016، ئەبوو زوبێر کە چەکدارێکی داعشە و کڕیاری نەجمەیە (کچەکە لەوێ وەکو سەبیە ناوی هاتووە)، گرێبەستی لەگەڵ ئەبوو مونعیم وەک فرۆشیاری نەجمە کردووە. پەنجەمۆری هەردووکیشیان لەسەر بەڵگەنامەکە هەیە. بەڵگەنامەکە مۆری سەرۆکی دادگای شەرعیی داعشی پێوەیە، جگە لە ناوی نەجمە و تەمەنی، بە ڕوونی وەسفی شێوە و ڕوخساری نەجمەی بەمشێوەیە کردووە: نەجمە سەعید ئیسماعیل، تەمەن 20 ساڵ، باڵا 130 سانتیمەتر و ڕەنگی چاوی هەنگوینییە و باڵایەکی باریکی هەیە. لە بەشی خوارەوەی بەڵگەنامەکەدا و لە تەنیشت ناو و پەنجەمۆری فرۆشیارەکەدا نووسراوە، خاوەنداری شەرعی، واتە ئەبوو مونعیم بە شەرعی خاوەنی ئەو ژنەیە کە دەفرۆشرێتە ئەبوو زوبێر و لەمەودوا ئەبوو زوبێر دەبێتە خاوەنی شەرعیی ژنەکە. تێبینی دادوەرەکەی داعشیش لە خوارەوەدا هاتووە ''هەردوو برا ئەبوو مونعیم و ئەبوو زوبێر لەبەردەمم ئامادەبوون و ڕێککەوتن. ئەبوو مونعیم، نەجمە سەعید (موڵکی خۆی) تەنیا بە 1500 دۆلاری ئەمەریکی بە ئەبوو زوبێر فرۆشت و دەبێتە خاوەنی شەرعی و ئەبوو زوبێر تەواوی پارەکەی داوە، لەبەرامبەریشدا ئەبوو مونعیم، نەجمە سەعید ڕادەستی ئەبوو زوبێر دەکات''. لە بەڵگەنامەکەدا دوو کەس وەک شایەدحاڵ تۆمارکراون کە ناویان ئەبوو تیبە و ئەبوو عیزەددینە. لە ئابی 2014 دا داعش پەلاماری شنگال و دەوروبەری دا، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لەو هێرشەدا 6800 کەس ڕفێنراون کە 4300 کەسیان تاوەکو ئێستا ئازاد کراون، بەڵام 2500 کەسیان هێشتا شوێنبزرن. داعش زۆربەی ئەو پیاوانەی ڕفاندبوونی، گوللەباران کردوون. وەکو دەستکەوتی جەنگیش مامەڵەی لەگەڵ کچ و ئافرەتەکاندا کردووە و لە نێوان خۆیاندا بەناوی سەبایا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کردوون. تەلەفۆنی بۆ کەسوکارەکەی کردووە سەعید عیسا ئیسماعیل، ئامۆزای نەجمە بە (رووداو)ی ڕاگەیاند ''نەجمە سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە ناوچەی شەهوان لە مووسڵی کۆنەوە تەلەفۆنی کرد و گوتی ئەو کەسەی منی کڕیوەتەوە کوژراوە، ئەگەر بۆردوومان و تۆپباران نەمکوژێت ئەوە ڕزگارم دەبێت. نەجمە لە تەلەفۆنەکەیدا باسی ژیانی خۆی بۆ ئامۆزاکەی کردووە و گوتوویەتی 10 جار کڕین و فرۆشتنی پێکراوە، هیچ شتێکیش لە بارەی چارەنووسی خوشک و براکانی و باوک و دایکی نازانێت. وەک لە تەلەفۆنەکەدا بۆ ئامۆزاکەی باسیکردووە، ئێستا لەگەڵ خێزانی چەکدارە کوژراوەکەی داعشە، تاوەکوو ئێستاش سێ جار هەوڵی هەڵاتنی داوە، بەڵام هەرسێ جارەکە دەستگیرکراوەتەوە. خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی ڕاگەیاند ''ئەو خێزانە 13 کەس بوون، هەموویان ڕفێنراون و بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ لە منداڵەکانی سەعید ئیسماعیل ڕزگار کراون، ئەوانیش بریتین لە دوو کچ بەنێوەکانی غالیە تەمەن 7 ساڵ و مەروە 6 ساڵ، لەگەڵ کوڕێکی 4 ساڵان بەنێوی هەیسەم، بەڵام چارەنووسی ئەوانی دیکە نازانرێ. (رووداو) پێشتر بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە داعش لە پێشبڕکێی قورئان لەبەرکردن کچانی (سەبیەکراو)ی دەستکەوتی جەنگی بەسەر براوەکاندا لە فەللوجە دابەش کردووە. لە گرتەی ڤیدیۆییشدا چەکدارانی داعش دەرکەوتوون کە باس لە کڕین و فرۆشتن بە کچە ئێزدییەکانەوە دەکەن. وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقیش ڕایگەیاندبوو کە داعش بە سەدان کچی لە بازاڕەکانی فەللوجە فرۆشتووە و بازاڕێکی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە ئاوا کردبوو. خێزانە شوێنبزرەکەی نەجمە:
سەعید ئیسماعیل، 63 ساڵ، باوکی نەجمە.
دایکی نەجمە، 65 ساڵ.
ڤیان سەعید، 17 ساڵ، خوشکی نەجمە
نوری سەعید،27 ساڵ، برای نەجمە
نەجمە سەعید، تەمەن 22 ساڵ
نەجوە سەعید، تەمەن 21 ساڵ، خوشکی نەجمە
نەجلە سەعید، 24 ساڵ، خوشکی نەجمە
عالیە سەعید، 25 ساڵ، خوشکی نەجمە
عەمشە سەعید، 12 ساڵ، خوشکی نەجمە